پرسیاره‌كانى خه‌ڵك و كابینه‌ى نۆیه‌م

فارس نەوڕۆڵی - 13-06-2019 - 3508 جار خوێندراوەتەوە

هه‌مومان ده‌زانین سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران قاڵ بوى مه‌یدانى سیاسیه‌ ئه‌و له‌سه‌ره‌تاى لاوێتیه‌وه‌ ده‌ست و په‌نجه‌ى له‌گه‌ڵ سیاسه‌ت نه‌رم كردوه‌

پاش گفتوگۆیه‌كى دورو درێژ سه‌ره‌نجام به‌ڕێز مه‌سرور بارزانى وه‌ك كاندیدى پارتى سوێندى خواردو ڕاسپێردرا بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت ئه‌وه‌ى سه‌رمایه‌یه‌ به‌ده‌ست كابینه‌ى نوێى به‌ڕێز مه‌سرور بارزانى، سود وه‌رگرتنه‌ له‌ ئه‌زمونى هه‌شت كابینه‌ى پێش خۆى، كه‌ وه‌ك خه‌رمانێك ئه‌زموون وایه‌ به‌ئه‌رێنى و نه‌رێنیه‌وه‌ چونكه‌ كابینه‌كانى پێشو به‌قۆناغى زۆر سه‌ختى سیاسى و ئابورى سه‌ربازى و ئاسایشدا تێپه‌ڕى بۆیه‌ ده‌كرێت بۆ هه‌ندێ پرس بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئه‌و ئه‌زمونانه‌، ئه‌وه‌ى پێویسته‌ قسه‌ى له‌سه‌ر بكه‌ین كابینه‌ى نوێ و چۆنیه‌تى حكومڕانى یه‌، پرسیارى فه‌لسه‌فه‌ى سیاسى ئه‌وه‌یه‌ كێ حكوم ده‌كات، چۆن حكوم ده‌كرێت، هه‌مومان ده‌زانین سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران قاڵ بوى مه‌یدانى سیاسیه‌ ئه‌و له‌سه‌ره‌تاى لاوێتیه‌وه‌ ده‌ست و په‌نجه‌ى له‌گه‌ڵ سیاسه‌ت نه‌رم كردوه‌ له‌لایه‌نى تیۆریه‌كه‌شیه‌وه‌ ده‌رچوى زانسته‌ سیاسیه‌كانه‌ له‌زانكۆیه‌كى ناودارى جیهان، بۆ ماوه‌یه‌كیش به‌رپرسى ده‌زگایه‌ك یان وه‌زاره‌تێكى هه‌ستیار بووه‌ بۆیه‌ به‌ئاگایه‌ له‌جوڵه‌ سیاسى و دبلۆماسى و كێشه‌ گشتیه‌كان، كه‌واته‌ كابینه‌ى نوێ پێویسته‌ حكومه‌تێكى وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى پرسیاره‌كانى ئه‌م قۆناغه‌ بێت ، مه‌به‌ست له‌وه‌ڵامدانه‌وه‌ش بۆ ئێستا ئه‌م لایه‌نانه‌یه‌ : 

1- وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ماف :- به‌و مانایه‌ گێڕانه‌وه‌ى سه‌روه‌رى بۆ دادگاكان و له‌هه‌مانكاتدا ته‌واوى كاربه‌ده‌ستانى ده‌وڵه‌تى له‌كاتى یاسا شكێنیدا چى له‌كاره‌كانیان و چى زوڵم كردن له‌هاوڵاتیان، له‌به‌رامبه‌ر دادگا به‌رپرس بن چه‌مكى حكومه‌تى قانون له‌بنه‌مادا هه‌ر له‌وه‌دا خۆى ده‌نوێنێ ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ كه‌ئه‌و كه‌سانه‌ى قانون و سیاسه‌ته‌كان ڕاده‌په‌ڕێنن خۆیان ده‌بێت به‌پێى په‌یڕه‌وێك كه‌ قانون دیارى كردوه‌ كاربكه‌ن، له‌هه‌مانكاتیشدا هیچ خاوه‌ن پێگه‌یه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تى و ئاینى له‌ده‌ره‌وه‌ى دادگاكاندا نه‌توانێت فه‌رمان به‌دادگا و دادوه‌ر بكه‌ن ئه‌مه‌ بنه‌مایه‌كى گرنگه‌ بۆ سه‌ركه‌وتنى كابینه‌ى نوێ  و هاوسه‌نگى دادوه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى.
حكومه‌ت یان به‌رپرسانى ئیجرائى ده‌بێت له‌به‌رامبه‌ر په‌رله‌مان و خه‌ڵكدا ، له‌باره‌ى سیاسه‌ته‌كانیان و هه‌روه‌ها ئه‌وله‌ویه‌ت و چۆنیه‌تى به‌جێ گه‌یاندنیان وه‌ڵام بده‌نه‌وه‌

 

2- وه‌ڵامدانه‌وه‌ى سیاسى:- به‌و مانایه‌ى كه‌ حكومه‌ت یان به‌رپرسانى ئیجرائى ده‌بێت له‌به‌رامبه‌ر په‌رله‌مان و خه‌ڵكدا ، له‌باره‌ى سیاسه‌ته‌كانیان و هه‌روه‌ها ئه‌وله‌ویه‌ت و چۆنیه‌تى به‌جێ گه‌یاندنیان وه‌ڵام بده‌نه‌وه‌ له‌م وه‌ڵامدانه‌وه‌دا بنیاده‌ هه‌ڵنه‌بژێردراوه‌كانى ده‌وڵه‌تى، وه‌ك خزمه‌ته‌  گشتیه‌كان، هێزه‌كانى پۆلیس ، ئاسایش ، له‌گه‌ڵ ئه‌و وه‌زیرانه‌ى كه‌حكومه‌ت دایناون، وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ن له‌به‌رامبه‌ر په‌رله‌مان و هێزى قانونى دانان، كه‌به‌نوێنه‌رى خه‌ڵك ئه‌ژمار ده‌كرێت ، نوێنه‌رانى په‌رله‌مانیش له‌به‌رامبه‌ر ده‌نگده‌ره‌كانى خۆیاندا به‌رپرسى وه‌ڵامدانه‌وه‌ن.
كاركردن بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ى داهاتى تاك و گه‌شه‌ى خۆشگوزه‌رانى ده‌بێته‌ هۆى وه‌ڵامدانه‌وه‌ى پرسیاره‌ داراییه‌كانى خه‌ڵك و لێره‌وه‌ متمانه‌ى هاوڵاتى به‌حكومه‌ت زیاتر ده‌كات

 

3- وه‌ڵامدانه‌وه‌ى دارایى :- واتا به‌رپرسیاریه‌تى حكومه‌ت له‌خه‌رجكردنى داهات به‌شێوه‌یه‌كى یاسایى و دادگه‌رى، بۆ كۆى سێكته‌ره‌كان و دۆزینه‌وه‌ى ڕێگا چاره‌ى یاسایى بۆ رێگه‌گرتن له‌ گه‌نده‌ڵى و به‌هه‌ده‌ردانى پاره‌، ئه‌مه‌ش هێزى حكومه‌ت له‌سه‌پاندنى یاساو دیاریكردنى ڕاده‌ى گه‌شه‌ سه‌ندنى ئابورى، كاریگه‌ریه‌كى ئه‌رێنى ده‌بێت، له‌م بواره‌دا، له‌هه‌مانكاتدا كاركردن بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ى داهاتى تاك و گه‌شه‌ى خۆشگوزه‌رانى ده‌بێته‌ هۆى وه‌ڵامدانه‌وه‌ى پرسیاره‌ داراییه‌كانى خه‌ڵك و لێره‌وه‌ متمانه‌ى هاوڵاتى به‌حكومه‌ت زیاتر ده‌كات.
ئازادیه‌كانى ئاینى و ڕۆژنامه‌گه‌رى و ڕاده‌ربڕین له‌كوردستان له‌هه‌مو وڵاتانى ناوچه‌كه‌ له‌پێشتره‌، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ى هه‌ندێ جار ده‌چێته‌ سنورى یاسا شكێنى

 

4- وه‌ڵامدانه‌وه‌ى پرسه‌ دیموكراتیه‌كان:- مه‌به‌ست له‌م وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ له‌بوارى ئازادى ڕاده‌ربڕین و رۆژنامه‌گه‌رى و ئازادى ئاینه‌كان و ئازادى سیاسى یاخود كارى ئۆپۆزسیۆن و دیاریكردنى سروشتى گه‌مه‌ى ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵات ، له‌ڕاستیدا ئازادیه‌كانى ئاینى و ڕۆژنامه‌گه‌رى و ڕاده‌ربڕین له‌كوردستان له‌هه‌مو وڵاتانى ناوچه‌كه‌ له‌پێشتره‌، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ى هه‌ندێ جار ده‌چێته‌ سنورى یاسا شكێنى بۆیه‌ پێویستى به‌ڕێكخستنه‌وه‌و پێداچونه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌بێ كۆت و به‌ند كردنى ئازادیه‌كان، له‌هه‌مانكاتدا مه‌سه‌له‌یه‌كى زۆر گرنگ هه‌یه‌ كه‌ده‌بێت له‌كابینه‌ى نوێدا به‌ته‌واوى له‌چوارچێوه‌ى یاسا و سیاسه‌تدا ڕێك بخرێت ئه‌ویش ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵاته‌ كه‌له‌كابینه‌ى هه‌شتدا به‌پێچه‌وانه‌ى سروشتى ئۆپۆزسیۆن و گه‌مه‌ى سیاسى و زانستى سیاسى به‌ڕێوه‌ ده‌چو، ئه‌ویش ئه‌وه‌ بو حزبه‌كان له‌حكومه‌تدا بون، كه‌ ده‌وام ته‌واو ده‌بو وه‌ك ئۆپۆزسیۆن ڕه‌فتاریان ده‌كرد، ئه‌مه‌ش دیارده‌یه‌كى نالۆژیكیه‌ له‌سیاسه‌تدا بۆیه‌ ده‌بێ له‌م كابینه‌یه‌دا ئه‌و حزبانه‌ى له‌حكومه‌تدان ته‌واوى به‌رپرسیاریه‌تى له‌ئه‌ستۆ بگرن ئه‌مه‌ش پابه‌ند بونه‌ به‌مۆراڵى سیاسیه‌وه‌.

 له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌شدا ئه‌و حزبانه‌ى خۆیان به‌ئۆپۆزسیۆن ده‌زانن ئه‌ركى ئه‌خلاقى سیاسى ئه‌دا بكه‌ن و له‌ده‌ره‌وه‌ى ئه‌خلاق و یاساى ئۆپۆزسیۆن بون گه‌مه‌ى دیكه‌ نه‌كه‌ن، دواجار ده‌كرێ سیاسه‌تێكى دروست ئیداره‌ بدرێت و كابینه‌یه‌كى سه‌ركه‌وتو بۆ خه‌ڵك فه‌راهه‌م بكه‌ین، خه‌ڵكیش چاوه‌ڕوانى زۆره‌ له‌مه‌سرور بارزانى، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ش بزانین كه‌ كابینه‌كه‌ گۆچانه‌كه‌ى موساى پێ نیه‌، بۆیه‌ ده‌بێت كۆى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردستان هاوكارى كابینه‌ى نوێ بێت و ته‌جاوزى رق و كینه‌ بكرێت حكومه‌ت به‌ئامڕازێك بزانین بۆ خزمه‌تى گشتى و ئه‌وه‌ش بزانین كه‌ حكومه‌ت باوك نیه‌ تا چاوه‌ڕێ بین هه‌مو شتێك مان بۆ بكات عه‌لاگه‌ش نیه‌ هه‌مو كه‌م و كوڕیه‌كانى پیا هه‌ڵواسین ، به‌ڵكو ئامڕازه‌و دروستكراوى خۆمانه‌ چه‌نده‌ به‌باشى بیپارێزین ئه‌وه‌نده‌ به‌جوانى خزمه‌تمان ده‌كات و ده‌بێته‌ حكومه‌تى وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى ئه‌رێنى .

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP