هەنگاوەكان، بە گریمانەی هەڵە..!

عەدالەت عەبدوڵا - 24-06-2019 - 2520 جار خوێندراوەتەوە

ماوەیەكی زۆرە پارتی دیموكراتی كوردستان، رێگەی هەندێ هەڵوێست و هەنگاوی سیاسیی دەگرێتەبەر كە باش نین بۆ پەیوەندیی دۆستانە لەنێوان خۆی و یەكێتیی نیشتمانیدا.

هەندێ ئەمە ئەگێڕنەوە بۆ دوو فاكتەر، یەكەم: ئاراستەیەك كە وای دەبینێت جیاوازیی كورسییەكانی پەرلەمان(45 بەرامبەر 21) بەمانای نەمانی هاوسەنگیی سیاسییە لەهەرێم و لەبەرژەوەندیی پارتی، بەوەش یەكێتی چیتر هێزی ركابەر نییە!. دووەم: دۆخی ناوخۆیی یەكێتی، دەرفەتە بۆ مامەڵەی ئینتیقائیی پارتی، واتە مامەڵەنەكردنی هاوسەنگ لەگەڵ یەكێتی وەك هێزێكی هاوبەش!.


ئەم دوو فاكتەرە، لەواقعشیدا، وەك دوو گریمانەی پشت پێ بەستراو، زیاتر لەهەنگاوێكدا رەنگیانداوەتەوە، لەوانە: بۆ كابینەی نوێ، پارتی دیموكرات، پێش ئەوەی لەگەڵ یەكێتیدا كۆببێتەوە، لەگەڵ هێزی سێیەمدا رێككەوت كە بزووتنەوەی گۆڕانە، هەر لەسەر ئەم بنەمایەش هەنگاوی دووەمی نا كە بریتی بوو لەهەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بەبێ یەكێتی، بەوەش نەوەستاو لەهەنگاوی سێیەمدا، دیسانەوە، بەبێ یەكێتی و بە پشتبەستن بە هاوپەیمانی نوێ، سەرۆكی هەرێمیشی هەڵبژارد!. 


واتە تا ئێستا، لانیكەم، سێ هەنگاوی ناوە كە لە كرۆكدا دوورگرتنن لە كاری هاوبەشی هەردوولا لە 28 ساڵی رابردووی دوای راپەڕینی (1991ز). ئێستا دەنگۆی ئەوە هەیە كە، تەنانەت لەگەڵ هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتیشدا، پێچەوانە بە رێككەوتنەكەی(4/3/2019ز) و بەتایبەتیش خاڵی (17)، پارتی بەكاندیدی یەكێتی بۆ پارێزگاری كەركوكیش، رازی نابێت!، ئەمەش بێگومان دەبێتە هۆی هەڵوێستوەرگرتنی یەكێتی و، لانیكەم، ئەگەری رادەستنەكردنی ناوی وەزیرەكانی بە بەڕێز مەسرور بارزانی، راسپێدراو بۆ پێكهێنانی كابینەكە، لەوەش زیاتر، پارتییش لەلای خۆیەوە، وەك كاردانەوەیەك، جارێكی تر، بەبێ رەچاوكردنی رێكەوتنەكەی و مافەكانی هێزە هاوبەشەكەی، پێش وادەی (1/7) و بە پشتبەستنەوەی جارێكی دی بە گۆڕان و پێكهاتەكان، هەنگاوی چوارەمیش بنێت كە ئەویش متمانەدانە بە كابینەكەو بە خاڵی هێشتنەوەی شوێنی وەزیرەكانی یەكێتیی..!


ئەو هەنگاوانەی پارتی دیموكرات، بەگشتی، شانیان داوەتەسەر ئەو دوو فاكتەرەی كە لە سەرەتاوە باسمانكردوون، لەمەشدا هەستیاریی بارودۆخی هەرێم و رابردووی سیاسی فەرامۆش كراوە!. ئەو هەنگاوانە ئەو راستییەیان بە هەند وەرنەگرتووە كە لایەنی ركابەر، هێشتا لایەنی راگرتنی هاوسەنگیی هێزە لەباشووری كوردستاندا، هێشتا لە عێراق و ناوچەكەو هەندێ ناوەندی جیهانیشدا، رەچاو دەكرێت.


ركابەر، لە هەردوو پارێزگای جێی نفوزی خۆیدا (سلێمانی، هەڵەبجە) كە نزیك بە نیوەی خاكی هەرێمە، هێزی یەكەمە. لەم زۆنەدا، ئەو وەك پارتی، تەنانەت هێزی سێیەمیش پێك ناهێنێت!، هاوكات ئەوەی لەبەرچاو نەگرتووە كە لەرووی پراكتیكەوە فەرمانڕەواییكردنی سەرتاسەریی هەرێم، بەبێ هاوبەشەكەی كە یەكێتییە، ئاسان نابێت، لەوەش زیاتر لەو واقعە دوور كەوتۆتەوە كە تەنها گرژیی نێوان هەردوولا زیانی گەورە لەئارامی و سەقامگیریی هەرێم دەدات و سەر لە دووبەرەكییەوە دەردەهێنێت، بگرە مومكینە رابردووی دابەشبوونی ئیدارییش، وەك ناچارییەكی سیاسی، بێتەوە ناو هەلومەرجی ئێستاو ململانێ و دەرهاویشتەو سیناریۆكانیەوە، بەوەش هەرێم بچێتەوە بەردەم چوارگۆشەی یەكەم!، یان تەنانەت ئاڵۆزتر لەوەش كە پێشبینی دەكرێت!، بۆیە راستتر وایە، هەردوو هێزەكە، بەتایبەتی پارتی دیموكرات، لەم قۆناغەشدا، ستراتیژی ترو دوورمەوداتر هەنگاوەكان هەڵبهێنێ، روواڵەتی پەرەسەندنەكان و گریمانەكانیش، بە هەڵەیدا نەبەن.!

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP