بەپەلە

قەدەر

ئەرسەلان بایز - 23-06-2019 - 17965 جار خوێندراوەتەوە

شەڕی ناوخۆ گەیشتبووە نزیك شاری كۆیە. دەیان پێشمەرگەی هەردوو حزب بێڕەحمانە بە چەكی هەمەجۆر دروێنەی گیانی یەكتریان دەكرد. ئێمەش (جەبار فەرمان، سەعدی پیرە، بەهرۆز گەڵاڵی، بەندە) لە پەنا تاوەرە شاخێك لەلێواری جادەكە وەستابووین. دوو پێشمەرگەش لەولاترەوە بوون، هەر هێندە گوێمان لە گرززەیەك بوو، یەكێك لەپێشمەرگەكان وتی: ئەی بابە. كە سەیرمان كرد پارچەیەكی گوللە تۆپەكە ئەوبەری گردی جادەكە هەڵقۆزیبۆوەو بەر پێشمەرگەكە كەوتبوو، ڕانی ڕاستی وەكو شووتی شەق ببوو، دەستی ڕاستیشی لە ئەنیشكی بەسەرەوە هەر پێستەكەی پێوە مابوو. ئیتر بەپەلە گواستیانەوە نەخۆشخانە. بەداخەوە لەوێ دەستیان بڕییەوە، ئێستاش كە جار جارە لە ماڵی (بەهرۆز) دەیبینم ئەو ڕۆژە سەختانەم دێتەوە یاد. ئەمە قەدەر بوو لەو (6) كەسەمان ساچمەی تۆپەكە بەر ئەو كەوت.

جوك جوك

لە ساڵی (1982) لە سیمینارێك بۆ (مام جەلال) لە هۆڵی شەهید (شەهاب) لە (ناوزەنگ) بەندە ئیدارەی كۆڕەكەم دەدا. كاك (ئاوات عەبدولغەفور) كە ماوەیەك ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵە بوو. پرسیارێكی ڕەخنەئامێزی بۆ (مام جەلال) نارد. منیش وەكو نەریتێك پرسیارەكەم خستە ژێر ئەوانەی پێش ئەو. كەچی (ئاوات) وازی نەهێناو فشاری خستە سەرم تاكو پرسیارەكەی پێش بخەم.

پرسیارەكەم خستە پێش (مام جەلال). بەڵام دیارە (مام) پێشتر لە كەین‌وبەینی نێوان (من) و (ئاوات) ئاگادار بوو. دوای سەیركردنی پرسیارەكە، ڕووی لە (ئاوات) كرد. (ئاوات)…! (چۆلەكەی ئەمڕۆ بە چۆلەكەی دوێنێ دەڵێ جوك جوك). دە هێندەی تۆ كتێبم لەسەر سۆسیالیست و كۆمۆنیزم خوێندۆتەوە. لە دەیان كۆڕو كۆبوونەوەشیان ئامادە بووم. بەشێكیش لەسەركردەكانی ئەمڕۆیان دەناسم.


وەبیرهاتنەوەی ئەو ڕووداوەم بە وتاری هەندێ لەو برا نووسەرە بەڕێزانەم بەستایەوە، كە تەنیا دوور بە دوور (مام)یان دیوەو وەكو ئێمە لەگەڵی نەژیاون، كەچی پێیانوایە ئەوان لە ئێمەومانان زیاتر لە (وتارو ڕێبازی سیاسی و هەڵوێست و پێوەندی نێوان حزب)ەكان لە (مام جەلال) گەیشتوون. 

بەندە زیاتر لە (35) ساڵ لە نزیكەوە ئاشنای (مام) بووم. دەیان وتارم بۆ لە ڕۆژنامەكانی (ڕێبازی نوێ) (الشرارە) (كوردستانی نوێ) بڵاوكردۆتەوە. وەكو مامۆستاش لە دەورەی كادیران دەیان موحازەرەی پێوتوم. لە دەیان سیمینارو كۆڕو كۆبوونەوەی بەشدار بووم، چەندین كتێبمان بۆ چاپ و هەڵەبڕ كردووەو بڵاوكردۆتەوە. بە قسەی ئەو نووسەرە بەڕێزە تازەئاشنایانەی (مام)یش بێت، ئێمە لە ڕێبازەكەی نەگەیشتووین. بۆیە قسەكەی (مام) ئەوانیش دەگرێتەوە (چۆلەكەی ئەمڕۆ بە چۆلەكەی دوێنێ دەڵێ: جوك جوك).

*لەبەر ڕۆشنایی ڕێبازە سیاسییەكەی (مام) (هێندەی لێی فێربووبم) لە ئەنجامی ئەو كارەساتانەی شەڕی ناوخۆ كە بە چاوی خۆم بینیومن، بێ گوێدانە جنێوو ڕەخنەو تۆمەت خستنە پاڵ، دەڵێم: خوایە ئەو شەڕە بڕواو نەیەتەوە. بەپێی توانای خۆشم هەتا بۆم بكرێ پارێزگاری لە ئەزموونی هەرێمی كوردستان دەكەم. برای تەبایی و دژی دووئیدارەیی و شەڕی ناوخۆم. مافە ڕەواكانی (ی.ن.ك)یش بە هەق دەزانم لە دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێم و بەغدا لەسەر بنەمای مێژووی پڕ لە سەروەریی، هاوبەشی حوكمڕانی، قوربانی و هێزو سەرەنجامی هەڵبژاردنەكان.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP