دابەشبوونەكە تا كوێیە؟

موئمین یاسین زەڵمی - 26-06-2019 - 1549 جار خوێندراوەتەوە


زۆرجار لێرە‌و لەوێ باسی ئەوە دەكەین كە كۆمەڵگەی كوردی دابەشبوونی بە خۆیەوە بینیوە‌و بەسەر ئاراستە جیاوازەكاندا دابەشبووە، بەڵام كەمتر سەرنجمان داوە ئایا دابەشبوونەكە تا كوێیە؟

وردتر لەسەر كۆمەڵگەی كوردی لە باشوور بوەستین‌و ئاوڕێك لە رابردوو بدەینەوە دەبینین،  بەزم‌و رەزمی ئاو‌و باخ‌و رەز‌و موڵكەكان گیرۆدەی جۆرێك لەدابەشبوونی كۆمەڵگە بوون‌و ئەو زەوییە رەقە بووەتە قوربانی ئاغا‌و دەرەبەگ‌و خان‌و كوێخاكان‌و دواتری شێخ‌و ئەفەنییەكانیقۆناغە جیاوازەكان،  ئەوەتا ناكۆكی جەماعەتی شێخەكان‌و رازیبوونیان بە رێژەی باج وسەرانەكان ئاوارەبوون‌و دەربەدربوونی كەسایەتییەكی وەك د. موستافا زەڵمی لێدەكەوێتەوە كە لە زێدەكەی خۆی‌و لە پیشەیی مەلایەتی راودەنرێت‌و تا كۆچی دواییشی كرد تێر تاسەی مەفتەنەكەی نەشكا‌و بەیەكجاریش وازی لە پیشەكەی پێشووی هێنا.
ئەو نمونەیەم بۆیە باسكرد تا بزانین كە دەیان ساڵە كۆمەڵگەی كوردی دابەشبووە،  بەشە زەقەكانیش مەلایی‌و جەلالی،  ئیسلامیی وعەلمانی،  ئەملایی‌و ئەولایی،  سەوز‌و زەرد،  هەولێر‌و سلێمانی،  ریفۆرم‌و موحافیزكار‌و پیر‌و نەوەی نوێ‌و تا دێت زیاتر وزیاتریش دەبن.

ئەوەی ئەم لێكەوتانەی لێكەوتووەتەوە، یەكتر قبوڵنەكردن‌و هەوڵدان بووە بۆیەكتر سرینەوە،  كار‌و كاردانەوەی قۆناغە جیاوازەكان،  شەڕ‌و ناسازییەكان، یەكتر كوشتن‌و پایەماڵكردنی حەریمییەكتر،  دواجاریش شەڕی ناوخۆ‌و یەكترپانكردنەوە‌و لە تازەترین مۆدیلیشدا داشۆرینی ئیعلامی‌و تاسەرئێسقان گەیاندنی ناكۆكییەكانە.

لە ماوەی رابردوودا ئێمە بەشە سەرەكییەكانیان لاوەكییەكان‌و یان قوربانییەكانی ئەم ناكۆكی‌و ململانێیانە بووین،  ئەوەتا ئاهەنگ‌و خۆشی‌و ناخۆشی‌و هاوسۆزییەكانیشمان دابەشبوون،  بچوكترین رووداو سەرتاپای ژیانی سیاسی‌و كۆمەڵایەتمان دابەشدەكەن،  فەیس بووك‌و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانمان دەگەنە بینەقاقا.

دوایین سەفەری د. بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق بۆ هەولێر‌و گیان لەدستدانی د. محەممەد مورسی، سەرۆكی كۆماری لەسەركارلادراوی میسر بە نمونە وەربگرین،  زەق زەق ئەم دابەشبوونانە دەبینین،  بەرژەوەندی گشتی‌و تایبەتی‌و میزاج تێكەڵی هەموو پەرەگراف‌و پاكێجەكانی حزبایەتی دەكەین‌و دێین جارێكیتر‌و لە دەروازەیەكی تەسكی بیركردنەوە بچوكەكانەوە لەم ئێڤێنتانە دەروانین.

رەنگەیەكێك لەباشترین سەفەرەكانی سەرۆك كۆماری عێراق لە ماوەی سەرۆكایەتیدا ئەو سەفەرەی هەولێر بووبێت،  ئەوەتا تێرمێكیتری گفتوگۆی نێوان هەرێم‌و بەغدای هێنایە ئاراوە‌و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانی بردەوە بەغدا،  كەچی هەزاران رەخنەی لێگیرا‌و هەركەسە‌و بە زەوقی خۆی دیوەكەی لێكدەدایەوە.

لەولاشەوە،  گیانلەدەستدانی سەرۆك كۆماری لەسەركارلادراوی میسر نادیموكراسیترین‌و نائەخلاقیترین رووداوی ئەم دەیەیە كەچی تانەنەت ئەو كەسانەش خۆیان بە داكۆكیكاری دیموكراسی‌و مافی مرۆڤ دەزانن لە ئاستی ئەم رووداوەدا دیموكراسییان لە بیرچۆتەوە‌و لۆمە‌و سەركۆنەی بەرامبەر دەكەن‌و بە ئیخوانیی وشك وەسفیان دەكەن. ئەمە دەرئەنجامی هەموو دابەشبوونەكانە،  گومانی تێدا نامێنیت،  ئێمە بە تەواوەتی دابەش بووین‌و دابەشبوونەكە تا ئەخیر خاڵی دینداری‌و كوردایەتی‌و مەدەنییەت‌و دیموكراسیبوونمان رۆشتووە.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP