بارزانیه‌كان و حزبه‌كه‌یان و لێبورده‌یی

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج - 14-06-2019 - 9374 جار خوێندراوەتەوە

پێش ئه‌وه‌ی  ده‌ستبكه‌م به‌ نوسینی ئه‌م وتاره‌ به‌ ڕێكه‌وت رۆژنامه‌ی كوردستانی سه‌رده‌می كۆماره‌ له‌ دار دراوه‌كه‌ی مهابادم له‌ به‌ر ده‌ست بوو ، له‌ 2ی مارسی 1946 و له‌ لاپه‌ڕه‌ 4 له‌ ژێر ناوی "ئه‌خباری نێو خۆمان " باسی گه‌یشتنی مه‌لامسته‌فاو بارزانیه‌كانی هاوڕێی به‌ مهاباد ده‌كات ، كه‌ سێ‌ رۆژ پێشتر گه‌یشتون ، ته‌نانه‌ت له‌ هه‌واڵه‌كه‌دا باسی سه‌عاتی گه‌یشتنه‌كه‌ش كراوه‌ " ساتی 5ی پاش نیوه‌ڕۆ واردی مهاباد بوون " باسی پێشوازی گه‌رمی حزبی دیموكرات و دواتر پێشه‌واله‌وان ده‌كات ، له‌ باره‌ی بارزانیه‌وه‌ ده‌نوسێ‌ " پیاوێكی سیاسی و زه‌عیمێكی كوردی بارزانه‌ " هه‌روه‌ها ده‌ڵێ‌ " زاناو تێگه‌یشتوه‌ موته‌مه‌دن و نیشتمانپه‌رسته‌ "له‌ ژماره‌كانی تریشدا باسی سه‌ردانی بارزانی بۆ شوێنه‌كانی مهابادو سه‌ربازگه‌كان ده‌كات ، له‌ ژماره‌ 31له‌ لاپه‌ڕه‌ی یه‌كه‌مدا هاشم خه‌لیل زاده‌ له‌ سه‌ر مه‌لامسته‌فا وه‌ڵامێكی توندی رۆژنامه‌وانێكی تورك ده‌داته‌وه‌ .

 ئه‌م بیر خستنه‌وه‌یه‌م بۆ ئه‌وه‌یه‌ بڵێم هه‌میشه‌ بارزانیه‌كان به‌ چاوی رێزه‌وه‌ له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ ی كوردستانسه‌یریان كراوه‌ ، كێشه‌ له‌ خه‌ڵكا نیه‌ ئه‌گه‌ر لێره‌و له‌وێ‌ جیاوازیش هه‌بووبێت ، كێشه‌كه‌ له‌ بارزانیه‌كاندایه‌ به‌ تایبه‌ت قسه‌ی ئێستای منله‌ سه‌ر هه‌ردوو سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی حكومه‌ته‌ ، دوو ئامۆزاكه‌ ، ئاخۆ چۆن وڵات به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن ، چۆن برینه‌كان ساڕێژده‌كه‌ن ، چۆن ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی دابین ده‌كه‌ن ، قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ ئایه‌ ئه‌وان ده‌بنه‌ سه‌رۆكی هه‌رێم و حكومه‌تی هه‌موو كوردستانی باشور یان سه‌رۆكی هه‌رێم و حكومه‌تی پارته‌كه‌ی خۆیان و یه‌ك ناوچه‌ ، ئه‌وان ده‌توانن هه‌مان ئه‌و خۆشه‌ویستیه‌ی خه‌ڵكی مهاباد زندوو بكه‌نه‌وه‌ له‌ سلێمانی وگه‌رمیان و كه‌ركوك و راپه‌ڕین و هه‌ڵه‌بجه‌و شوێنه‌كانی تر ، یان هه‌ردریًژه‌ به‌و نادادیه‌ ده‌درێت و بیانوه‌كه‌ش ئه‌وه‌ ده‌بێت كه‌ سلێمانی و گه‌رمیان و هه‌ڵه‌بجه‌ لای ئه‌وان نیه‌ .

دادگه‌ری و به‌ یه‌ك چاوڕوانینه‌ خه‌ڵك و ناوچه‌كان ئه‌ركی ئاكاری دوو ئامۆزاكه‌یه‌ ، ناكرێت بودجه‌ی قه‌زایه‌كی بادینان له‌ بودجه‌ی قه‌زایه‌كی سلێمانی زیاتر بێت ، ناكرێت سه‌رۆكی هه‌رێم و حكومه‌ت چاویان به‌س پارتیه‌كان و له‌ ناو پارتیه‌كانیشدا ئه‌وانه‌ی له‌ به‌ر دڵانن ببینن و ئاگاداری ئه‌ندامه‌كانی یه‌كێتی و گۆڕان و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو ئه‌وانی تر نه‌بن ، زه‌وی و پاره‌ بۆ پارتیه‌كان هه‌بێت ، بۆ عه‌ره‌ب و فڵان و فیسار هه‌بێت ، بۆ ئه‌وانی حزبه‌كانی دیكه‌ نا ، ناكرێت جیاوازی له‌ نێوان هاونیشتمانیه‌كاندا بكرێت كه‌ ئێستا به‌ به‌ربادی هه‌یه‌ ، ناكرێت دوو ئامۆزا هه‌ر له‌ خه‌می ئه‌وانه‌دا بن كه‌ ماستاویان بۆ ده‌كه‌ن و پیایاندا هه‌ڵده‌ڵێن و پشت بكه‌نه‌ ئه‌وانه‌ی ره‌خنه‌یان لێده‌گرن و ده‌یانگرێنن ، دۆست ئه‌وه‌یه‌ بیانگرێنێ‌ نه‌ك ئه‌وه‌ی ماستاویان بۆ ده‌كات .

 هه‌ردوو سه‌رۆكی هه‌رێم و حكومه‌ت زۆر برین و كه‌لێن و كێشه‌ هه‌یه‌ ده‌بێت چاره‌سه‌ری بكه‌ن ، ده‌بێت جۆنلۆكانه‌ بیر له‌ لێبورده‌یی بكه‌نه‌وه‌ ، ده‌بێت وه‌ك دهۆك سه‌یری سلێمانی بكه‌ن ، وه‌ك زاخۆ سه‌یری چه‌مچه‌ماڵ ، وه‌ك بارزان سه‌یری رزگاری ، ئه‌ركی ئه‌وانه‌ ئارامی وئاسایش بۆ هه‌موو لایه‌ك دابین بكه‌ن به‌وانه‌شه‌وه‌ كه‌ ره‌خنه‌یان لێده‌گرن ، به‌وانه‌شه‌وه‌ كه‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌وان نین ، ئه‌ركی ئه‌وانه‌ژیانی هاونیشتمانیه‌كان بپارێزن ، داوای بوردن له‌ دایكی جگه‌ر سوتاوه‌كان بكه‌ن ، ئه‌ركی ئه‌وانه‌ ته‌مبێی جنێو فرۆشه‌كانی نێو حزبه‌كه‌یان بكه‌ن ، تاخه‌ڵكی تر ناچاری توند و تیژی وه‌ڵام دانه‌وه‌ نه‌بێت ، ئه‌ركی ئه‌وانه‌ خه‌باتی ناتوندو تیژی په‌ره‌ پێبده‌ن ، له‌ سه‌ر خه‌باتی ناتوندو تیژی قسه‌ی ترمان ده‌بێت .
دوا قسه‌شم بۆ ئه‌وانئه‌وه‌یه‌ ئه‌وی بۆ پاره‌ به‌ شان وباڵی ئه‌وانا هه‌ڵئه‌دات به‌ پاره‌ی زیاتر بۆ دوژمنه‌كه‌ی ئه‌وان سه‌ما ئه‌كات .
به‌ قسه‌ی ھەندێکی نزیک لەخۆتانیش مه‌كه‌ن  جیاوازی دوو ڕووی نیه‌ ، نه‌بادا ئه‌مه‌ سه‌ره‌تای دیكتاتۆریه‌ت بێت .

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP