بەپەلە

نه‌وت و ماده‌ى هۆشبه‌ر

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج - 27-06-2019 - 3875 جار خوێندراوەتەوە

هه‌ر به‌ڕاستى كوردستان له‌ به‌رده‌م داڕمانێكى مه‌ترسیدارى ئاكاریدایه‌، ئه‌و روداوو تراژیدیایانه‌ى رۆژانه‌ گوێ بیستى ده‌بین، به‌ ئێمه‌ ده‌ڵێت ئیدى به‌رگرتن به‌و مه‌ترسى داڕوخانه‌ مه‌حاڵه‌ ، ئێستا رۆژانه‌ ئه‌وه‌ ده‌بیستین كه‌ به‌ كار هێنه‌رانى ماده‌ى هۆشبه‌ر له‌ زیاد بووندان ، باسى گرتنى ژماره‌ى زۆر ده‌كرێت، باسى ئه‌وه‌ ده‌كرێت له‌ هه‌ندێ شوێن به‌ ئاشكرا مامه‌ڵه‌ى پێوه‌ ده‌كرێت ، باسى به‌ كارهێنانى له‌ لایه‌ن هه‌ردوو ره‌گه‌زه‌وه‌ ده‌كرێت، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ به‌رپرسه‌ باڵاكانى ده‌سه‌ڵات له‌ باشورى كوردستان كۆده‌بنه‌وه‌و وێنه‌ ده‌گرنو پێده‌كه‌نن و باسى ده‌سكه‌وت و سه‌ركه‌وتنه‌كان ده‌كه‌ن.

به‌ درێژتى مێژوو هیچ كاتێك كۆمه‌ڵى كورده‌وارى به‌ قه‌د ئێستا هه‌لا هه‌لاوداڕزاو نه‌بووه‌، رێك كاره‌كه‌ له‌وه‌ ده‌چێت به‌ به‌رنامه‌ كۆمه‌ڵى كورده‌وارى به‌و ده‌ردانه‌ ببرێت، له‌ په‌نا زۆربوونى فرۆش و به‌ كار هێنه‌رى ماده‌ى هۆشبه‌رو گرتنى خه‌ڵك له‌و باره‌یه‌وه‌ له‌ هه‌موو شوێنێكه‌وه‌، سه‌رانى ده‌سه‌ڵات سه‌رگه‌رمى ئه‌وه‌ن له‌ كوێى تر بیره‌ نه‌وت هه‌ڵبكه‌نن وكۆمپانیاكانى هه‌ڕاجى نه‌وتى كوردستان بگه‌یه‌ننه‌ كوێى تر، بۆ ئه‌مه‌ش زۆر جار شه‌ڕو نیوه‌ شه‌ڕو وازى خۆیشیان له‌ گه‌ڵ یه‌كتر ده‌كه‌ن و به‌وه‌ش خۆڵده‌كه‌نه‌ چاوى هه‌موو لایه‌ك.

نه‌وت له‌ ماده‌ى هۆشبه‌ر زیاتر رۆڵى له‌ شكاندنى شكۆى كوردى باشوردا بینیوه‌، ئه‌م دووچه‌كه‌ مه‌ترسیداره‌ كار له‌ سه‌ر تێكدانى هه‌موو به‌هاكان ده‌كه‌ن، سه‌ره‌تا نه‌وت درزى گه‌وره‌ى خسته‌ نێوان تاكه‌كانى كۆمه‌ڵى كورده‌واریه‌وه‌، ره‌نگى چینایه‌تى زۆر تۆخكرده‌وه‌، مافیایه‌كى دروستكرد كه‌ قسه‌ كردن له‌ گه‌ڵیدا پوڵێكى قه‌ڵب ناكات، مافیایه‌ك كه‌ له‌نێوان مرۆڤ و بۆشكه‌ى نه‌وتا بۆشكه‌ى نه‌وته‌كه‌ هه‌ڵده‌بژێرێت و بۆ پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانى خۆیشى میدیاو سوپاو دۆلاروبكوژو هه‌موو شتێكى هه‌یه‌ ،له‌ نێو چینه‌كه‌ى به‌رانبه‌ردا نائومێده‌كان ، تێكشكاوه‌كان ، ئه‌وانه‌ى ئیتر بڕوا به‌وه‌ دێنن ناتوانن هیچ بكه‌ن ، په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر خۆ خواردنه‌وه‌و به‌ كار هێنانى ماده‌ى هۆشبه‌ر، كه‌ ئیدى دیاه‌ هێنانیشى له‌ لایه‌ن خه‌ڵكى ئاساییه‌وه‌ نیه‌و رێى تێده‌چێت هه‌ر گروپه‌ مافیاییه‌كان خۆیان له‌ پشت بڵاوكردنه‌وه‌یه‌وه‌ بن.

دیارده‌ مه‌ترسیداره‌كانى ته‌لاق و جیابوونه‌وه‌، خۆكوشتن وجێهێشتن، ده‌ستدرێژى كردنه‌ سه‌ر مناڵ به‌رهه‌مى ئه‌و دوو چه‌كه‌ مه‌ترسیداره‌ن كه‌ كوردیان له‌ باشورى كوردستان داوه‌شاوكردووه‌، یه‌كێك له‌وهاوڕێ كچه‌ میدیاكارانه‌م كه‌ مناڵێكى سێ ساڵ و نیوى هه‌یه‌و كچه‌ به‌ نیگه‌رانیه‌وه‌ باسى ئه‌وه‌ى بۆ كردم كه‌ ئێستا خۆى و هاوسه‌ره‌كه‌ى ناچارن به‌رده‌وام ئاگادارى مناڵه‌كه‌یان بن كه‌ هه‌رچركه‌یه‌ك ده‌كرێهه‌واڵێكى ناخۆش ئه‌وانیش بتۆقێنێت.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP