هەواڵی ئەمڕۆ

بەپەلە

ئاشتبوونەوە

ئەرسەلان بایز - 12-06-2019 - 8346 جار خوێندراوەتەوە


بروسكە… 

بروسكەیەكی بەپەلە… تكایە چاوەڕوان بن پاش كەمێكی تر هەواڵێكی گرنگ و ئومێد بەخشتان بۆ بڵاو دەكەینەوە… هەواڵەكە بایەخێكی تایبەتی هەیەو لەگەڵ هەواڵەكانی ڕۆژانی ڕابردوودا جیاوازە… سەیركەن ئەمڕۆ شاشەی تەلەفزیۆنەكان… لاپەڕەی ڕۆژنامەكان وەكو جاران گرژو شەڕانگێز نین… مرۆڤەكان دڕدۆنگ و توڕە نین.. بەڕووی یەكتر هەڵناشاخێن… سەیركەن وتارو مرۆڤەكانی ئەمڕۆی سەر شاشەكان داوای ئاشتەوایی و تەبایی دەكەن وەكو ئەوانەی پێشوو پەنجەی تۆمەت و تۆڵەسەندنەوە لەیەكتر هەڵناشەقێنن… بەنزین بەسەر ژیلەمۆكاندا ناكەن.

هەواڵ

 ھەواڵ گەیشت بەڕاستی زۆر مژدەبەخشە (ئەم جارەش براكان بەبەرچاوی هەزاران كەس دەستیان خستەوە ناو دەستی یەكترو ئاشتبوونەوە… نیوەی دەرگا داخراوەكانیان كردەوە.. بەڵێنیاندا لە داهاتووێكی نزیكدا نیوەكەی تریش بكەنەوە… براكان بەڵێنیاندا لاپەڕە ناكۆكەكانی نێوانیان بپێچنەوەو لاپەڕەپەكی سیاسی سپی سپی نوێ‌ بكەنەوە… بەڵێنیاندا گیانی پاك و خوێنی شەهیدان بكەنە داوەری چارەسەركردنی ناكۆكیەكان و برینەكان ساڕێژ بكەن).

دوێنێ

دوێنێ‌ شەو كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بە ئاسوودە سەریان خستە سەر سەرینەكانیان و خەوتن… دڵنیابوون لەوەی بەیانی هیچ هەواڵێكی ناخۆش نابیستن و شتێكی نەخوازراویش ڕوونادات… منداڵان پۆل پۆل بێ جیاوازی، كچ و كوڕی شەهیدان، هەموو دەنگ و ڕەنگەكان، بە بەرگی ئاڵ و واڵاو بە سروودی ئەی رەقیب چوونە سەر گۆڕی باوكیان و مژدەی ئاشتبوونەوەی برایانەیان پێ ڕاگەیاندن… دایكان فرمێسكی چاوەكانیان سڕییەوەو جلە ڕەشەكانیان توڕ هەڵدا، چوونە سەر گۆڕی ئازیزەكانیان و دەستیان بەسەر سنگی گۆڕەكانیاندا هێناو پێیانوتن (تا چەند ساڵێكی تریش بێخەم بخەون ئەم جارەش براكان ئاشتبوونەوەو مەترسیەكانی سەر ئەزمونی كوردستان ڕەوینەوە).

لە دوێنێوە هەورە چڵكنەكانی ئاسمانی كوردستان لەبەریەك هەڵوەشانەوەو بڵاوەیان كرد… ئاسۆی پێوەندی هەردوو حزبە گەورەو دەسەڵاتدارەكەی كوردستان ڕووناك و گەش دەنوێنێ‌. دوێنێ… (ئاشتبوونەوە) بەیەكەوە دەركەوتن براكان چەند جوان بوون… هیوایان خستەوە دەروونی گەنجەكان… بازاڕ كەوتەوە جوڵە…. هەموو بەیەكەوە سروودی ئاشتی و سەركەوتنیان چڕی.

قەڵەمە نوک تیژە سورەکان

پەنجەی قەڵەمە نووك تیژە سورەكانیش وەكو جاران هەرمێنیان نەما… پەنجەكان شل بوون و قەڵەمەكانیان لە دەست كەوتە خوارەوە… ئێستا دۆش داماون و نازانن لەسەر چی بنووسن.
*سەرۆكی نوێی هەرێمیش لەبەرچاوی هەموو لایەك ناوخۆیی و بیانی سوێندی یاسایی خوارد (پارێزگاری لە ماف و دەستكەوت و یەكڕیزیی و بەرژەوەندیەكانی هاووڵاتیانی كوردستان دەكات).

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP