بەپەلە

حزبى چاك و حزبى خراپ

فارس نەوڕۆڵی - 30-06-2019 - 2658 جار خوێندراوەتەوە

لێره‌دا مه‌به‌ستم نیه‌ بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ مێژووى دروست بوونى حزب ، یاخود پێناسه‌ى حزب ته‌نها مه‌به‌ستمه‌ قسه‌ له‌سه‌ر ڕۆڵى حزب و ئه‌ركى حزب بكه‌م و چۆنیه‌تى كاركردنى حزب له‌ ئێستاى كوردستان ، ئێستا له‌ كوردستان له‌ پرۆسه‌یه‌كى ڕاگوزه‌رى دیموكراتى دایه‌ ، فه‌زاى سیاسى له‌ كوردستان فره‌ حزبیه‌ ، هه‌رچه‌نده‌ هه‌ندێك جار فره‌ حزبى ده‌بێته‌ هۆى فه‌وزا بۆ فه‌زاى سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تى و ئابوورى.

ئه‌وه‌ى گرنگه‌ له‌م نێوه‌نده‌دا كۆمه‌ڵگایه‌ و به‌ تایبه‌تى وه‌چه‌ى نوێ واته‌ گه‌نجان ، چۆن حزبه‌كان بخوێنینه‌وه‌ جیاوازتر له‌ نه‌وه‌ى پێشتر چونكه‌ تا ئێستاش لاى زۆرێك له‌و نه‌وه‌یه‌ حزب وه‌ك ئاینى لێهاتووه‌ و هه‌ر كه‌س چووه‌ فه‌له‌كى حزبێك ئیتر ئه‌وانى دیكه‌ى لا شه‌یتانه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌م وه‌چه‌ تازه‌یه‌ له‌سه‌ر بنه‌ما خوێندنه‌وه‌ بۆ ڕه‌فتار و گوتارى حزبه‌كان بكه‌ن، تا بزانن كام حزبه‌ باشه‌، پێویسته‌ بزانن حزبى باش بۆ چاكه‌ى گشتى كام حزبه‌ به‌راوردى كرداو گوفتارى بكه‌ن و ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تا له‌وێوه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت ، بزانین كام حزب بیركردنه‌وه‌ى ستراتیژى هه‌یه‌ و له‌سه‌ر كاردانه‌وه‌ سیاسه‌ت ناكات به‌ڵكو به‌رنامه‌ى كارى ستراتیجى هه‌یه‌ چوون بیر كردنه‌وه‌ى ستراتیژى به‌رهه‌مى باشى ده‌بێت ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى یه‌كێك له‌ شته‌ جوانه‌كانى بیركردنه‌وه‌ى ستراتیژى خه‌ون بینینه‌ بۆ گه‌وره‌بوونى نیشتیمان ، ئه‌مه‌ش لاى حزبى خاوه‌ن بیرى ستراتیژییه‌ چونكه‌ نه‌خشه‌ ڕێگا ده‌خاته‌ ڕوو هه‌م بۆ پرۆسه‌ى سیاسى ناو خۆ هه‌م بۆ ململانێكانى ده‌ره‌وه‌ ، له‌ ئاستى ناوخۆى، حزبى باش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ گه‌مه‌ى سیاسیدا حزبه‌كان، به‌ ڕكابه‌ر بزانێت نه‌ك دوژمن ، لێره‌وه‌ دڵنیا ده‌بین له‌ ئارامى كۆمه‌ڵایه‌تى. له‌ ئاستى ده‌ره‌وه‌ش به‌رژه‌وه‌ندى باڵاى وڵات ئامانجى بێت ،

له‌ لایه‌كى دیكه‌وه‌ بۆ بونیادێكى به‌هێزى ناوخۆ حزبى باش پێویستى به‌ كرانه‌وه‌یه‌كى هه‌مه‌ لایه‌نه‌ هه‌یه‌ له‌ئاستى كۆمه‌ڵگه‌و له‌ئاستى ڕكه‌به‌ره‌كانیدا بۆ دیالۆگ بۆ ڕێكخستنه‌ نوێیه‌كانى ژیان و تێگه‌یشتن له‌ واقیعى نوێ و ژیانى نوێ ، ده‌بێ هه‌رحزبێك ئه‌وه‌ش بزانێت كه‌ ئه‌و له‌وحێكى سپى نیه‌ بێ هه‌ڵه‌ و كه‌م و كوڕی نیه‌و نه‌چێته‌ ناو وه‌همى یه‌قین و نه‌چێته‌ ناو یه‌قینى موزه‌یه‌ف ، پێویسته‌ به‌رده‌وام له‌ ڕێگاى گفتوگۆ و دیالۆگه‌وه‌ به‌رهه‌مى  جوان پێشكه‌ش بكه‌ن چوون فه‌لسه‌فه‌ى سیاسه‌ت گفتوگۆى به‌رده‌وامه‌ نه‌ك جوێن دانى به‌رده‌وام، وه‌ك ئه‌وه‌ى ئێستا له‌ كوردستان میدیا و سیاسه‌ت له‌ برى ئه‌وه‌ى پانتاییه‌ك بێت بۆ گفتوگۆى بونیاتنه‌رانه‌ بووه‌ته‌ پانتاییه‌ك بۆ به‌رهه‌م هێنانى جوێن ، ئه‌مه‌ش له‌ غیابى لۆژیكه‌ بۆیه‌ پێویسته‌ چى میدیا و چى حزبه‌كان كۆرسى لۆژیكیان هه‌بێت بۆ ئه‌ندامه‌كانیان بۆ شێوازى گفتوگۆ ، تا گفتوگۆكان نه‌بنه‌ شێواندنى دۆخى ده‌رونى خه‌ڵك چونكه‌ دواجار حزب ئامرازه‌ بۆ ئامانجى گه‌وره‌ ، ئامارازه‌ بۆ خزمه‌تگوزاری، ئامرازه‌ بۆ خۆشگوزه‌رانى كۆمه‌ڵگه‌، ئه‌مه‌ش ده‌بێت هه‌ر حزبێك فه‌لسه‌فه‌ى سیاسى خۆى هه‌بێت و بشزانن فه‌لسه‌فه‌ى سیاسى چیمان پێ ده‌ڵێت  پێمان ده‌ڵێت سیاسه‌ت هه‌میشه‌ شایه‌نى دیبه‌یته‌ هه‌رچۆن بێت نه‌ك ئه‌م فۆڕمه‌ شێواوه‌ى ئێستاى سیاسه‌ت، چونكه‌ فه‌لسه‌فه‌ى سیاسى قسه‌ له‌سه‌ر باشترین ده‌كات ، باشترین گفتوگۆ باشترین خزمه‌ت ، باشترین حكومڕانى و باس له‌ ئه‌خلاق ده‌كات له‌ ناو سیاسه‌ت دا ، هه‌موو ئه‌مانه‌ى ئاماژه‌م پێدا له‌م وتاره‌دا هه‌ر حزبێك به‌ ڕێژه‌یه‌كى زۆر له‌م چوارچێوه‌و پانتاییه‌دا خۆى نمایش بكات له‌ گفتاره‌وه‌ بۆ كردار كار بكات، ئه‌مه‌ حزبى باشه‌ ، كه‌واته‌ پێویسته‌ كۆمه‌ڵگه‌ به‌گشتى و وه‌چه‌ى نوێ به‌ به‌تایبه‌تى و به‌وردى سه‌یرى كردار و گفتارى حزبه‌كان بكه‌ن و ته‌جاوزى لایه‌نگرى كوێرانه‌ بكه‌ن بۆ لایه‌نگرى ڕه‌سه‌ن، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ له‌ كاتى ڕووداوه‌كان هه‌ڵوێستى جدى و ڕاستیان هه‌بێت له‌ بڕیار و هه‌ڵسه‌نگاندن سیاسه‌تى حزبه‌كان له‌ كاتى هه‌ڵبژاردندا خه‌ڵك به‌ هه‌ڵوێستى ئه‌رێنى یان نه‌رێنى له‌ئه‌نجامى كردارى باش یان خراپى حزبه‌كان بۆ چاكه‌ى گشتى پاداشتى چاكه‌ى حزبى باش بداته‌وه‌ به‌ به‌ڵێ ، تۆڵه‌ش له‌حزبى خراپ بكاته‌وه‌ به‌ نه‌خێر ئه‌مه‌ تێگه‌یشتنه‌ بۆ حزبى چاك و حزبى خراپ.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP