دوو ئیدارەیی کارتی فشارە یان واقیعێکی تاڵ ؟

کاروان جەلال بەگ - 21-06-2019 - 2900 جار خوێندراوەتەوە

لە مێژووی بزاڤی رزگاری خوازی کورد هێندە هەوراز و نشێو هەن کاتێك ئە ووترێ کورد نەتەوەیەکی بێ دەولەتە باوەڕکردنی زەحمەت دەبێ !
سەرە ڕای هەموو ئەو خەبات و قوربانیدانەی کورد لێ مێژووی بێ بەش نەبووە و نیە لە لەنگی و کێماسی کە رەنگە هەر ئەو کێماسیانەش بەشێك بن لە بەربەستەکانی بەردەم گەیشتن بە ئامانجەکانمان.
زۆر ناگەڕێینەوە بۆ دواوە، لە دوای راپەرینی بەهاری ۱۹۹۱ جۆرێك لە سەربەخۆیی لە خۆ بەرێوەبردن لە باشووری کوردستان هاتە چنگ، ئەمە وەچەرخانێکی مەزن و قۆناغێکی گرنگ بوو بۆ کورد ئومێدێکی گەورەی خستە دلی هەموو کوردێك، هەرچەندە مودەتێکی زۆری بەسەر نەچوو کورد بە دەستێوەردانی نەیارانی لە دراوسێ و وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەولەتی توشی شەرێکی نەگیرس بوو کە تاکو ئێستەش ئاسەوارە خراپەکانی بەسەر هەرێمی کوردستان ماونەتەوە .

هۆکارەکانی درووستبوونی شەری برا کوژی:
یەکەم / ترس لە پەرینەوەی بیری ئازادی و خۆ بەرێوەبردن لە باشوور بۆ پارچەکانی تر ،، تورکیا،سوریا، ئێران ،، 
دووەم / مانەوەی پاشماوەی رژێمی بەعس لە نێو دەم و دەزگا ئیدارییەکانی ئەو کات وایکرد هزری شەرانگێزی وەکو درمێك بمێنێتەوە.
سێیەم/ کەمی ئەزموون و  هەلکەوتەی جیوگرافی باشووری کوردستان هۆکارێکی سەرەکی بوو.
چوارەم / ترس لە گەورەبوونی خواستی کورد لە خۆ بەرێوەبردن  بۆ سەربەخۆیی و داواکردنی دەولەتێك بو بە فۆبیا لەلایەن نەیارانی کورد .
پێنجەم / کەوتنە ژێر کاریگەری ئەجێندای دەرەکی لەلایەن چەند کەس و لایەنێك گری لە ئومێدی نەتەوەیەك بەرداو شەری برا کوژی درووست بوو.

کێ تۆمەتبارە و کێ هۆکاری درووستبوونی شەری برا کوژیە تاکو ئێستە بەهەر هۆکارێك بێت یەکڵا نەبوەتەوە، هەر کەس بیەوێ بەرامبەرەکەی پێ تۆمەتبار دەکات !

سەرە رای هەموو زیانەکانی لە رووی سیاسی و ئابووری و کۆمەلایەتی، بەهۆی بوونی ئیرادەیەکی بەهێز لەلایەن ،، سەرۆك بارزانی و مام جەلال تالەبانی ،، کۆتایی بەم قۆناغە نەگیرس و نەخوازراوە هێنرا لە ئان و ساتێکی گرنگ، لەو کاتەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ئامادەکاریان دەکرد بۆ لێدانی رژێمی بەعس لە عێراق، ئەمە وایکرد کورد خۆی کۆبکاتەوە و بەشداری کارای هەبێت لە روخاندنی رژێمی بەعس و کاریگەری زۆری لە بونیادنانەوەی عێراقی نوێ هەبوو، توانرا بەشێکی زۆری مافەکانی گەلی کوردستان لە دەستووری هەمیشەی عێراق بچەسپێنرێن بەهۆی یەکگرتووی کورد .

ئازاری لەسالی ۲۰۰٦ یەکەم کابینەی یەکگرتووی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەست بەکار بوو نێچیرڤان بارزانی وەکو کاندید هەردوولا ،، پارتی و یەکێتی ،، دیاریکرا، بەتایبەتی بە پێداگری خودی مام جەلال لە وەرگرتنی ئەم پۆستە لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، بەهۆی بوونی پەیوەندییەکی باشی لەگەل تەواوی هێز و لایەنەکان.

کابینەی پێنجەم و کابینەکانی دواتریش هەنگاوی باشیان ناوە بۆ کاڵکردنەوە و کەمکردنەوەی ئاسەوارە خراپەکانی شەری برا کوژی، لێ بەهۆی قولبونەوەی بۆ نێو تاك بە تاك و تەواوی مال و کون و کەلەبەرەکانی ئەم هەرێمە وە دەستێوەردانی دەرەکی تاکو ئێستەش نەتوانراوە ئەم مێژووە شومە بە تەواوی بسرێتەوە .

ئایا هەرێمی کوردستان دوو ئیدارەییە یان تەنیا کارتێکی فشارە و بەکاردەهێنرێت ؟

ئەگەر بە ووردی سەرنج لە دۆخی هەرێمی کوردستان بدەین دەشێ بێژین هەرێمی کوردستان هەنگاوی زۆر مەزنی ناوە لە هەموو ڕووێکەوە، لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهانیش ژمارەیەکی هەژمار کراوی گرنگە بەهۆی هەلکەوتەی جیوپۆلەتیکی و زەنگینی بە سامانە سروشتیەکان کە دەکرێ هەرێم ئەمە وەکو کارتێك بەکاربهێنێت لە هەمبەر نەیارانی و ڕاکێشانی دۆستی زیاتر، لێ ناکرێ ئەوەش لەیاد بکەین  تا ئێستەش دوو ئیدارەی لە بەشێکی زۆری دام و دەزگا و سێکتەرەکان ماوە و رێگرە لە یەك دەستەڵاتی و یەك بریاری لە هەرێمی کوردستان دەکرێت .
وە زۆر جاریش وەکو کارتێکی فشار بۆ بەدەستهێنانی پلە و پۆست و دەستکەوت و تێکدانی کەشی سیاسی و سەرقاڵکردی خەلك بەکاردەهێنرێت .
بێگومان فۆبیای لە دایکبوونی دەولەتێك لە باشووری کوردستان زۆر لە دەولەتانی ناوچەکە و جیهانی توشی بێ ئوقرەی و ترسێکی گەورە کردووە، بۆیە هەموو کارتێك بەکاردەهێنن بۆ لاواز کردنی ئەزموونی هەرێمی کوردستان و دروستکردنی ناکۆکی و گرژی لەنێوان هێزە سیاسیەکان تاکو نە پرژێنە سەر ئامانجە گەورەکەیان.

بۆیە ئەرکی سەرۆکی هەرێم و کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێم و تەواوی پارتە سیاسیەکانە بەجدی کار لەسەر نەهێشتنی ئاسەوارەکانی دووئیدارەی بکەن بەجۆرێك بۆ هەمیشە لە زەین و هزری هەمووان بهێنرێتە دەر.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP