واز له‌ تێكۆشه‌ره‌كان بێنن

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج - 24-06-2019 - 2576 جار خوێندراوەتەوە


ماوه‌یه‌كى زۆره‌ به‌ هۆو بێ هۆ به‌رده‌وام ناوى عوسمانى حاجى مه‌حمودو قادرى حاجى عه‌لى دێت ، زۆر جاریش به‌ ناوى ئه‌وانه‌وه‌ قسه‌و لێدوانده‌درێت ، ئه‌و دوو كه‌سه‌وخه‌ڵكانى دیكه‌ش له‌ دیرۆكى به‌رگرى ورزگارى نیشتمانیدا رۆڵى گه‌وره‌یان هه‌بووه‌ و مایه‌ى شانازى وستایشن به‌و مانایه‌ى ته‌مه‌نى خۆیان بۆ ئازادى میله‌ته‌كه‌یان  ته‌رخان كرد، خه‌ونه‌كه‌یان هاته‌ دى یان نا، ئه‌وه‌یان شتێكى كه‌یه‌، به‌ڵام رۆژگارێك ئه‌وان به‌ گژ قوله‌ى قافدا چونه‌ته‌وه‌، كه‌ ئیدى تروسكاییه‌ك ئومێد چیه‌ به‌ دى ناكرا له‌ماوه‌ى دادێ و له‌ دا هاتودا  بیره‌وه‌رى وتێكۆشانى ئه‌و جوامێرانه‌ ده‌كه‌وێته‌ به‌ردیده‌تان . 

ئه‌و دوو تێكۆشه‌ره‌و خه‌ڵكانى تریش هه‌ن كه‌ هه‌رگیز كه‌میان نه‌كردووه‌ ، ئه‌وان له‌ شاخ و له‌ پارتیزانى وله‌ شارو له‌ كاتى خۆده‌سه‌ڵاتى ودواتریش له‌ ناوگۆڕاندا ئه‌ركى خۆیانبه‌ زیاده‌وه‌ به‌ جێگه‌یاندووه‌ ، له‌ پاى ئه‌و كارانه‌ شایانى رێزو ستایشن نه‌ك تانه‌وقسه‌ى سارد، له‌ دنیادا تێكۆشه‌ره‌كان رێزى گه‌وره‌یان لێده‌نرێت ، ده‌كرێت ئه‌وان حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵات و ته‌نانه‌ت زانكۆكانیش سود له‌ ئه‌زمون و بیر كردنه‌وه‌ورابردوویان ببینن ، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتى كوردى توانیباى خۆى له‌ حكومه‌تى حزبى رزگار كردباو حكومه‌تێكى میلى پێكهێنابا، ره‌نگه‌ بۆ وه‌زاره‌تى ناوخۆ له‌ عوسمانى حاجى مه‌حمود سه‌ركه‌وتو ترمان نه‌بووبێ، بۆ كه‌سێكى وه‌ك قادرى حاجى عه‌لیش ئه‌وه‌ شوێن به‌ دووى ئه‌وه‌وه‌یه‌ نه‌ك ئه‌و به‌ دووى شوێنه‌وه‌.

ئێستا كه‌ ئه‌وان دانیشتون هێشتا بڕیارى هیچ رێكخراوێكى سیاسیان نه‌داوه‌ ، هێشتا بڕواى ته‌واویان به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت به‌ بیركردنه‌وه‌ى ناتوند وتیژانه‌و به‌ هێزى نه‌رم هه‌م سیاسه‌تى كوردى گۆڕانى به‌ سه‌ردا بێت، هه‌م نادادى و سته‌م پاشه‌كشه‌ بكه‌ن،ئه‌و هه‌موو داستان هه‌ڵچنینه‌ له‌ باره‌یانه‌وه‌ له‌ پاى چى ، باوه‌ڕم وایه‌ ئه‌ودوو تێكۆشه‌ره‌و تێكۆشه‌رى دیكه‌ى وه‌ك مولازم عومه‌ر و به‌هادین نورى و كه‌سانى تر ، ئه‌وه‌نده‌یان كردووه‌ كه‌ ئیدى پێویسته‌ راى گشتى هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ر هه‌نگاوه‌كانیان بكات ، من كه‌ به‌وردى ته‌واوى بیره‌وه‌ریه‌كانى عوسمانى حاجى مه‌حمودم خوێندوه‌ته‌وه‌ ، به‌ تایبه‌ت بیره‌وه‌رى ئه‌و 35مانگه‌ى سه‌رده‌مى پارتیزانى ، هه‌ست ده‌كه‌م له‌ تاى ته‌رازودا ئه‌و له‌ چێ گیڤارا به‌ سه‌نگتره‌ ، به‌ڵام ئیدى ده‌رده‌ كورد لێناگه‌رٍێت ، له‌ داهاتودا ده‌بینن كه‌ ئه‌زمونى پارتیزانى باشورى كوردستان و ئه‌مه‌ریكاى لاتین كامیان قورس تر بوونه‌ ، له‌كاتێكا ئه‌زمونى باشورى كوردستان بێ پێشینه‌وكوت و پڕ بووه‌ .

من وه‌ك خۆم جگه‌ له‌ هیواى له‌شساغى و سه‌لامه‌تى هیچ ئیشێكم به‌و دوو جوامێره‌ نیه‌ ، به‌ڵام به‌لامه‌وه‌ گرنگه‌ مرۆڤى كورد جیاوازیه‌كان ببینێت ، یانى دۆخێك دروست نه‌كه‌ین كه‌ ئیدى چاومان نه‌توانێ خارو گوڵ لێكتر جیاكاته‌وه‌ .

تێبینى : من بڕوام وایه‌ له‌ برى بیركردنه‌وه‌ له‌ دروستكردنى حزب بیر له‌ به‌ره‌یه‌كى ته‌ندروست و دروستكردنى هۆشیارى راى گشتى بكرێت زۆر باشتره‌ .

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP