بەهیوای سەرکەوتنتم سایە کەریم ..!!

توانا فاضل - 20-06-2019 - 185355 جار خوێندراوەتەوە


 سڵاو خانم، دوای گوێ گرتن لە هاوار هاواری دایکە سەرگەردانەکەت جەرگم ژانی کرد تا گەیشتمە حاڵێك بێ ویستی خۆم ئەمەم نوسی ، وەلێ من بەڕەگەز نێرم بەڵام بۆیەکەمجار لەژیانمدا هەستی دایکایەتی سەراپای بونمی شەتاڵ شەتاڵ کرد و هەستم کرد بەڕاستی دایك بم ..! ئایا تۆش هەمان هەستت هەبوو ؟ من هەستم کرد چاوەکانی پژاوە بەگریانێکی بەخوڕ،  هەستم کرد تەواوی ئەندامەکانی جەستەی قوڕ ئەپێون ..!
 ببینە هێشتاش ئەو لە عوامی خەڵك بۆت ئەپاڕێتەوە  هەتا ماهیەت و شکۆو ناسکێتیت پێ ببەخشێتەوە ..! 

 خاتوون با من بە زمانێکی جیاواز لەئەوانی تر بتدوێنم، کۆڵ ئەدەم لەئەو  هاڵاوی بێزاری و دڵ توندیەم، هەتا سبەی نەڵێیت ڕێ نیشاندەرێکی لەبز شیرین نەبوو بمخاتەوە سەر ڕێگە دروستەکە و گشت تان بریندارتان ئەکردم بە هەڵوێستەکانتان، کەواتە هۆشت لەلام بێت با چەند شتێکت پێ بێژم ....

۱ـ سایە خاتوون ڕێ مەدە پیاوانێك لەسایەتدا پشوو بدەن کە تەنانەت شایستەی ووردە هەناسەش نین، ئەوە بۆ هەناسەی قوڵ و درێژ هەر هیچ ...

۲ـ ئەزانیت سایە پار ساڵ کە یەکەم ڤیدیۆتم بینی بڕوادار نەبووم وەها کارێکی چەوت و خوار بکەیتە ڕاست.. ؟ وتم تەنها بۆ ناوبانگەو ئەیەوێت بمان گەوجێنێت.. ! بەڵام وانەبوو بەس خۆزگە وائەبوو ..!

۳ـ ئەزانیت خاتون ئێستا تەماع لە عەورەتی نێرە ورچیش ئەکرێت ..؟ ڕوونتر بڵێم منیش ئەگەر بەئەم نێرینەییەی خۆمەوە بێمە ئەو جیهانەی ئێستا تۆ تیایدا ئەژێیت دڵنیام موشتەری گەلێکی باش ئەکەونە کڕینم.  لەبەرئەوە دڵ خۆش مەبە کە دەورت پڕە لە کۆمەڵێك چەپڵە لێدەری ڕێ ون کەر، چونکە تۆیەکی ئافرەت بەئەو ناسکەیەتەوە شكی تیادانیە لەمنیش زیاتر لێت خڕ ئەبنەوە..! تکایە فریوی ئەوانه مەخۆ ...!

٤ـ مەڵێ کات دێرە و ئیتر ناتوانم بە ڕێگایەکی تردا ڕێ بکەم، یەقینت هەبێت تۆ هێشتا بچوکیت و دنیات کەم بینیوە، کردنی ئەم کارەشت بەڵگەیە بۆ کەم ژیاوی و بێ ئەزمونیت،  پێش ئەوەی هەڵ بچیت بیر بکەرەوە ئەمڕۆ لەسبەی گونجاوترە ، دڵخۆش بە گەڕانەوەی تۆ جێی دەست خۆشی زۆرینەمان ئەبێت و پشکی شێری ئافەرینەکانی ساڵت بەرئەکەوێت ..

٥ـ سایەی دایکە دڵ شەقارەکە ،واز لەئەو خەیاڵاتانە بهێنە مەڵێ ئیتر کۆمەڵگە قبوڵم ناکاتەوە، نەخێر وانیە ئێمەی کورد میللەتێکی مەیلەو عاتفین و هێشتاش پیاوانێکی زۆر مەردمان ماون خەم خۆری شەرەفی ئافرەتانی وڵاتیانن، لەبەر خۆشت نەبێت لەبەر دڵی خێزان و ئەوانەی ڕۆژگارێك لەئازیزانت بوون ئیتر قسەت لەسەر ناکەن ، بەهەڵەدا مەچۆ ئێمه ڕقمان لەئەم کردارانەتە نەك خودی خۆت،  ئەگەر ڕێ بدەیت فریادڕەست ئەبین و دەستەکانت بە ئەمانەت و بەنەرمی ئەگرین لەپێناو ئاسودەیی دەروونی خۆمان و تۆ و گەلێك هۆکاری تر  ...

٦ـ سایە ئەزانم کەمێك گوێ گرانیت لەئاست ئەم دێڕانە بەڵام سێ سبەی ڕۆژێ بۆت ئەسەلمێنێت کە دایك و باوك و کەسانی نزیك پشت و پەنای ڕاستەقینەی مرۆڤن ، تۆ چاو لێ مەکە بڕێك جار عەزیەتیان کردویت، دەی هەرچاوت لەسەر ئەوان نەبێت کەمێك خۆشت ببینە، لەوانەیە تۆش تاوانباربیت بەئەوەی کە مناڵێکی سەلارو کچێکی کچانە نەبویت بۆیان. کەواتە ڕێ مەدە چی تر بەهۆتەوە هەر بمرن و بمرنەوە ...

۷ـ تکایە ڕێ مەدە ئەم هەموو کەنیشکە ئاورنگ ئاساو گەنم ڕەنگیانەی هاوزمانت پەلکێشی ژیانێکی وەك تۆبن، پێیان بڵێ ئەوەی تۆ کردت کەتنێك بوو نەك کارێکی باش، بائیتر کەس خەمی داهاتوی مناڵەکانی نەبێت و دڵنیاییان بەرێ  ...

٨ـ  سایە خاتون ڕێ مەدە سبەی بێ سایە ببیت ...!! نەوەكو هیچ کەس بەڵکو هیچ هێزێكیش لە ململانێ کردنی کۆمەڵگەدا براوە نەبووە، تۆش براوە نابیت ....

۹ـ سایە خاتوون باڕاستیەکت پێ بێژم، ببینە بڕێك پیاو تەنانەت لەگەڵ ئافرەتێکیش کە هاوسەریان بون و مناڵیش لەنێوانیان هەیەو  ساڵانێکیش پارێزەری شکۆو جوانیان بوون کەچی ئێستا کە لەیەکتری جودابوون خۆیان یەکەم کەسن کە دوژمنایەتیان ئەکەن و بەلاڕێ یاندا ئەبەن، دەی کەواتە دڵنیابە ئەوانەی ئێستا ئیشیان پێتەو ئافەرینت ئەکەن سبەی خۆیان دەست ئەخەنە بینەقاقات و بڕست لەهەناسەت ئەبڕن و لێ ناگەڕێن بژێیت ....

‌۱۰ــ سایەی بابە هەلا هەلاکەت، ئەوەی تۆ ئەیکەیت ئەوروپایی بون و ئارام بەخش نیە، تۆ ببینە چ حاڵێکت هەیە ..!  تەنها بەشێکی کەمی ئەوروپاییەکان ئازادی لەلایان بریتیە لەئەم کارانەی تۆ، بڕوابکە باقی ئەوانی تریان شەرمنن هەتا پەنجەرەی ماڵەکەشیان باش نەگرن ناچنە لای یەکتری. بەئاگابە شەرت نیە هەرکارێك مرۆڤێك کردی ڕاست بێت ...

11ـ خاتونی دزراو، وای مەبینە بە وشەی (پۆرن ستار) ئیدی تۆ ئەبیتە کەسێکی جیاوازتر لە قەرەجە لاشە فرۆشەکانی سەر شەقامەکان وشەی ( پۆرن ستار)ی تەنها ماسکێکەو هیچی تر ئەگینا سەرئەنجام تۆش لەتەك ئەواندا وەستاویت و هەمان کاری ئەوان کارتە ....

ئەزانم زۆرم وت بەڵام گەلێ پێویست بوو، بەڵام من وەك لاوێکی وڵاتەکەت لەجیاتی ویستنی جەستەت تەنها کەمێك کاتم لێ ویسیت بۆ خوێندنەوەی ئەمە، دڵنیام کوڕ گەلێکی مەردیش خاوەن هەمان پەیامن بۆت. بێگومان کچانیش دڵ توندن بۆ ئەوەی لای تۆ ئەگوزەرێت، خۆزگەش تا ئێرەت خوێندبێتەوە وخاڵی ‌‌۱۲ +۱۳+۱٤+ ....... بەجێ ئەهێڵم بۆخۆت، ئەبێ بزانیت ئەمەوێت چی و چی ترت پێ بڵێم ....!!

هەرگیز هەست مەکە بەوتنی ئەمانە تێکەڵ بەژیانی تایبەتیت بووم ، لەئێستادا تۆ جەستەو بیروڕاو قسەکانت بۆ هەموان پیشان ئەدەی کەواتە هەمووانیش قسەت لەسەر ئەکەن، ئەگەر بەگوێشمان ناکەیت بەبیانوی ئەوەی ئازادیت، بابڵێین هەقی خۆتە با هەق دانت بەمن و تەواوی هاوزمانیانت هەڵگرین بۆ کاتی خۆی، بەڵام خۆزگە ئەوێ ڕۆژێ کات زۆر درەنگ نەبوبێت ...

خاتوون ڕێگای ژیان گۆڕینت کارێکی باشە دوو دڵ مەبە ، بەپێچەوانەشەوە بەردەوامیت نازانم ئەتگەیەنێتە کوێ بەڵام دڵنیام ئەگەیتە شوێنێك لە تاو ئازاری دەروونت هەر ۱۰ پەنجەی خۆت ئەگەزیت، پێ ئەچێت دەرفەتیشت نەدرێیت ئەوەش بکەیت و لەچاو تروکانێکدا کۆتایت پێ بێت.. !

بەهەرحاڵ سایە خاتوون دێمەوە بۆ سەردێڕی تکا نامەکەم و دووبارە ئەڵێم  هیوام سەرکەوتنتە، بێگومان لەکاری ئێستاتدا نااااا بەڵکو لە ئەو کارەی لەداهاتودا ئەیکەیت کە هیواگوازم خاڵی خاڵی بێت لە خەیاڵاتی ئێستات و پڕ پڕبێت لە جوانی و ئەو سیفاتە کوردەواریانەی لەمێژە کچان و ژنانی ئێمە لەسایەیدا بەشکۆوە ژیاون.

ببورە نەم توانی زیاتر نەرم ترو شیرین تر بپەیڤم بۆت، بەهۆی کارو پیشەی ئێستاتەوە ناز پێدانت وەك کچە کوردێکی سەلار منیش و کۆمەڵگەش بەشەرمی ئەزانین.. ئەگەر بڕیارتدا بەگوێمان بکەیت منیش بەڵێن ئەدەم ئەوکات شتانێکی تر ببێژم  تا زیاتر دڵیان پێ خۆش بکەیت.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP