ژینگەدۆستی چی نییە؟

د. باوەڕ ئاوەدان - 25-06-2019 - 6000 جار خوێندراوەتەوە


وێنای زەوی لە چاوی مندا لە کەللـەسەری ئەو بونیایەمە ئەچێ کە عەلاگەیەکیان کردووە بە سەریا و ناتوانێ هەناسەبا. لە سینگی سیخناخ بە دووکەڵی ئەو پیرەمێردە سیگار بەدەمە ئەچێ کە یەک لەسەر یەک ئەکۆکێ و تاوێ ئیسراحەتی نێ. 

ئێمە دەبێت نۆرمێک بهێنینە ئاراوە کە هەرکەس لە ئاستی خۆیەوە ژینگەدۆست بێت، هەتا ئاوی پاک هەبێت ئاوی دەبەی پلاستیک نەخۆینەوە، پزیشکێکی ددان هەتا ئاوێنەی ستیلی تەعقیمکراوی لەبەردەستدا بێت، ئاوێنەی دیسپۆسەبل بەکارنەهێنێ. مامۆستایەک گەر ماڵی لە مەکتەبەکەیەوە نزیکبوو، بە ماشین نەچێ بۆ دەوام. کەیبانوویەک هێندەی پێویستیی ئەو ڕۆژە خواردن لێبنێت و بە مێردەکەیشی بڵێت تەنها بەشی ئەو ڕۆژە میوەهات و ئیحتیاجات بهێنێتەوە. 

ژینگەدۆستیی؛ چاندنی درەخت و جگەرەکێشان نییە لەژێر سێبەرییدا، ئاودانی درەختی بەردەم ماڵەکەتە پێش ئەوەی نییەتی سەوزکردنی شاخی گۆیژە بدات لە سەرت. پاککردنەوەی نۆزڵی بارهەڵگرەکەتە پێش ئەوەی قسەوتن بێت بە حکوومەت لەسەر گازوایلی پیس. ژینگەدۆستیی زیاد لەوەی فێرکردنی منداڵە بۆ فڕێنەدانی خاشاک، ئەوەیە پەروەردەی بکەیت شتێک زیانی بۆ ژینگە هەبێت کەمتر بیکڕێت، لە ماڵەوە ئاوی جامی نەدەیتێ و ئاوی جامی بدەیتێ. 

ئەوەیە کە سایەق ماتۆڕێک ڤڕەڤڕ و مەلایەک دەنگەدەنگ نەنێنەوە و، ژینگەی دەنگیی نەشێوێنن. ئاخر چ فەرقێک لە مەعبێن دەنگی زوڕنای سەیارەی گەنجێکی لاساردا هەیە لەگەڵ ئەو سەدا ناخۆشەی جومعان دەیبیستین؟ بەڵێ، گۆڕان ئەوەیە کاتێک پۆستەکان دابەشکرا و تۆ کرایتە مجێوری مزگەوتێک، یەکەم شت ژینگەی مزگەوتەکەت بگۆڕیت، ئینجا خێر بۆ مزگەوت کۆبکەیتەوە. نەک ئەوەی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا پاسکیل لێبخوڕیت و دواییش بە شەش سەیارەوە بچیت بۆ دەوام وەک بڵێیت قیتارت پێیە! پاشانیش لە دەوام کۆبوونەوە بکەیت لەسەر ژینگە لە کاتێکدا خودی دائیرەکەت یەکەم زەرەر بێت بۆ ژینگە! ئەگینا ئەوکات هیچ نامێنێتەوە جگە لەوەی لەسەر ئیزنی عەبدوڵڵا پەشێو بڵێین: 
تا ئاوی بتڵ و جگەرە مابێ
کۆبوونەوەکان قەت تەواو نابێ

ئاخر ڕێزگرتن لە میوان ئەوە نییە لەسەر سفرەی سەفەریی خوانی بۆ بڕازێنیتەوە و، تەپڵەکی جگەرە، ساردی قتوو، ماستاوی یەکبارمەسرەف، چێشتێکی زۆر و زیادەی بۆ ئامادەبکەیت و، دواییش نیوەی زیاتری تووڕ بدەیتە تەنەکەوە و لات وابێ ئەم قسانە تووڕەهاتە. 

بەڵێ، هەرکەسێک زەڕڕەیەک خۆشەویستیی لە دڵدا بێت، ئەبێ ئەم بابەتەی لە هەموو شتێک بەلاوە گرنگتر بێت. ئاخر لە تەبیعەتێکی پیسدا ژوان نابەسترێت، شوێنێک ژینگەکەی پاک نەبێ، قەت نابێتە ژوانگە. ئەو دڵدارەی "نایزانێ کە هەر پەنجەیێ لەم خاکی زەمینە، کوڵمی دە هەزار لەیل و دەمی سەد مەم و زینە"، ئیدی ژوانەکەی هەر لەسەر فەیسبووک بوایە چاتر نەبوو؟ حەق وابوو مامۆستا هێمن لە جیاتی زەوی، ڕووی دەمی بکردایەتە ئادەمیزاد کاتێ دەیپرسی: (زەوی ئێستاش لە ڕووت هەڵدێ بدەی سووڕ؟)

لە هەمووشیی گرنگتر: ژینگەدۆستیی گوفتار نا، کردارە. قاڵ نا، حاڵە. ژینگەدۆستیی چەپڵەلێدان و دەستخۆشییکردن نییە لە ژینگەدۆستان، چونکە ئەوان پێویستیان بە چەپڵەی ئێمە نییە، ئاخر هەموو شەقەی باڵی باڵندەیەک چەپڵەیە بۆ ئەوان و فڕینی هەموو عەلاگەیەکیش جوێن. هەموو جریوەی چۆلەکەیەک سەمفۆنیایە بە شان و باڵی ئەواندا و، هەموو ڕێگایەکی پاکیش نەچوونی دڕکێکە بە قاچ و نەهاتنی کزەیەکە بە جەرگی ئەواندا…

خێر ئەوە نییە دووتەنییەک - کە دەڵێیت بە دار ئیش دەکات - پڕبکەیت لە دەبەی ئاو و بیبەیت بۆ مزگەوت، خێر ئەوەیە خێراوێکی پاکوتەمیزی بۆ دابنێیت و بەردەوام صیانەشی بکەیت. سوننەت ئەوە نییە بە دانیشتنەوە ئاوی ئەو دەبەیە بخۆیتەوە، فەرزەکە بەجێ بگەیەنە و لەوەدا مەیخۆرەوە.

ئاخر ئەو نوکتەیەی بارام بەگ حەقیقەتێکی قووڵ لە خۆ دەگرێت کە دەگێڕنەوە جارێکیان لە کەبابخانەیەک قاچی ناوە بە نانێکدا، کابرای کەبابچی وتوویەتی قاچی پیا مەنێ ئەوە قورعانە! بارام بەگیش ئەڵێ: سێ بە سێ تەڵاقم کەوتبێت ئەوە قورئان بێت، کەبابەکە پێغەمبەرە. 

بەڵێ، گەر ئەوەمان قبووڵ بێت کە سێ کتێبمان هەیە بۆ ناسینی خوا و ئەوانیش (گەردوون، قورئان، نبووەت) بن، ئەوا تێدەگەین کە هەموو نەسیمێک نەفەسێکی ڕەحمانە و، هەموو گێلاسێک ئایەتێکی بینراوی قورئانە و، هەموو دڵۆپە ئاوێک قورئانێکی (حی)یە. لە خۆڕا نییە کە ئەڵێ: بە دار چوالەم وت خوام نیشان بە، گوڵی گرت…

بەڵێ، ئەو گوڵە قورئانێکی بینراوە کە ئەو"مان پێ دەناسێنێت. دەسا هەرکاتێک قاپە چێشتێک، پارووە نانێک، قومە ئاوێکی ناو بوتڵێک، قاژە پیتزایەک یاخود کوتە گۆشتێکت فڕێدا، چاک بزانە کە قورئانت فڕێداوە.. خۆ گەر وردتریش بڕوانیت؛ فڕێدانی هەموو عەلاگەیەک، دەبە ئاوێک، قەسەبێک، پارچەکاغەز و کارتۆنێک هیچی لەوان کەمتر نییە. فڕێدانی هەرکام لەمانە (با بۆ ناو سەتڵی خۆڵیش بێت) و جیانەکردنەوە و نەگەڕاندنەوەیان بۆ شوێنی پێویست (پاش کەمکردنەوە و بەکارهێنانەوە) فەسادە و هیچی کەمتر نییە لە بێڕێزیی کردن بە نان، بە نمەک، بە قورئان. ئاخر هەر لە قورئانی نووسراودایە کە باری تەعالا فەرمووی:

بەهۆی ئاکاری مرۆوە، گەندەکاریی لە بەڕڕ و بەحرا وەدەرکەوت. دەبا سزای هەندێک لە ئاکارەکانیان پێ بچێژێ، شایەتا بگەڕێنەوە. (الروم، ٤١)

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP