لە پرۆسەی سوێن خواردنی سەرۆكی هەرێم چی رو ئەدات ؟

کەمال محەمەد - 8-06-2019 - 5868 جار خوێندراوەتەوە

وەك ئاشكرایە لە روژی دەی ئەم مانگە واتە دوشەمە پرۆسەی سوێند خواردنی سەرۆكی هەرێم ئەبێت ،سەرۆكێك كە دیار نییە ئایا دەسەڵاتەكەی هەمو قەڵەمڕەوێتی هەرێم ئەگرێتەوە یان نا بەو پێیەی جوگرافیای هەرێمەكە ئەوەمان بۆ دروست ئەكات ،لێ هۆكاری ئەمەش ئەو دابەشبونە جوگرافیایەیە كە هەرێمەكەی بەسەر دو زۆندا دابەش كردوە كەهەریەك لەم زۆنانە حیزبێكی سیاسی تیایدا باڵادەستە ،

هێزەكانی دەرەوەی پارتی هەرچەند كەمینەش بن لەچاو پارتی بەڵام ئەمە بۆ هێزێكی وەكو یەكێتی ئەستەمە بە بخرێتە لیستی كەمینەكانەوە ،بەهۆی ئەو واقیعەی كە لە ئارادایە لە روی دەسەڵاتی سیاسی و سەربازی و جوگرافی و ئابوری و  تەنانەت هەرێمیشەوە ،بۆیە كێشەكانی پارتی یەكێتی زیاتر لەروی دابەشكردنی پێگەی دەسەڵاتیانەوەیە نەوەك ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی ،هەر ئەمەشە وایكردوە كە پارتی نەتوانێت بە ئاسانی هێزێكی وەك یەكێتی پشتگوێ بخات و باشیش لەوە تێگەشتوە كە كارێكی وەها ئەستەمە بۆی بچێتە سەر ،بۆیە لەسەرەتای گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی حكومەت بەرونی كێشەكانی نێوانیان بەدەركەوت كاتێك یەكێتی هەرسێ پاكێجی هەرێم و كەركوك و بەغدادی بۆ لێكگەشتن و رێككەوتن كردبو بە مەرج لەگەڵ پارتیدا ،ئەمەش بۆ پارتی تاڕادەیەكی زۆر قورس بوو بەهۆی كێشەو ململانێكانی لەگەڵ یەكێتی چ لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق چ لە هەڵبژاردن و دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ ئەو شارە و ئاسایكردنەوە دۆخەكەی كە هەریەك لەمانە روداوەكانی ١٦ ئۆكتۆبەر ئەخەنە ئەستۆی ئەوی دیكەیان ،بۆ ئەنجامدانی كۆبونەوەكەی پەرلەمان بۆ هەلبژاردنی سەرۆكی هەرێم  نەیتوانی رێگا لە پێش كێشەكانی پارتی و یەكێتی بكاتەوەو سەرەنجام یەكێتی بایكۆتی پرۆسەكەی كرد ،بەم جۆرە سەرۆكی داهاتو نەیتوانی زۆرترین دەنگی هەمو لایەنەكان بەدەست بهێنێت وەك ئەوەی نێچیرڤان بارزانی و پارتەكەی پێشبینییان بۆ ئەكرد ،بۆیە ئەگەر بڵێم ململانێ و تێنەپەڕاندنی دەنگەكانی بارزانی گەورە هۆكارێك بوبێ بۆ نەگەشتنی ئەنجام لەگەڵ یەكێتی لەلایەن پارتییەوە بۆ ئەوەی بارزانی برازا توانای تێپەڕاندنی بارزانی گەورەی نەبێت بۆیە شیمانەی ئەم ئەگەرەش بۆ خۆی كەم نییە ،

لەمە بەدواوە پارتی ناتوانێت  لەسەر سیاسەتی بەكارهێنانی  یەكێتی بۆ بۆ پتەوكردنی دەسەڵاتی خۆی بەردەوام بێت  ،ئەمە تاڵە بۆ پارتی بەڵام راستییەكە و بەرلە هەمو شتێك  پێویستە ئامادەكاری بۆ لەناو چونی ئەو تاڵاوییە بكات و ئاهەنگی هاوسەنگانەی خۆیان لە پرۆسە سوێن خواردنی هەرێم بكەن چ وەكو دوهێزی خاوەن دەسەڵاتی قەڵەمڕەوێتی چ وەكو گەڕانەوەی  هێز و متمانە بۆ سەرۆكی داهاتو  لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا بۆ ئەوەی هێزی ئەنجامدانی دەسەڵاتەكەی لە ئاستێكی پێویستدا بێت و دامەزراوەكە لە ئاستێكی پەسەندكراوی هەمو لایەنەكاندا بێت ،بۆ ئەوەی چیدیكە پرۆسەی سیاسی روبەروی پێكدادان و كێشمەكێشی زیاتر  نەبێت ،

تا رێككەوتن فەراهەم نەبێت ئەستەمە بەشداریكردن هەبێت !

یەك پارچەیی هەرێمەكەو مانەوەی بەشێوەیەكی بەهێز بەندە بە تێگەیشتنی ئەو دو هێزەوە بۆ ئێستاو بۆ داهاتوو ،بۆیە پێویستە رێگا لە پێش پێدراوی ماف و بەركەوتەی سیاسی یەكدی بكەنەوە بە گوێرەی ئەوەی هەریەكەیان هەڵەو گرژییەكانیان بەلاوە بنێین و چیدیكە كێشەكانی نێوانیان نەیانكاتە كانگرێن و نەیانخاتە ناو دۆخێكی قەیراناوی درێژەپێدراو كە توناكاری  چارەسەركردنی كێشەكانیان نەبێت لە میانەی پلاتفۆرمێكی هاوبەشەوە  لەروی پەیوەندییەكانیان بۆ ئاسایی كردنەوەی دۆخی كەركوك و هەرێم و بەغداد ،بۆیە لەدەرەوەی ئەم رێكەوتنانە دەرفەت بە شیكاركردنی ئەو گڵوڵەیەی پەیوەندییەكانیان نادات كە لە ئارادایە ، بۆیەهەرچەندە درەنگیش بێت بەڵام پێویستە هەردولا هەڵوێستێكی بەرفراوان پێشبخەن وەك دو هێز كە بەرپرسیارێتی باڵایان هەیە ،بۆیە كاتێك ئەم دەرفەت و توانستانە بەكارناهێنن بەرامبەر بە مێژوو خۆیان لەژێر باری بەرپرسیارێتییەكی قورسدا دەهێڵنەوە ،

بەشداریكردنی سەرۆك كۆمار و دەرەتانێك بۆ چارەسەری :

بەشداری بەرهەم سالح لەپرۆسەی سوێندخواردنەكەدا بە سیفەتی سەرۆك كۆماری ، زیاتر گرنگییەكەی ئەوەیە كە جێگری سكرتێری گشتی یەكێتییەسەرباری ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ پارتی ،تەنانەت وەك دەرەتانێكیش ئەتوانێ لە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی پارتی  و یەكێتیدا بە ئامانجی بەلاوەنانی كێشەكان لە ژێر چەترێكی بەرفراواندا ڕۆڵی خۆی ببینێت ،بۆ ئەوەی جیاوازی بۆچونەكانیان گەورەتر نەبێت و بتوانن تیۆری و كرداری  ئەوەیان پێشبخەن  كە هەردوكیان  تەنها لە سەر بنەمای پەسەندكردنی یەكتری لەناو ئاشتییەكی بەپرەنسیبانە دەتوانن لەگەڵ یەكتردا هەرێمەكە بپارێزن ،كۆی ئەم رێكەوتنانەش لە كاتێكدا ئەبێت كەرێكەوتن كرابێت بۆ ئەوەی ئامادەكارییەكان بۆ پرۆسەكە  هاوسەنگی هێز بگەرێنێتەوە . 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP