مه‌رگى مورسی.. سه‌ره‌تاى نه‌خشه‌ رێگایه‌كى نوێ

عومه‌ر عه‌لی محه‌مه‌د - 30-06-2019 - 1400 جار خوێندراوەتەوە


ئه‌گه‌ر سه‌یرى ئه‌و دیمه‌نه‌ بكه‌ین كه‌ تیایدا محمد مورسى سه‌رۆك كۆمارى هه‌ڵبژێردراوى میسرى له‌ پرۆسه‌یه‌كى دادگایكردندا گیان له‌ده‌ست ده‌دات، دیمه‌نێكى زۆر تراژیدى و نامرۆڤانه‌یه‌ و كاریگه‌رى له‌سه‌ر هه‌سته‌ مرۆییه‌كان زۆر به‌باشى دروست ده‌كات، چونكه‌ مردنى له‌و شێوازه‌ نه‌ك بۆ كه‌سێكى له‌وجۆره‌ كه‌ به‌ ده‌نگى ملیۆنان كه‌س ئه‌و پۆسته‌ى وه‌رگرتووه‌، به‌ڵكو بۆ كه‌سێكى تاوانباریش شایسته‌ نیه‌.

ده‌وڵه‌تى میسر هه‌رگیز نه‌ده‌بوایه‌ له‌م كاته‌ هه‌ستیاره‌دا كه‌ ململانێ و رق و كه‌راهیه‌ت له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ى میسرى له‌و ئه‌وپه‌ڕیدایه‌، رێگه‌ى بدایه‌ كه‌ به‌وشێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌لأ گه‌وره‌ترین ره‌وتى سیاسى میسر كه‌ ئیخوانه‌ بكرایه‌. چونكه‌ له‌م كاته‌دا دۆخى سیاسى و ئابورى میسر ئه‌وه‌ ده‌خوازێت كه‌ به‌ ئاراسته‌ى له‌ یه‌كتر تێگه‌یشتن و كپ كردنه‌وه‌ى ناڕه‌زایه‌تیه‌كان و دروستكردنى فه‌زایه‌ك بۆ ئاشته‌وایى كۆمه‌ڵایه‌تى دروست بكرێت، نه‌ك زیاتر گڕى ئاگره‌كه‌ خۆشتر بكرێت و ماكى تیرۆر و توندڕه‌وى زیاتر گه‌شه‌ بكات.

ئه‌گه‌ر له‌ روانگه‌ى ئه‌م رووداوه‌وه‌ سه‌یرى سیستمى سیاسى میسر بكه‌ین هاوشێوه‌ى زۆربه‌ى وڵاتانى عه‌ره‌بى ده‌بینین هه‌ر له‌سه‌ر هه‌مان عه‌قڵیه‌تى كۆنى عه‌سكه‌رتارى ده‌ڕوات و رێگه‌چاره‌ى ئه‌منى كردۆته‌ چاره‌سه‌ر بۆ قه‌یرانه‌كان و به‌ عه‌قڵیه‌تێكى ستالینى مامه‌ڵه‌ له‌گه‌لأ ئۆپۆزسیۆن و ده‌نگه‌ ناڕازیه‌كان و زیندانیه‌كان ده‌كات. ده‌زگاكانى راگه‌یاندن و ئه‌منیه‌كان ده‌یانه‌وێت، ئه‌م كێشه‌یه‌ وه‌ك روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ى توندڕه‌وى له‌قه‌ڵه‌م بده‌ن و به‌م بیانوه‌شه‌وه‌ رۆژ به‌رۆژ پێگه‌ى سته‌مكارى ده‌سه‌ڵات قایم ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌ راستیدا ئه‌م كێشه‌یه‌ په‌یوه‌ندى به‌ سته‌مكارى و كپ كردنى دیموكراسى و ده‌نگه‌ ناڕازیه‌كان و چه‌سپاندنى دادپه‌وه‌رى و لێبورده‌ییه‌وه‌ هه‌یه‌، نه‌ك روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ى گروپێك یان به‌ره‌و روبوونه‌وه‌ى توندڕه‌وى.

ئه‌گه‌ر سه‌یرى زیندانه‌كانى ئێستاى میسر بكرێت ته‌نها بۆ ئیسلامیه‌كان نیه‌، به‌ڵكو هه‌زاران گه‌نجى عه‌لمانى و چه‌پیش بونیان هه‌یه‌ و روبه‌ڕووى هه‌مان سزا و ئه‌شكه‌نجه‌ ده‌بنه‌وه‌، كه‌ ئیسلامیه‌كان تووشى ده‌بن، كه‌واته‌ لێره‌وه‌ كاتێك كه‌ باس له‌ مه‌رگى مورسى ده‌كرێت نابێت ئیسلامیه‌كان بیكه‌ن به‌ هه‌لێك بۆ هێرش كردنه‌ سه‌ر چه‌پ و عه‌لمانیه‌كان یان عه‌لمانى و چه‌په‌كان دڵخۆشى خۆیان وا ده‌رببڕن كه‌ سه‌ركرده‌ى گروپێكى توندڕه‌و له‌ناوبراوه‌. به‌ڵكو ده‌بێت گه‌وره‌تر له‌م دیده‌ ئایدیۆلۆژیه‌ خوێندنه‌وه‌ى بۆ بكرێت و ئه‌مه‌ش ببێته‌ سه‌ره‌تایه‌ك بۆ به‌خۆداچوونه‌وه‌و به‌ره‌وڕوبوونه‌وه‌ى ئه‌و مه‌ترسیه‌ى كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ بوونى هه‌ردوو ره‌وته‌كه‌ ده‌كات له‌ ئاینده‌دا و دواجاریش ئه‌و دژایه‌تى كردنى یه‌كتریه‌ به‌ قازانجى رژێمه‌ سته‌مكاره‌كه‌یه‌ كه‌ ئێستا ده‌سه‌ڵاتى به‌ده‌سته‌وه‌یه‌.

شۆڕشى 25ى كانوونى دووه‌مى 2011 له‌ میسر شۆڕێكى جه‌ماوه‌رى گه‌وره‌بوو به‌و هیواى كه‌ كۆتایى به‌ رژێمه‌ سته‌مكاریه‌كه‌ى میسر بهێنرێت و سیستمێكى دیموكراسى دادپه‌روه‌ر جێگه‌ى بگرێته‌وه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش چه‌پ و عه‌لمانى و ئیسلامى و هه‌موو چین و توێژه‌كان به‌شداریان تێدا كرد. له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا عه‌سكه‌ر و ده‌وڵه‌تى قوولأ چوونه‌ سوڕى مت بوون و نه‌یانتوانى هیچ جۆڵه‌یه‌ك بكه‌ن و ته‌سلیم به‌ ویستى خه‌ڵك بوون له‌ وازهێنان له‌ پشتیوانى ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى حوسنى موباره‌ك و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى 2012 دا ده‌سه‌ڵاتیان راده‌ستى ئیخوان كرد به‌ سه‌رۆكایه‌تى دكتۆر محمد مورسى.

به‌ڵام هه‌ڵه‌ى ئیخوان لێره‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات كه‌ هه‌ندێك له‌ سه‌ركرده‌كانیان هه‌ر له‌سه‌ر هه‌مان ریتمى پێشوو دژایه‌تى چه‌پ و لیبراڵ و عه‌لمانیه‌كانیان ده‌كرد و ده‌نگدانى خه‌ڵكیش به‌ مورسى و به‌ده‌ستهێنانى زۆرینه‌ى له‌ په‌رله‌مان تووشى جۆرێك له‌ بوغرایى و لوتبه‌رزى كردن و وایان له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دا كه‌ ئه‌و ده‌نگانه‌ پارێزگاریان لێ ده‌كات و شه‌رعیه‌تى مانه‌وه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتیان پێ ده‌به‌خشێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ویستیان متمانه‌ى دامه‌زراوه‌ى سه‌ربازى به‌ده‌ست بهێنن و سیسیان كرده‌ وه‌زیرى به‌رگرى و وه‌زیرى به‌رگرى ئێستایان كرده‌ به‌رپرسى پاسه‌وانه‌كانى كۆشكى كۆمارى و كه‌وتنه‌ پیاهه‌ڵدانى سه‌ركرده‌كان و دامه‌زراوه‌ى سه‌ربازى، هه‌روه‌ها له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ بۆ خۆپاراستن له‌ پیلانه‌كانى سعودیه‌ و ئیمارات هاوپه‌یمانێتیان له‌گه‌لأ سه‌له‌فیه‌كان مۆركرد و ته‌سلیم به‌ ئه‌و گوتاره‌ تونده‌ نامه‌ده‌نیه‌ى ئه‌وان بوون، له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ هه‌ر به‌په‌له‌ هه‌موارى ده‌ستوریان كرده‌وه‌و خستیانه‌ به‌رده‌م راپرسى.


ئه‌م عه‌قڵیه‌ته‌ وایكرد كه‌ ترسێك له‌لاى كه‌مینه‌كان و چه‌پ و عه‌لمانیه‌كان دروست بكات و هه‌ر ئه‌م هه‌نگاوه‌ش بوو كه‌ خزمه‌تى گه‌وره‌ى به‌ وه‌حشه‌ زه‌به‌لاحه‌ سڕبوه‌كه‌ى ده‌وڵه‌تى قولأ كرد كه‌ كار له‌سه‌ر ئه‌م هه‌نگاوانه‌ بكات و به‌شێكى زۆر له‌ خه‌ڵك و رێكخراوه‌كان و گروپه‌ چه‌پ و عه‌لمانیه‌كان به‌لاى خۆیدا رابكێشێت و شۆڕشێكى پێچه‌وانه‌ دروست بكات و دواجار مورسى له‌سه‌ر كار لابده‌ن.

ئیخوان له‌ میسردا له‌ جیاتى ئه‌وه‌ى كار له‌پێناو چه‌سپاندنى ده‌سه‌ڵاته‌كانى خۆیدا بكات، ده‌بوایه‌ سه‌ره‌تا له‌ خه‌مى چه‌سپاندنى دیموكراسیدا بوایه‌، ده‌بوایه‌ ئه‌و یه‌كڕیزیه‌ى كه‌ له‌سه‌رده‌مى شۆڕشدا هه‌بوو رێگه‌ى نه‌دایه‌ په‌رت ببوایه‌، به‌ڵكو ده‌بوایه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌ك چه‌پ و عه‌لمانى و لیبڕاڵه‌كاندا به‌ره‌یه‌كیان دروست بكردایه‌ بۆ به‌ره‌وڕوبوونه‌وه‌ى عه‌سكه‌رتاریه‌ت و سته‌مكارى و گه‌نده‌ڵى و له‌ژێر ئه‌م دروشمه‌دا.

 ده‌توانرا هه‌موو ناڕازیه‌كان و ئه‌وانه‌ى دژ به‌ سته‌مكارى و ناعه‌داله‌تین كۆ بكرێنه‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش زۆرینه‌ى گه‌لى میسرى پێكده‌هێنا، ده‌بوایه‌ سودیان له‌ ئه‌زموونى به‌ دیموكراسیكردنى وڵاتانى ئه‌مریكاى لاتین وه‌بگرتایه‌ له‌ قۆناغى گواستنه‌وه‌ بۆ دیموكراسى، چونكه‌ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ له‌ شه‌و و رۆژێكدا دروست نابێت و پێویستى به‌ زه‌مه‌ن و سه‌ركرده‌ى كارا هه‌یه‌، ئیخوان نه‌یتوانى ئه‌م هه‌نگاوه‌ بنێت، دواجار گروپه‌ به‌رژه‌وه‌ندیخواز و كۆمپانیا و بازرگان و ده‌وڵه‌تى قولأ توانیان به‌ پلانێكى پێچه‌وانه‌ خه‌ڵك بهێننه‌ سه‌ر شه‌قام و گه‌نجانى ساده‌ و بێ ئه‌زموونیش رژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان كه‌ له‌ ئامانجى سه‌ره‌كى ئه‌م پرۆسه‌یه‌ ئاگادارنه‌بوون كه‌ له‌ گۆڕنانى شۆڕشى 25ى كانوونى دوه‌م و گێڕانه‌وه‌ى عه‌سكه‌رتاریه‌ت بوو به‌ ستایلێكى زۆر خراپتر.

مه‌رگى مورسى ئه‌و روداوه‌یه‌ كه‌ ده‌كرێت بۆ ئیخوان و لایه‌نه‌كانى تریش ببێته‌ خاڵى وه‌رچه‌رخان و به‌خۆداچوونه‌وه‌، ئه‌ویش به‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ى لاپه‌ڕه‌یه‌كى نوێ و ده‌ستپێكردن به‌ قۆناغێكى نوێى خه‌بات بۆ روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ى سته‌مكارى و گه‌نده‌ڵى و عه‌سكه‌رتاریه‌ت و تێپه‌ڕاندنى ئه‌و ململانێیه‌ى كه‌ ئێستا له‌ شه‌قامى میسر و ده‌ره‌وه‌شدا هه‌یه‌.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP