بەپەلە

یه‌كێتی و یه‌كبوونی كورد له‌ خاك و زمان و مێژووه‌كه‌یدایه‌

دانا مەنمی - 20-02-2017 - 2716 جار خوێندراوەتەوە

دانا مه‌نمی 

هه‌رگیز حه‌ز ناكه‌م كه‌سێك به‌ نووسینه‌كانمه‌وه بشڵه‌ژێ، یان خه‌مۆكی هه‌راسانی بكا یاخود په‌نا بباته‌ به‌ر شه‌ڕی ئه‌عساب، به‌تایبه‌تی هاونیشتمان و هاونه‌ته‌وه‌ی خۆم ، ئاماده‌شم ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌ بم ده‌رهه‌ق هه‌ر یه‌كێك سه‌ری بۆ دانه‌وێنم، چونكه‌ له‌ خوێنی خۆمه‌، هاوزمانین ،یه‌ك نه‌ژادو كلتورو فه‌رهه‌نگین .

خۆئه‌گه‌رنا بزانم جاش قه‌له‌مێك له‌ خیانه‌تكاری له‌گه‌ڵ میلله‌تی كوردا، ناوه‌ستێت و ئاوێ له‌ ئاوه‌ڕۆ ده‌رده‌كا، ئاو به‌ ئاشی دوژمندا ده‌كات ، پێنووسه‌كه‌م چیی به‌ عه‌ره‌ب وشۆڤێنیسته‌كان ده‌كاو كردوویه‌تی ، ئه‌وا دووهه‌نده‌ له‌گه‌ڵ جاش قه‌ڵه‌مه‌ كورده‌كه‌ دێته‌ گۆ و هه‌ر وشه‌یه‌كم ده‌بیت به‌ چه‌قڵ و به‌رد.! 
هیچ پارتێكی سیاسی له‌ كوردستان به‌ ته‌نها خاوه‌نداریه‌تی خاك و نیشتیمان و میلله‌ت ناكات‌ ، كه‌وایه‌ كه‌سیش به‌ ته‌نها خاوه‌نی شه‌هیدو خه‌بات و تێكۆشان نییه‌ ، هه‌موو هێزه‌ كوردییه‌كان به‌ عه‌لمانی و ئیسلامییه‌وه‌ ، به‌ راست و چه‌په‌وه‌ ، خاوه‌نی خه‌بات و تێكۆشانن به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ر میلله‌تدا كه‌مینه‌ن ، كه‌وایه‌ له‌ دژی لایه‌نێك ،په‌لامارو سوكایه‌تی به‌ خاك و نیشتیمان و شه‌هید و پێشمه‌رگه‌ مه‌كه‌ن ، چونكه‌ ئه‌وانه‌ سه‌رمایه‌ی ڕه‌مزی و مه‌عنه‌وی میله‌تن !!

زۆر حزبی تر خۆیان پێ خاوه‌نی شه‌هیده‌و به‌ خۆیان ده‌ڵێن " حزبی شه‌هیدان " هه‌یشه‌ خۆی به‌ خاوه‌نی " مافی چاره‌ی خۆنوسین " ده‌زانێت و چاوه‌ڕێی سفره‌ی حازر ده‌كات ! تێكۆشان له‌ پێناو به‌ ده‌ستهێنانی مافه‌ ڕه‌واكانی میله‌تی كوردو هه‌نگاونان به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆی سیاسی ، نه‌پێویستی به‌شه‌رمه نه‌نه‌گیشه‌‌ ، نه‌به‌ فه‌رمووی هیچ كه‌ س و حزبێك ، ده‌رگا ئاوه‌ڵایه‌و ده‌ستی كه‌س نه‌گیراوه‌ كێ ئه‌سپی خۆی تاو ئه‌دات ،ئه‌وه‌ ئه‌رزو گه‌ز، مێژووبه‌ شكۆدارییه‌وه‌ ئه‌م ڕۆژانه‌ تۆمار ده‌كات .

ئه‌و ئه‌زمونه‌ی له‌ كوردستان هه‌مانه‌و بیست وپێنج ساڵه‌ له‌ ژێر سیبه‌ری حوكمڕانیه‌تی خۆماڵیداین ، به‌باش و خراپیه‌وه‌ ، بۆن و ناسنامه‌و سیمای كوردبوونی پێوه‌ دیاره‌ ، ناحه‌زانی كوردیش سه‌نگه‌ری دژایه‌تی ئه‌و سیماو ناسنامه‌ قه‌ومیه‌یان گرتووه‌ كه‌ هه‌ڵگری ڕۆح و ئاوێته‌ بوونی كوردایه‌تی و كوردبوونه‌ .

پێویسته‌ هه‌موومان پارێزگاری له‌ قه‌زیه‌ی كوردی بكه‌ین و مه‌زنتری بكه‌ین و هێواش هێواش میله‌ته‌كه‌مان بگوازینه‌وه‌ بۆ نه‌ته‌وه‌و نه‌ته‌وایه‌تی له‌ ڕووی یاسایی و ده‌ستورییه‌وه‌ بنیات بنێین و ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان دابمه‌زرێنین ، باچیتر ده‌ستبه‌رداری هێلانه‌ی جاشایه‌تی و به‌شێك نه‌بین له‌ پلان و سیناریۆو به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتان ، به‌ڵكو له‌ چاوی به‌رژه‌وه‌ندی میله‌ته‌كه‌مانه‌وه‌ په‌یوه‌ندی و هه‌ماهه‌نگی دیپلۆماسی ببه‌ستین له‌گه‌ڵ جیران و دۆسته‌كانمان له‌ ئه‌وروپا و ئه‌مریكاو كه‌نداوی عه‌ره‌بی .

یه‌كێتی و یه‌كبونی كوردستان ، له‌ یه‌كێتی خاكه‌كه‌یدایه‌ ، له‌ یه‌كێتی زمانه‌كه‌یدایه‌ ، له‌ یه‌كێتی مێژووه‌كه‌یدایه‌ ، له‌ یه‌كێتی فه‌رهه‌نگ و كلتورو ترادسیۆنی كوردایه‌تیدایه‌ ، دواجار له‌ یه‌كێتی ئیراده‌و كۆده‌نگی و یه‌كریزی نیشتیمانیدایه‌ ، كه‌وایه‌ ئێمه‌ خاوه‌نی هه‌موو پێكهاته‌كانی فاكته‌ری هێزی نه‌ته‌وایه‌تین .

خۆئه‌گه‌ر ئه‌م فاكته‌رانه‌ی هێزی نه‌ته‌وایه‌تیمان یه‌ك نه‌بوو ، ئیراده‌و یه‌كێتی و یه‌كبوون له‌ نێوان هێزو گروپ و پارته‌ سیاسییه‌كاندا نه‌بوو ، مومكین نییه‌ ، ده‌رفه‌ته‌كان له‌ده‌ست بده‌ین و جارێكی تر ده‌رفه‌تی وازێڕین و حازرو بزر نایه‌ته‌وه‌ به‌رده‌ستمان ، گرنگه‌ ده‌رفه‌ت نه‌دۆزینه‌وه‌ بۆ بڕوبیانوی سیاسی وشوناسی یه‌كترمان قبول بێت ، هه‌موومان له‌ چوارچێوه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیدا به‌رپرسیاره‌تیمان له‌سه‌ر شانه‌ و خۆمان له‌ به‌رپرسیاره‌تی نه‌دزینه‌وه‌ .

هیچ ده‌رفه‌تێك وه‌كو ده‌رفه‌تی ڕێكخستنی زه‌مینه‌سازی نێوماڵی كورد نییه‌ بۆ پرسی سه‌ربه‌خۆی كوردستان ، چونكه‌ هێزی ره‌مزی و مه‌عنه‌وی و ئیراده‌ی میلله‌ت ئه‌به‌خشێته‌ مه‌شروعی سه‌ربه‌خۆی و ووردبینانه‌تر ، عه‌قلانیتر ، حه‌كیمانه‌تر ، بڕیار ئه‌درێت و به‌رپرسیاره‌تیش له‌ ئه‌ستۆی هه‌مواندا ده‌بێت ، دواجاریش زیانی بۆ په‌زه‌كان نابێت ، مه‌سه‌له‌كه‌ ووردو درشتی (معلوم من الدين بالضرورة) واته‌ ڕۆشنه‌ ،به‌ڵگه‌نه‌ویسته‌ ، سوێندی ناوێت .


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP