هەواڵی ئەمڕۆ

دکتۆر بەرهەم لە دیدی تاراوگەیەکاندا

قارەمان شێخ بزێنی - 7-06-2019 - 1439 جار خوێندراوەتەوە

زۆرن ئەو سەرکردانەی لە نێوخۆ پاڵەوان ئاسا مامەڵە دەکەن و خۆیان بە ڕۆستەمی زاڵ دەزانن بەڵام لەو دیو سنورەکان تەنکەیەک ئاو بخۆنەوە کەس ناڵێت عافێتان بێت، ڕەنگە ئەم دیاردەیە عەیبەیەکی گەورە نەبێت بۆ سەرکردە لۆکەلیەکان چونکە ڕەنگە زەمینەی خۆناساندن نەڕەخسا بێت، سەختی ژیان و قورسی بارودۆخ و جەنجاڵی کارکردن ئەو دەرفەتی بۆ نەڕەخسان بێت.

دکتۆر بەرهەم سالح کاراکتەرێکی بەهێزی هەردوو ژینگە ، گونجاو وکاریگەر لە ژینگەی نێوخۆیدا و تۆکمە و پەیوەندی فراوان لە نێو دەوڵەتیدا. کاتێک سەردانی وڵاتان دەکەیت لەوە تێدەگەیت کە خۆناساندنی پۆزەتیڤانە ئاسان نیە و هەوڵی زۆری دەوێت و شەونخونی گەرەکە، لەم سەفەرەمدا دەربارەی کاراکتەرە سیاسیەکانی گۆڕەپانی کارکردنی کوردستان دواند، بیروڕای جیاواز دەربارەی هەر یەکێک لەوانە هەبوو، بەڵام دکتۆر بەرهەم سالح لە چەند ئاستێکی نزیک لە یەک تەعریف دەکرا وەک:

١.یەکێک لە دکتۆرەکانی کوردستانی ڕۆژئاوا کە میوانی بووم دەیوت مرۆڤێکە لە سەر بنەمای کارکردنی خۆی پێکەیشتووە، لە کۆنگرەی برۆکسل لە ٢٠٠٥ بینیومە ژیرانە ئاخاوتنی دەکرد، مەردانە دەدوا، جێگەی شانازیمان بوو کە ئەو مرۆڤە کوردە، بۆیە خێرا خۆم پێناساند، ئێستا وادەزانم دۆستی نزیکمە، چونکە لە دڵمەوە نزیکە.

٢.یەکێکی تر دەیوت دکتۆر بەرهەم دیموکرات خوازە مرۆڤ پەروەرە ناکرێت بە سەرکردەکانی تری گۆڕەپانی سیاسی کوردستان بەراورد بکرێت، چونکە میانڕەو و دیموکراتی خوازە، لیبرال و دۆستی خوێندوارانە،  ژینگەپارێز و دۆستی چیاکانە! لە سەرخۆ و وردە، دەزانێ چی دەکات، بۆ وا دەکات وشە هەڵدەبژێرێ و دەگمەن خەڵک بریندار دەکات، پارێزگاری لە هەستی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان دەکات.

٣.یەکێکی تر دەیوت بۆتە پیاوی ئێران و هیچی پێناکرێت، لە پێناوی دەسەڵات هەموو شتێکی دۆڕاندووە، یاری بە کرامەتی خۆیەوە کردووە، نابوایە وا بکات ئەو خۆشەویستی جەماوەر بوو، ڕێزلێگیراو بە قەدر بوو، سەنگین و گران بەها بوو بە تەرازووی کەس ناپێورا، بەڵام سەرۆک  ئەو شتانەی لە دەست داوە، هەڵبەت ئەگەر ئەم جۆرە وتانە بۆ نێوخۆ جۆرێک لە ڕاستی تێدا بێت بەڵام بۆ تاراوگە هیچ بایەخێکیان نیە، چونکە دکتۆر خیانەتی لە نیشتمان نەکردووە، جاسوسی بۆ وڵاتان نەکردووە، خاکفرۆشی و تیجارەتی بە میلەتەکەیەوە نەکردووە، کوڕی خەڵک بە کوشت نەداوە. کرامەت و حورمەت بە خیانەت دەشکێت یان بە گۆڕینی ڕێبازێک، ڕێگایەک، بەرنامەیەک بۆ گەیشتن بە ئامانج، ئایا ئامانج گۆرین گرنگە یان ڕێگا گۆڕین؟! پێویست هەموان بزانن ئامانج پێویست جێگیر بکرێت و ڕێگای جیاوازی بۆ گەیشتنی تاقیبکرێتەوە.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP