به‌رگرى له‌ ئازادى یان سه‌له‌فیه‌ت

عومه‌ر عه‌لی محه‌مه‌د - 24-06-2019 - 1383 جار خوێندراوەتەوە

راسته‌ هه‌ڵوێسته‌كه‌ى عبدالسلام به‌روارى دوره‌ له‌ عه‌قڵیه‌تى سه‌ركرده‌یه‌كى گه‌وره‌و نیشتیمان په‌روه‌ر و مه‌ده‌نى كه‌ قوتابیه‌ك ناوده‌بات به‌ ده‌عبا، ده‌بوایه‌ له‌و شوێنه‌دا رێزى له‌ هه‌ستى ناسكى ئه‌و قوتابیه‌ بگرتایه‌و وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ش دانى به‌ خۆیدا بگرتایه‌و ئه‌وه‌نده‌ تواناى هه‌بوایه‌ كه‌دان به‌ جیاوازیه‌كاندا بنێت، به‌ڵام له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ ده‌بێت ئه‌و راستیه‌ بزانین كه‌ ئه‌و ره‌وته‌ سه‌له‌فیه‌ى كه‌ ئێستا له‌ كوردستاندا هه‌یه‌ و گه‌نجانى كورد له‌سه‌ر عه‌قڵیه‌تى سه‌له‌فى په‌روه‌رده‌ ده‌كات مه‌ترسیان له‌سه‌ر ئاینده‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى له‌ بۆچوونه‌كان و عه‌قڵیه‌تى به‌راوارى كه‌متر نیه‌.به‌ ڵام ئه‌وه‌ى له‌ تۆره‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا دیبینین ،بۆچوونه‌كان له‌ ئاراسته‌ى خۆى ترازاوه‌و زۆرینه‌یان له‌ جیاتى باس له‌ به‌رگرى بنه‌ماكانى ئازادى، به‌رگرى له‌ سه‌له‌فیه‌ت و نیقاب ده‌كه‌ن و هه‌ندێكیشیان ده‌یكه‌نه‌ شه‌رى عه‌لمانیه‌ت و ئیسلام و به‌مه‌ش رێگه‌ خۆش ده‌كه‌ن بۆ ئاژاوه‌یه‌كى گه‌وره‌ له‌ نێو كۆمه‌ڵگه‌ى كوردیدا به‌ ناوى دینه‌وه‌ .له‌ كاتێكدا نیقاب نه‌ بنه‌مایه‌كى شه‌رعى هه‌یه‌و نه‌ په‌یوندی به‌ شوناسی مسوڵمانێتى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردیه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌ڵكو لاى زۆرینه‌ی روناكبیرانى ئیسلامى عه‌ره‌بیش دیارده‌یه‌كى نامۆیه‌ به‌ ئیسلام و گواستنه‌وه‌ی كولتورى بیابان نشینى عه‌ره‌بیه‌ بۆ ناو ئیسلام .

له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ ئه‌گه‌ر له‌ كوردستاندا سه‌یرى گه‌شه‌كردنى سه‌له‌فیه‌ت بكه‌ین ئه‌وانه‌ى كه‌ رێخۆشكه‌رن و پشتیوانیان ده‌كه‌ن هه‌رهه‌مان پارته‌كه‌ى به‌روارى و هاوشێوه‌كانیانن و له‌ ئه‌م رێگه‌یه‌شه‌وه‌ ده‌یانه‌وێت به‌كاریان بهێنن بۆ كۆمه‌ڵێك ئامانجى سیاسى خۆیان به‌ تایبه‌تى روبه‌رو بونه‌وه‌ى هێڵى پانى ئیسلامی میانڕه‌و،كه‌واته‌ ئه‌م دوو ره‌وته‌( سیاسی و ئاین)یه‌ دوو شتى لێك جیاواز نین و هه‌ردوكیان دو روى یه‌ك دراون .له‌ به‌ر ئه‌وه‌ بزانن یه‌ك سه‌ركرده‌ى سه‌له‌فى مه‌دخه‌لى جورئه‌تى هه‌یه‌ ره‌خنه‌ له‌م سه‌ركرده‌ى پارتى بگرێت و به‌ دژه‌ دین وه‌سفى بكات ؟ له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ سه‌له‌فیه‌ مه‌دخه‌لیه‌كان بۆ جێكردنه‌وه‌ى خۆیان و به‌رده‌وام بوون له‌ كاروچالاكیه‌كانیان، ملكه‌چ بوون بۆ ده‌سه‌ڵات و سه‌رۆكى هه‌رێم و حكومه‌ت، كه‌ هه‌موویان سه‌ر به‌ پارته‌كه‌ى به‌روارین، به‌ ئه‌ركێكى شه‌رعى ده‌زانن و هه‌موویان به‌ وه‌لى ئه‌مرى مسوڵمانانى داده‌نێن ،له‌ به‌ر ئه‌و پێم وایه‌ به‌روارى لێی تێكچوو كه‌ ئه‌م پۆسته‌ى نوسی ،هه‌ر بۆیه‌ له‌ ماوه‌یه‌كى كه‌میشدا لێی په‌شیمان بوه‌وه‌، چونكه‌ پێچه‌وانه‌بوو له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێستى حیزبه‌كه‌ى  ، له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌وانه‌ى كه‌ به‌رگرى له‌ دیارده‌ى نیقاب و دیارده‌ نامۆكانى سه‌له‌فیه‌ت ده‌كه‌ن به‌ هه‌ڵه‌دا چوون و له‌ لایه‌كى تریشه‌وه‌ هه‌ڵوێستێكى دوو روانه‌یه‌و له‌ راستیدا خۆشیان بروایان به‌و رواڵه‌تانه‌ى سه‌له‌فیه‌ت نیه‌ ، چونكه‌ ئه‌و دوو جۆره‌ عه‌قڵیه‌ته‌ هه‌رگیز دژ به‌یه‌ك نین، به‌ڵكو له‌ هاوپه‌یمانیه‌تێكى یه‌كگرتوودان و هه‌ریه‌كه‌یان كار له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى ده‌كه‌ن بۆ زیاتر بره‌ودان به‌ هه‌ژموونى سیاسى ده‌سه‌ڵات و لاوازكردنى دیموكراسى و لێبورده‌یى و فره‌یى و پێكه‌وه‌ژیان.

له‌به‌رئه‌وه‌ له‌ جیاتى ئه‌وه‌ى كه‌ ئێستا ده‌كرێت بۆ به‌رگرى له‌ سه‌له‌فیه‌ت  ، ده‌بوایه‌ پشتیوانى له‌ گه‌شه‌كردنى عه‌قلأ و پێكه‌وه‌ژیانى ئاشتیانه‌ و گه‌شه‌پێدانى دیموكراسى بكرایه‌، چونكه‌ ده‌بوایه‌ ئه‌و راستیه‌ش بزانن كه‌ داعش و قاعیده‌ش هه‌ر جۆرێكه‌ له‌ سه‌له‌فیه‌ت و هه‌ڵگرى هه‌مان بیركردنه‌وه‌و ئه‌خلاق و رواڵه‌تن، له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ ده‌بوایه‌ رێنمایى گه‌نجانیان بكردایه‌ بۆ كرانه‌وه‌و قبولأ كردنى جیاوازى و ده‌ركه‌وتنیان به‌ شێوازێك كه‌ مایه‌ى پاراستنى شوناس و ئه‌خلاق و كولتورى كۆمه‌ڵگه‌كه‌یان بن، نه‌ك ببنه‌ مایه‌ى گواستنه‌وه‌ى سیماو كولتورى بیابانى عه‌ره‌بى بۆ ئێستاى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP