یه‌كه‌م كابینه‌ له‌دوای 45ڕۆژ له‌ هه‌ڵبژاردن پێكهات

ئارام هادی‌ - 10-06-2019 - 1317 جار خوێندراوەتەوە

٭یەکەم هەڵبژاردن و یەکەم کابینەی حکومەت
یەکەم کابینەی حکومەتی هەرێم لەساڵی 1992چل و پێنج ڕۆژ دوای یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێکهات، ئەمە لەکاتێکدا لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان هیچ ئه‌زمونێكی ئیداریشیان نەبو، بەڵام بەداخەوە لەدوای ئه‌زمونی پێنج هەڵبژاردن و 28ساڵ لە حوکمڕانی و هەشت کابینەی پێشو، کابینەی نۆیەم لەپاش 252ڕۆژ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تا ئێستا پێکنەهاتوە!!، سه‌رباری نه‌گه‌یشتنه‌ ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر كه‌ركوك له‌نێوان یه‌كێتی و پارتی به‌شه‌كه‌یتری په‌یوه‌ندی به‌ ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی یه‌وه‌ هه‌یه‌. 

٭کەرکوک
سه‌رباری داواكاری بۆ وه‌رگرتنی پۆستی وه‌زیری دادی عیراقی، یه‌كێتی كه‌ركوكی كردۆته‌ چه‌قی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ بۆ به‌شداری له‌ كابینه‌ی نۆ، پارتیش ڕێگره‌ له‌ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی شاره‌كه‌ و هه‌رچی په‌یوه‌ندی به‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیشه‌وه‌ هه‌یه‌ بێده‌نگه و بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ش (د. سابیری ئه‌ندامی جڤاتی گشتی گۆڕان) له‌ به‌رنامه‌یه‌كی تاوتوێی كه‌ناڵی (NRT)یدا وتی "ئێمه‌ وه‌ك گۆڕان هه‌رێم به‌ گرنگتر ده‌زانین و پێمان وایه‌ ده‌بێت حكومه‌تی هه‌رێم پێكبهێنرێت ئینجا كێشه‌ی كه‌ركوك چاره‌سه‌ربكرێت"!!، ئه‌مانه‌ش له‌كاتێكدایه‌ ڕه‌وشی كه‌ركوك له‌نێوان ده‌سه‌ڵاتی تاكڕه‌وی بغداد و ده‌ستوه‌ردانی توركیا له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان له‌ ئاستێكی زۆر خراپدایه‌. 
هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ كه‌ركوك گه‌ر له‌نزیكترین كاتدا پارتی و یه‌كێتی له‌سه‌ر كه‌ركوك ڕێكنه‌كه‌ون و دواتر هه‌رێم و بغدادیش پێكه‌وه‌ له‌سه‌ر كه‌ركوك نه‌گه‌نه‌ ڕێككه‌وتن، ئه‌گه‌ری زۆره‌ له‌ داهاتویه‌كی نزیكدا حوكمی ئه‌و شاره‌ بكه‌وێته‌ ده‌ست توركیا و ئیران. 

*ئه‌سپه‌كه‌ی ڕێبوار كه‌ریم وه‌لی 
ڕێبوار كه‌ریم وه‌لی ڕۆژنامه‌نوس، به‌هۆی نزیكی له‌ نێچیرڤان بارزانی یه‌وه‌ ئاگاداری مه‌علوماتی ناوپارتی یه‌، به‌گاڵته‌ نه‌یوت پارتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌ك ئه‌سپی ته‌رواده‌ به‌كارده‌هێنێت بۆ قایمكردنی جێپێی خۆی له‌ ناوچه‌ی سلێمانی، سه‌لمێنه‌ری ئه‌م قسه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تائێستا گۆڕان وه‌ك هێزی سێ یه‌می به‌شدار له‌كابینه‌ی نۆ (كه‌تائێستاش پێكنه‌هاتوه‌)، ته‌نها بۆ جارێك هاوكاری یه‌كێتی نه‌بوه‌ له‌ ئاسایی كردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركوكدا، له‌كاتێكدا زۆر به‌ ئاسانی ده‌توانێت فشارێكی جدی له‌سه‌ر پارتی دروست بكات ته‌نها به‌ به‌یاننامه‌یه‌ك، به‌ڕاستی سه‌یره‌ كه‌ بۆچی به‌ هه‌موو سیاسه‌ته‌كانی پارتی ڕازی یه‌ به‌تایبه‌ت سه‌باره‌ت به‌ كه‌ركوك كه‌ سیاسه‌تێكی زۆر هه‌ڵه‌یه‌!!. 

*یه‌كێتی له‌پرسی كه‌ركوكدا به‌ته‌نها ماوه‌ته‌وه‌!!. 
1. پارتی سیاسه‌تی گۆڕینی دوژمنێك به‌ دوژمنێكی زۆر ترسناكتر (عیراق به‌ توركیا) له‌ كه‌ركوك پیاده‌ ده‌كات، له‌كاتێكدا توركیا 5هه‌زار توركمانی ئه‌ندامی (به‌ره‌ی توركمانی)پڕچه‌ككردوه‌ و هاوكات (به‌قسه‌ی غازی كه‌ركوكی جێگری مه‌ڵبه‌ندی 2ی كه‌ركوكی یه‌كێتی)یش بێت كه‌ بۆ ڕۆژنیوز دواوه‌ و ده‌ڵێ "تادێت ژماره‌ی ھاوکارانی میتی توركی له‌شاره‌كه‌ له‌به‌رزبونه‌وه‌دایه‌". 

2. گۆڕان له‌به‌ر چونه‌ ناو حكومه‌ت له‌هه‌مووشتێك بێده‌نگه‌!!، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا جاری پێشوو كێكه‌كه‌یان لێكردن به‌ ژه‌هر، باوه‌ڕناكرێت سوێندخواردنی پارتی بۆ گۆڕان ڕێگربێت له‌ دووباره‌ بونه‌وه‌ی سیاسه‌تی پێشووی پارتی ده‌رحه‌ق به‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌سیسته‌می حوكمڕانیدا، كه‌ داخستنی په‌رله‌مان و ده‌ركردنی وه‌زیره‌كانی لێكه‌وته‌وه‌، لانی كه‌م پێش دروستبونی حكومه‌ت ده‌كرێت گۆڕان پارتی تاقیبكاته‌وه‌ و فشارێكی له‌سه‌ر دروست بكات بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی كه‌ركوك ته‌نها یه‌ك ڕسته‌ی پێبڵێ (تا ڕه‌وشی كه‌ركوك ئاسایی نه‌كرێته‌وه‌ به‌شداری حكومه‌ت نابین) ئه‌مه‌ش هێنده‌ قورس نیه‌. 

3. كه‌ركو ته‌نها په‌یوه‌ندی به‌ یه‌كێتی یه‌وه‌ نیه‌ وه‌ك چۆن ته‌نها په‌یوه‌ندی به‌و لایه‌نانه‌شه‌وه‌ نیه‌ كه‌ به‌شداری حكومه‌ت ده‌كه‌ن، (یه‌كێتی كه‌ ئێستا زۆرینه‌ی ده‌نگی هه‌ڵبژاردنی ڕابردووی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ ئه‌مه‌ ناكاته‌ ئه‌وه‌ی لایه‌نه‌كانیتر خۆیان له‌پرسه‌كانی ئه‌و شاره‌ به‌دووربگرن)چونكه‌ كه‌ركوك قوڵایی ستراتیژی كورده‌، ئه‌وه‌ی زۆر سه‌یره‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هیچ حزبێكی كوردی جگه‌ له‌ یه‌كێتی هیچ قسه‌یه‌كیان له‌سه‌ر كه‌ركوك نیه‌ و هه‌نگاوێك نانێن بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌، له‌كاتێكدا هه‌مووشیان ده‌زانن كه‌ ئه‌و شاره‌ له‌لێواری له‌ده‌ستچونه‌، ئه‌دی (كۆمه‌ڵ. یه‌كگرتو. نه‌وه‌ی نوێ. زه‌حمه‌تكێشان. شیوعی. هتدد بۆ بێده‌نگن؟!!. 

4. به‌ڕاستی حه‌قه‌ یه‌كێتی له‌سه‌ر داواكاریه‌كانی به‌تایبه‌ت پرسی كه‌ركوك یه‌ك تۆزقاڵ پاشه‌كشه‌نه‌كات، تا دۆخی كه‌ركوك ئاسایی نه‌كرێته‌وه‌ به‌شداری حكومه‌ت نه‌كات، گه‌ر هات و پارتی و گۆڕان به‌بێ ئاساییكردنه‌وه‌ی كه‌ركوك و حساب نه‌كردن بۆ داواكانی یه‌كێتی حكومه‌تیان پێكهێنا له‌وه‌ها دۆخێكدا یه‌كێتیش حه‌قی خۆیه‌تی گۆڕانكاری له‌ پلانه‌كانیدا بكات و به‌جۆرێكیتر بیر له‌ سیسته‌می ئیداره‌دانی هه‌رێم بكاته‌وه‌.
 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP