هەواڵی ئەمڕۆ

بەپەلە

ئەمریکا لە نێوان ئەزمونی ڤێتنام و کوریای باکور

کاروان جەلال بەگ - 30-06-2019 - 2086 جار خوێندراوەتەوە

لە سەرەتای بەهاری ساڵی ۱۹٦٥ لە ئان و ساتێکدا جەنگی ساردی نێوان ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەت لە لوتکەدا بوو، خەریك بوو ڤێتنامی خواروو بکەوێتە دەست کۆمەنیستەکان، بێگومان ئەمە ئەمریکا توشی دڵراوکێ و ترسێکی زۆر کرد لەبەرئەوەی یاریەکە لەبەرژەوەندی بڵۆکی کۆمەنیستی و یەکێتی سۆڤیەت تەواو دەبوو، بۆیە ئەمریکا بڕیاری دا بەشداری لە جەنگەکەدا بکات، سەرەتا بیست و سێ هەزار سەربازی ڕەوانەی ڤێتنام کرد، بەلام دواجار ئەمریکا خزایە نێو شەڕەکە و ناچار بوو ژمارەی سەربازەکانی زێدە بکات، بەجۆرێك لەکۆتایدا ژمارەی سەربازەکانی ئەمریکا لە ڤێتنام گەیشتە نیو ملیۆن!
گەریلاکانی ڤێتنام بەیەکێک لە هەرە بە دیسپلینترین هێزی گریلای جیهان هەژماردەکران و باکیان لە مردن نەبوو. 
 پرۆفیسیۆری مێژووی سەربازی گونار ئۆسەلیوس دەڵێت:" ژەنراڵ گیاپ نووسیویەتی، ترس لە دووژمن و ترس لە مردن، ئاراستەی مەترسیداری راستڕەوەکانە". بەڵام لە ڤێتنامی خواروو ئەو دیسپلینە نەبوو، کەچی زیانەکان زۆر زۆر بوون، کوژرانی 200 هەزار سەرباز ئەمریکییەکانیش 58 هەزار و 132 سەربازیان لێ کوژرا، کە بۆ وڵاتێکی وەکو ئەمریکا، ژمارەیەکی یەکجار زۆر بوو. 

دەنگی ناڕەزایەتی دژی شەڕی ڤێتنام تا دەهات لە جیهان و لە ئەمریکا خۆیشی بەرزدەبووەوە، 
لە ساڵی 1968 تێگەیشتن کە زۆر زەحمەتە بتوانن ڤێتنامی سەروو بە چۆکدا بهێنن، بۆیە لەساڵی 1973 ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی هێزەکانیدا و ڤێتنامی خوارووی بە چارەنووسێکی نادیار سپارد، زۆری نەخایاند لە مارسی 1975 دا، ڤێتنامی خوارو ئاڵای تەسلیمبوونی بەرزکردەوە و لە ٣٠ نیسانی هەمان ساڵدا بەتەواوەتی خۆیدا بە دەستەوە. 
ڕاستە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە جەنگی ڤێتنام دۆڕان، بەڵام کاردانەوەی شەڕەکە بەمە نەوەستا و شەپۆڵێکی سۆسیالیستی و چەپگەرایی بەدوای خۆیدا هێنا ، کە لە کۆتایی شەستەکان و سەرەتای حەفتاکانی سەدەی رابردوودا،  باڵی بەسەر زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپادا کێشاو دەرگای رادیکالیزمی زیاتر ئاواڵا بوو. 

زۆر کەس لە ئەوروپا شەڕی ڤێتنامیان وەکو شەڕی گەورە هێزی ئەمریکا و نەتەوەیەکی جوتیاریی قارەمان و ئازا سەیر دەکرد.

ئێستا نزیکەی پەنجاو پێنج ساڵ بەسەر شەڕی ڤێتنام تێدەپەڕێت هۆکاری شەڕەکە بەیەکجاری ئاسەوەری نەماوە لەبەرئەوەی ڤێتانم لە ساڵی 1986، پلانی ئابووری سۆسیالیستیان گۆڕی و بازاڕی ئازادایان کردەوە، بۆیە دەکرێ بێژین "راستە لە شەڕەکەدا کۆمۆنیستەکان سەرکەوتن، بەڵام دواجار کاپیتالیزم تەپڵی سەرکەوتنی لێدا".

دوای چوونی بۆ کۆشکی سپی یەکێك لە پلان و کارنامە هەره گرنگەکانی ترەمپ ڕێکەوتن بوو لەگەل کۆریای باکوور، لەبەرئەوەی ترەمپ تێگەیشتووە لەوەی ئەمریکا ناتوانێ شەڕی هەموو دونیا لەیەك کاتدا بکات بۆیە هەوڵ دەدات جەنگی سەربازی لەڕێگەی ئابووری و دیبڵۆماسی بکات و دۆستە نەیارەکانیشی لەیەکتر دوور بخاتەوە ئەو کات ئاسانتر دەتوانێ گەورەی و زلهێزی خۆی بەسەر تەواوی زەمین بهێلێتەوە.
تاکو ئێستا ئیدارەی ترەمپ لە پلانەکانیان سەرکەوتووبونە بۆیە چاوەڕێ دەکرێت هاوشێوەی ڤێتنام ، کۆریای باکوور لە دووژمنێکی سەر سەخت و یاخی و مەترسیدار بگۆڕێت بۆ دۆستێکی نزیك!
پێم وایە کیم جۆنگ ئون کەسێکی ژیرە و هاوشێوەی ڤێتنام سیستمی سۆسیالیستی وەڵا بنێت و کاپیتالیزم شوێنی بگرێتەوە.
بەم هەنگاوەش ئەمریکا لە یەکێك لە دووژمنە مەترسیدارەکانی رزگار دەبێت و دۆستەکانیشی لە ناوچەکە متمانەی زێتریان لا دروست دەبێت.

ڤێتنام ئەو خاکەی شەڕێکی وای لەسەر کراوە هەرگیز لەبیرناکرێت، کەچی لە ۲۷_۲_۲۰۱۹ هانۆی پایتەختی ڤێتام بووە وێستگەی دەستکوشینی نێوان دوو ڕکابەری لەمێژینە ئەمریکا و کۆریای باکوور، لەوانەیە پیۆنگ یانگ و واشنتۆنیش ببن بە دوو پایتەختی پێکەوە بەستراو !

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP