بەپەلە

د. بەرهەم و هاوپەیمانیی و سەرۆکایەتی کۆمار!

موئمین یاسین زەڵمی - 7-07-2019 - 5085 جار خوێندراوەتەوە

چەند ڕۆژی رابردوو م. جەعفەر یەکێک لە کاندیدەکانی لیستی یەکێتی بۆ هەڵبژادنی ۱۲ی ئایاری ۲۰۱٨، کە ناوی لە ریزی ئەو کاندیدانەشدا هەبوو هاواری دزرانی دەنگەکانیان لێ هەستا، وتارێکی نوسیوە و ژمارەیەک راستی تێکەڵ کردووە، وەک نزیکێک لە رووداوەکان دەمەوێ بنوسم، چونکە چەوتییەکان بەر لەوەی ببنە لاپەڕەی مێژوو دەبێ راست بکرێنەوە.

مانگی یەکی ساڵی ڕابردوو، خۆم و ژمارەیەک لە هاودیدان بووینە لیژنەیەکی چەند کەسی و چووینە سەر ستەیجی هۆڵی هایکرێست و بە بەشداری ٨٥۰ کەس و بە سەرۆکایەتی د. بەرهەم ساڵح هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەریمان ڕاگەیاند، ئەمە یەکێک بوو لە بەربڵاوترین هەواڵەکانی رۆژ لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا، بەشداری هەڵبژاردنی ۱۲ی ئایارمان کرد و دەنگەکانیان تاڵان کردین و هەڵبژاردنیان لێ کردینە سکانداڵ و هیوادارییان بە هەر چوار پەلەوە خنکاند. هاوپەیمانی بەو ناو و ریتمەوە درێژەی کێشا تا ئەوکاتەی د. بەرهەم ساڵح بوویە سەرۆکی کۆمار عێراق.

سەرەتا دەبێ ئەوە بڵێم چوونەوەی د. بەرهەم بۆناو یەکێتی یەکێک بوو لە ناخۆشترین هەواڵەکان، تاڵییەکەی تا قووڵای دڵ و گیانمان رۆشت، تا نەفەسی چاڵە قووڵەکانی دۆستایەتی و ورەبەرزی و هیوادارییمان قومی کێشا، بەڵام ئێمە زۆر باش لە راستییەکان دەگەشتین و ئەوەشی لە هاوپەیمانییەوە فێربووین رێزگرتن بوو لە ڕای جیاواز و کۆتاییهێنان بوو بە تەخوین وتەشهیر، بۆیەش نە د. بەرهەممان رەخنەباران کرد و نە ڕێگەمان بەخۆماندا نەریتە سەقەتەکان دووبارە بکەینەوە.

م. جەعفەر و هەموو خەڵکی کوردستان و عێراقیش چاک دەزانن، پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ۱۲ی ئایاری ۲۰۱٨  کۆمیدیترین هەڵبژاردنی مێژووی عێراق بوو، پڕبوو لە نوکتە و مەهزەلەی پێکەنیناوی، و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقی خستە ژێر پرسیارەوە، چونکە گەوجانەترین پڕۆسەبوو کە پڕبوو لە هەڵە و کەموکوڕی و ساختەکاری، و لە مێژووی عێراقدا و لە سەردەمی دیکتاتۆرەکانیشدا هەڵبژاردنی لەو شێوەیە بەڕێوەنەچووبوو کە پڕ بێت لە مەهزەلە و تاڵانچییەتی و بە ئاشکرا دەنگی هاوڵاتیان بدزرێت و بخرێتە بەرژەوەندی خەڵکیترەوە. ئەمە دەقیقەن ئەو وێنەیە بوو لەو رۆژەدا بینیمان، ئیتر وێنەی فەزاحەت هەرگیز فەرحانەیی بۆ هیچ کەس تیا دەستنەکەوت نە بۆ د. بەرهەم و نە بۆ ئێمەی هاودیدی هاوپەیمانی.

وردەکاری رووداوەکانی پاش هەڵبژادنەکە و لۆبی و کامپەینەکانی بایکۆتی هەڵبژاردنی پەلەمانی کوردستان لە ئەیلولی هەمان ساڵدا و دواتریش داخستنی کەناڵی خەندان و دواجار گەڕانەوەی د. بەرهەم بۆ ناو یەکێتی و دەیان قۆرتی جۆراوجۆی ڕێگامان و بەردەوامی هاوپەیمانیی نیشتمانی زنجیرەی ئەو رووداوانەن کە تۆمارم کردوون و لە وەختی خۆیدا وەک خۆیان بڵاویان دەکەمەوە. 

چەند شەوێک پێش ئەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار بەڕێوەبچێت، لە حەوشەکەی ماڵی خۆیاندا لە سلێمانی پێکەوە دانیشتین، د. بەرهەم دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشی ئەنجومەنی دامەزرێنەران و بەڕێوەبردن کردبوو، پەسەند کرابوو و پرێس کۆنفرانسی بەردەوامی هاوپەیمانیش بەڕێوەچووبوو، یانی د. بەرهەم وەک جێگری سکرتێری یەکێتی ئەو شەوە میوە هاوینییەکانی ماڵەکەی لەگەڵ بەش کردین، ئەمە نە نهێنی گەورەی لە پشتەوە بوو نە رقئەستووری، هەربۆیەش بە لای ئێمەی هاودیدانی ئەوسا و ئێستای پرۆژەی هاوپەیمانییەوە د. بەرهەم مافی خۆی مومارەسە کردبوو، بنەماکانی مرۆڤ سەنتەریش کە ئێمە لە زۆرینەی بەشەکانی دیدگای نیشتیمانی و خیتابەکانماندا تۆخمان کردبوونەوە هاندەری بەردەواممان بوون لەوەی د. بەرهەم و هەموو ئەو کەسانەش پێش ودوای رۆشتنی ئەو بە خۆیان و بڕیارەکانیانەوە لە سەنتەری رێزی مامەڵە و خیتابە مرۆیی و سیاسییەکاندا ببینین. 

بە ڕاستی پێم سەیرە  م. جەعفەر ئاوا شتەکانی تێکەڵ کردووە و بیری چووەتەوە خۆی یەکێک بوو لە غەدرلێکراوەکانی هەڵبژاردنی ۱۲ی ئایار، منیش و مامۆستا جەعفەریش کە هەردووکمان لەو هەڵبژاردنەدا کاندیدی ژمارە ٤ی لیستەکانمان بووین، باش دەزانین چۆن دەنگەکانمان دزران، ئاخر دزی و ساختەچییەتی و تاڵانیی دەنگێکی پاک تاڵترین یادەوەری ژیانی کاندیدە، ئیتر چۆن لە پێناو شتی تردا بتوانین شیرینی لە تامی هەڵوێستیتردا بکەین.

د. بەرهەم و ئێمەی هاودیدانی هاوپەیمانی زۆر بە راستمان بوو، زۆر بیرمان کردبوویەوە، زۆرمان نوسیبوو، زۆرمان وتبوو، یانی ئارەقەمان ڕشت، خوێنمان کردە ئاو، لە خودی سەرۆکەوە تا دامەزرێنەرانی هاوپەیمانیی، تا ئەنجومەنەکان و تا شەونخونییەکانی دامەزراوەی هەڵبژاردن و ستافەکەی، تا تاک بە تاکی هاودیدانی دەڤەر و بازنەکان، تا کاندیداکان و ستاف و کامپەینەکانیان، بەڵام نا ئومێدی باڵی بەسەر هەرێمی کوردستاندا کێشا و هیوای کوشت کە ئێمە کردبوومانە ماکینەی گەرموگوڕی جەماوەر بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا، دواتریش ئەنجامەکەی بینرا، کە تەنها لە ماوەی چوار مانگدا رێژەی بەشداری هاوڵاتیان لە هەڵبژاردنێکەوە بۆ هەڵبژادنێکتیر لە سەدا هەفتاوە دابەزی بۆ سەدا بیستی ئەسڵی و سەدا پەنجای تەزویر. 

هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری جوانترین هێزێک بوو، هەمووانی لەسەر بنەمای یەک بەرژەوەندی کۆکردوە، ئەویش مرۆڤسەنتەری بوو، پەیامێک بوو کە هیچ تاک و خێزانێک رەتی نەدەکردەوە، دیندار و بێ دین، ئیسلامی و عەلمانی، مەسیحی و یەزیدی و موسوڵمان، بێکار و فەرمانبەر، مامۆستای ئایینی و دکتۆر، ئەندازیار و مامۆستا، ژن و پیاو و گەنج و پیر، تەنانەت تا ئێستا یەک کەس نەبووە بڵێ دیدگا و پرۆژە و پەیامی هاوپەیمانی ناپەسەند و قبوڵنەکراوە، بۆیەش هاوپەیمانی جیاواز بوو، بە جیاوازی مایەوە و ئێستاش تێزەکانی لە دەماری هەموو هاودیداندا بوونەتە تاف و قەڵبەزەیانە، چ ئەوانەی گەڕانەوە ناو یەکێتی و چ ئەوانەی پشووی سیاسییان هەڵبژارد و چ ئەوانەشی بوونە درێژەپێدەری هاوپەیمانیی.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP