بەپەلە

دیوی دووەمی بەشداریکردنی یەکێتی و سەرۆک کۆمار لە مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆکی هەرێم

هەکاری فەقێ گۆمەشینی - 11-06-2019 - 8377 جار خوێندراوەتەوە

یەکێتی کاتێک توانی لە پڕۆسەیەکی دیموکراسی و لەناو پەرلەمانەوە کاندیدەکەی خۆی بگەیەنێتە سەرۆکایەتی کۆمار هیچ ستەمێکی لە پارتی نەکرد

بەدەر لە هەموو ئەو لێکدانەوە و شڕۆڤانەی کە لە گۆشەنیگایەکی بەرتەسک و نێگەتیڤەوە بۆ بەشداری کردن و نەکردنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان  و بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێڕاقەوە کراون و دەکرێن پێویستە لایەنە پۆزەتیڤ و گرنگەکانیشی بخرێنە ڕوو، ئەو خاڵ و دەرهاویشتە سیاسی و ئیداری و کۆمەڵایەتیانە بزانین کە بەدوی خۆیدا دەهێنیت، یەکێتی کاتێک توانی لە پڕۆسەیەکی دیموکراسی و لەناو پەرلەمانەوە کاندیدەکەی خۆی بگەیەنێتە سەرۆکایەتی کۆمار هیچ ستەمێکی لە پارتی نەکرد چونکە هەردووک کاندیدە کوردەکە لە زۆر خاڵی جەوهەریدا هاوتا نەبون و بەرهەم ساڵح و یەکێتی سەرکەوتن، لەبەرامبەردا قبوڵ نەکردنی ئەم ئەنجامە لەلایەن بەشێکی پارتیەوە بوە هۆی دروستکردنی دۆخێکی چەق بەستوو لە هەرێمی کوردستان، لەنێو ئەو فەزا ناجێگیرەی کە ناوچەکە و عێڕاقی پێدا تێپەڕ دەبێت ناکرێ کورد هەروا پەرتەوازەو بێ بەرنامەبێ.
ناکرێت دەرگاکانی گفتوگۆ بەسەر یەکتردا دابخرێن و خەڵکی کوردستان و هەرێمەکەش بکەونە بەردەم هەڕەشەی لەناوچون و پاشەکشێ

 

ناکرێت دەرگاکانی گفتوگۆ بەسەر یەکتردا دابخرێن و خەڵکی کوردستان و هەرێمەکەش بکەونە بەردەم هەڕەشەی لەناوچون و پاشەکشێ، دەبوو کەسێک یا لایەنێک بە نەفەسێکی درێژو بەرپرسیارانەوە،بە گیانێکی لەخۆ بوردەییەوە هەنگاوێک لەبەرژەوەندی خەڵک و هەرێم هەڵبێنێ، لێرەدا بەشداری کردنی یەکێتی و بەرهەم ساڵح تەنها خۆی لەوەدا نابینێتەوە کە چەند سەعاتێک لە هۆڵەکە دانیشتن و رۆشتنەوە، بەڵکو ئەم ئاماددەییەی یەکێتی و سەرۆک کۆمار دەبێتە هۆی تواندنەوەی بەستەڵەکی سیاسی هەرێمی کوردستان بە تایبەت نێوان یەکێتی و پارتی وەک دوو هێزی باڵای کودستان و عێڕاق، هەروەها بۆ پێگەو ڕۆڵی داهاتوی سەرۆکی هەرێمیش کە نێچیرڤان بارزانیە گرنگ بوو چونکە ناساندنی بەو پێکەوەییە بۆ ناوخۆی عێڕاق و دەرەوەش رەنگدانەوەی دەبێت وەک چۆن پشتیوانی سەرۆک مام جەلال لە کاک مەسعود بوە هۆی بەهێزی هەرێمی کوردستان.
سەبارەت بە پێگەی هەرێمی کوردستان و دوای تێکچونی پەیوەندیەکانی هەرێم و بەغدا بەهۆی ڕیفراندۆم و ئەو رووداوگەلەی کە بەدوایدا هات

 

سەبارەت بە پێگەی هەرێمی کوردستان و دوای تێکچونی پەیوەندیەکانی هەرێم و بەغدا بەهۆی ڕیفراندۆم و ئەو رووداوگەلەی کە بەدوایدا هات، وە پەراوێزخستنی هەولێر لەلایەن بەغداوە ئەو ئامادەییەی سەرۆک کۆمار گرنگ و پێویست بوو بۆ ئەوەی پێگە و قورسایی بۆ هەرێم بگێڕێتەوە، بۆ ئەوەی ئیتر دوای سەرۆک کۆمار جارێکی تر سەرکردەو لایەنە عێڕاقیەکان ئامادەبن ڕوبکەنەوە کوردستان.
ئێستا یەکێتی و سەرۆک کۆمار جارێکی تر و بۆ مێژوو هەنگاویان نا بۆ ئاشتەوایی و یەکڕیزی نێوماڵی کورد، بۆ خێراترکردنی لەدایک بوونی کابینەی نوێ و کۆتاییهێنان بە چاوەڕوانی و دڵەڕاوکێی خەڵک

 

ئێستا یەکێتی و سەرۆک کۆمار جارێکی تر و بۆ مێژوو هەنگاویان نا بۆ ئاشتەوایی و یەکڕیزی نێوماڵی کورد، بۆ خێراترکردنی لەدایک بوونی کابینەی نوێ و کۆتاییهێنان بە چاوەڕوانی و دڵەڕاوکێی خەڵک، شەڕی موزایەدەو ڕاگەیاندنیان بە کردەوە گۆڕی بۆ هەوڵی ئاشتەوایی و تەبایی، بنیاد نانەوەی کوردستانی دوای ڕیفراندۆم، ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکانی کورد لەگەڵ ووڵاتانی دراوسێ و جیهان،ئێستا نۆرەی پارتیە کە هەنگاوێک بۆ چارەسەری تەواوی کێشەکان بێتە پێشەوە لەپێناو تەواوکردنی ئەم هەنگاوانەی کە بۆ نراون،بە نەهاتنە پێشیش بۆ چاکسازی بۆ لەمەودوا پارتی بەرپرسیاری سەرەکی دەبێ لە هەر ئەگەرو ڕوداوێکی خراپ کە ڕوبەڕوی هەرێم ببێتەوە چونکە ئێستا بە هاوکاری و موڕاعاتی یەکێتی هەموو جومگە ئەساسیەکانی حوکمڕانی هەرێمی بەدەستەوەیە و خاوەنی بڕیاری یەکلاکەرەوەیە، پێویستە کارەکتەرەکانی پارتی دیموکرات لەناو حکومەت ئەم باڵا دەستیە بەئەرک بزانن و هەست بە قورسایی بەرپرسیارێتیەکەشی بکەن،بەڵکو نابێ بەسەرکەوتن و زاڵبونی بزانن بەسەر حزب و لایەن و خەڵکی کوردستانەوە، لەبەرامبەریشدا بۆ هەر هەنگاوێکی باش پشکی گەورەی بەردەکەوێ.

لە کۆتایی دا ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە حکومەتی داهاتوو زیاترو باشتر خزمەتی هاووڵاتی و چین و توێژەجیاوازەکان بکات و ببێتە حکومەتی هەمووان.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP