بەپەلە

کێ خاوەنداریەتى مەسەلەى کورد دەکات

فارس نەوڕۆڵی - 24-06-2019 - 1323 جار خوێندراوەتەوە


خەباتى گەلانی چەوساوە هەمیشە لەلایەن کۆمەڵێک نوخبەى ئازادى خوازەوە ڕابەرایەتى کراوە، ئیتر ئەو نوخبەیە بەپێی سروشتى سیاسى و کۆمەڵایەتى ئەو کۆمەڵگەیە دەرکەوتووە، هەندێک جار لە کەسایەتیەکى دەرکەوتوو یاخود پیاوانى ئاینى یاخود لە بنەماڵە یەکدا چڕ بۆتەوە، ئیتر بەپێی ئەو قۆناغە و بوارى سیاسى، خەباتى سیاسى یان چەکدارى پەرەی پێ دراوە، ئەمەش لەچوارچێوەى پرۆژەیەکى سیاسى گشتگیردا خراوەتە ڕوو بۆ دروستکردنى کیانى سیادی یان دەوڵەتی نەتەوەیی. 

پرۆژەکەى (بسمارک-یەکەم ڕاوێژکارى ئیمپراتۆریەتى ڵمانیا 1871-1890) نمونەیەکە کە زۆربەى جار سیاسیەکان ئاماژەى پێ دەدەن و دەگەڕێنەوە بۆى، زۆر سەرکردەى دیکەى جیهان هەن کە خاوەنى پرۆژەى نەمرن بۆ نەتەوەکەیان، لە قۆناغێکدا خاوەندارێتى مەسەلەى نەتەوەکەیان کردووە لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست ، کە سەرچاوەى ململانێ و شەڕو بەریەک کەوتنى بەرژەوەندیەکانە، لێرەدا مەسەلەى کورد ئەو ئەڵقە بووە کە کراوەتە قوربانى بەرژەوەندى سیاسى زلهێزەکان و دابەش کراوە بەسەر چوار دەوڵەتدا کە بە هەموو جۆرێک هەوڵى سڕینەوەی کوردیان داوە، لە بەرامبەر ئەم جەنگە بێ ڕەحمانەدا گەلى کورد بەرەنگارى بۆتەوە ، توانى جەنگى (وجود) بەرێتەوە ئیتر لە هەر قۆناغێکدا گروپێک کەسایەتیەک  بنەماڵەیەک ڕابەرایەتى بزوتنەوەى کوردایەتى کردووە، بەڵام ئەوەى تا ئێستا خاوەندارێتى مەسەلەى کورد دەکات ماڵى (بارزانە).

حەزدەکەم خوێنەر بە چاوێکى ئایدۆلۆجى وشک یان بە ڕق و کینە ئەم وتارە  نەخوێنێتەوە، بەڵکو بە واقع و تێگەیشتن لەواقع سەیرى بکات، منیش وەک واقیع نوسیومە، بۆیە پێویستە خوێنەرى  ئەم وتارە هەر بیر و ڕایەکى هەیە، واقیع وەک ئەوەى هەیە لێى تێ بگات، نەک وەک ئەوەى حەزمان لێیە. لێرەدا دەگەڕێمەوە کرۆکى مەسەلەکە ئەویش ئەوەیە کە سەیرى شۆڕشەکانى بارزان بکەین بەتایبەتى سەردەمى (شێخ عبدول سلامى بارزانى) ئەو کات  (شێخ عبدول سلامى بارزانى) جگە لەوەى لە هەوڵى کۆکردنەوەى هۆزەکانى کوردا بوو، پرۆژەیەکى سیاسى ئامادە کردبوو ئاڕاستەى (عوسمانیەکان)ى کرد کە لە چوار خاڵ پێکهاتبوون ، بریتى بوون لەمانە :-

1- زمانى کوردى لە ناوچە کوردیەکاندا بکرێت بە زمانى فەرمى.
2- خوێندن لە قوتابخانەکاندا بە زمانى کوردى بێت.
3- بەڕێوە بەرایەتیە خۆجێییەکان بەدەست کوردەوە بن.
4- باج و دەرامەت وەک خۆى بمێنێتەوە بە مەرجێک لە چاککردنى قوتابخانە و ڕێگاو بان  و پرۆژە خزمەتگوزاریەکان بۆ ناوچە کوردیەکان سەرف بکرێت.

ئەم داواکارییەى (شێخ عبدول سلامى بارزانى) ساڵى 1907 واتە 112 ساڵ پێش ئێستا ، ئەگەر بە چاوێکى تەڵخ-ى ئەم سەردەمە ئەو کاتە نەخوێندرێتەوە ئەم پرۆژەیەى (شێخ عەبدول سەلامى بارزانى) هەنگاوەکانى بە بەراورد بە جیاوازى سیاسى و فیکرى و کۆمەڵایەتى، هیچى لە پرۆژەکەى (بسمارک) کەمتر نیە، هەرچەندە عوسمانیەکان داواکەیان جێبەجێ نەکردوو لە پلانێکى گڵاودا (شێخ عبدول سلامى بارزانى) بەدیل گیراو لە سێدارە درا، بەڵام ئەم ئامانجە ڕەوایە کپ نەکراو (موستەفا بارزانى) درێژەى بە خەبات داو شۆڕش هەڵگیرسایەوە و دواتر (بارزانى) چووە (کۆمارى مەهاباد) بۆ هاوکارى کۆمار .

ئەگەر کتێبەکەى (غەنى بلوریان- ئاڵەکۆک) بخوێنێتەوە و وێنایەکى بەرزى ڕۆحى ئەو کاتە دەخاتە ڕوو کە (بارزانى) گەیشتۆتە (مەهاباد) چ ورەیەکى بەخشیوە بە کۆمار جگە لە هاوکارى سەربازى هاوکاریەکى دەرونى بەهێز بوو بۆ شکاندنى سنورە دەستکردەکانیش.

دواى ڕێککەوتنى سیاسى لە پێناو (نەوت) کۆمارى کوردستان کرایە قوربانى ، لەو ساتە دژوار و دوڕیانەدا (بارزانى و قازى) دەبوو بڕیارێکیان بدایە دوو ڕێگەى جیاوازیان هەڵبژاردایە، ئەوە بوو قازى ڕێگاى (عیسا)ى گرتوو بارزانى ڕێگەى (موسا)، کە هەردوکیان وەک سومبولى نەمرى مانەوە، دواتر (بارزانى) بۆ درێژەدان بۆ سەندنەوەى مافى کورد بەردەوام بوو چووە سۆڤیەتى ئەوکات ، دواتر لە 1958 دا گەڕایەوە، توانى لە دەستورى (عێراق) ئەوە بچەسپێنێت کە (کورد و عەرەب) هاوبەشن لەم نیشتیمانەدا، ئەمە دەکرێت بە وێستگەیەکى ئاسایشى نەتەوەیی (کوردستان) باس بکرێت، هەرچەندە ئەو ڕێکەوتنە بەردەوام نەبوو، بەڵام شۆڕش هەر بەردەوام بوو بە کۆمەڵێک قۆناغى سەخت و کەوتن و هەستانەوەدا تێپەڕى.

ئەوەى گرنگى خەباتى بارزانی یە دواى هەر شکستێک کە بە پلانگێڕى ئەنجام دراوە ماڵى بارزان لە هەستانەوەدا بە ورەیەکى بەرزتر دەستیان داوەتەوە خەبات، لێرەدا مەبەست وەلا نانى خەباتى مێژووى هیچ کەس و لایەن و بنەماڵەیەک نیە ، ئەوەى دەمەوێت بیخەمە ڕوو واقیعێکە ئێستا ماڵى بارزان خاوەندارێتى مەسەلەى کورد دەکەن ئەمەش ئیعترافى جیهانى و ناوچەیی و ناوخۆیی کوردستانى هەیە ، بۆیە بۆ تێگەیشتنى ئەرێنى لە واقیع بۆ خزمەتى دۆخى کورد باشتر وایە هەموو لایەک تێگەیشتنیان بۆ ئەم واقیعە هەبێت لە چوارچێوەى تێگەیشتنى گشتى کوردستانیدا بۆ خزمەتى بەرژەوەندى باڵاى کوردستان، چوون بەریەک کەوتنى نەرێنى لەگەڵ ئەو واقیعەدا دەرئەنجامى باش نابێت ، ئەمەش ئەزمون پێمان دەڵێت، کەواتە تێگەیشتن لە واقع وەک خۆى ، تێپەڕاندنى واقعە تاڵەکانە ، ئەم وتارەش هیچ ئامانجێکى لە پشت نیە، جگە نیشاندانى ئەو واقیعەو ئەو ئیعترافە هەمەلایەنەیە کە ماڵى بارزان خاوەندارێتى مەسەلەى کورد دەکەن ، بۆ تێگەیشتنى ئەم واقیعەى ئەم قۆناغە و گەیاندنى کورد بە ئامانجەکانى کارکردن بۆ خۆشگوزەرانى خەڵک و یەکانگیرى ماڵى کوردستانى پێویستە ئەو دوو کارێکتەرە جوامێرە هەر کەس لە مەوقیعى خۆیدا ڕۆڵى گرنگ ببینێت بۆ بینا کردنى متمانەى گشتى لە کوردستان، ئەوانیش بەڕێزان (سەرۆکى هەرێم و سەرۆکى حکومەت)ە ، لێرەوە نیشانى دەدەن بە شێوازێکى نوێ کە ماڵى بارزان خاوەندارێتى مەسەلەى کورد دەکەن .

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP