یەکێتی بەشدار ئەبێت و بەشداریش نابێت

توانا ئەحمەد خەیات - 7-06-2019 - 4208 جار خوێندراوەتەوە

وا بڕیارە  ڕۆژی  دووشەممە 10/6/2019  مەراسیمی سوێندخواردنی  نێچیرەڤان بارزانی  وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان سازبکرێت  ، بۆ ئەو مەبەستەش پارتی خوازیارە  سەرجەم پارتەکانی کوردستان  بەشداری ئەو مەراسیمە بکەن  ،بەڵام یەکێتی نیشتمانی کوردستان  بەمەبەستی بەشداری کردن لەو مەراسیمەدا  ڕای یەکلاکەرەوەی نەداوە کە ئایا  بەشدار ئەبێت یاخود  بایکۆتی ئەو مەراسیمە ئەکات .

هەروەک  ووتەبێژەکەی یەکێتی لە داوی کۆبونەوەکەی  مەکتەبی سیاسی    ڕایگەیاند کە' بەشداری کردنی  یەکێتی دەکەوێتەسەر بەرەوپێشچونی هەنگاوەکانی  ڕێکەوتنەکەیان لەگەڵ پارتیدا ' لەبارەی بەشداریکردنی سەرۆک کۆماری عێراق کە هاوکات جێگری دووەمی سکرتێری گشتی یەکێتیە، ئاماژەی بەوەشکردووە، به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح خۆی ئازاده‌ له‌بەشداریكردن یان نه‌كردنی له‌و مه‌راسیمه‌دا. 

لە لایەکی ترەوە پارتی دیموکراتی کوردستان  دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم  مەراسیمەوە کۆتایی بەو  هەڵوێستەی بهێنێت کە دژی سەرۆک کۆماری عێڕاق هەی بوو لەدوای سەرکەوتنی دکتۆر بەرهەم سالح  وەک سەرۆک کۆماری عێڕاق  و شکستهێنانی کاندیدەکەی بارزنی  کە بۆ ئەو پۆستە  دەستنیشانی کردبوو. بۆیە بۆ ئەو مەبەستە  نێچیرەڤان بارزانی پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆک کۆمار ئەنجام داوە و بە شێوەیەکی فەرمی  دکتۆر بەرهەمی  بانگیشتی  ئەو مەراسیمە کردووە کە لە هەولێری پایتەخت ساز ئەکرێت . 

 یەکێتی نیشتمانی کوردستان دوای  کۆچی دوایی  مام جەلال  دوچاری کێشەی نەبونی  بڕیاری یەکلاکەرەوە بووە  ، ئەم کێشەیەش بە ئاشکرا  لە ویستگە جیاجیاکانی ئەم حزبە لە دوای مام جەلال ڕەنگی داوەتەوە ،  مەبەست لە بڕیاری یەکلاکەرەوە بڕیاری تاکەکەسی یاخود بڕیاری  دیکتاتۆریانە نییە لە و حزبەدا ، بەڵکو بڕیاری یەکلاکەروەوە مەبەست لێی پابەند بونی سەرجەم ئۆرگان و کاربەدەستانی ئەو حزبە بە بڕیارو ڕاسپاردەکانە کە دەردەچێت، کە زۆر جار بڕیار دراوە بەڵام  پابەندبوون بە بڕیارەکانەوە ڕێژەیی بووە . 

کارتی بەشداری نەکردنی یەکێتی لە مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆکی هەرێم  کارتێکی تاڕادەیەک  ناکاریگەرە وەک  سەرجەم کارتەکانی تری یەکێتی کە پێشوتر  بەکاری هێناو هیچ کاریگەرییەکی  ئەوتۆی نەکردە سەر ڕێڕەوی  ڕوداوەکانی ئەم دواییە ، بۆ نمونە  کارتی بایکۆتکردنی کۆبونەوەکانی پەرلەمان  بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و دیاری نەکردنی کاندیدی یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، ئەوە بوو پارتی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی هەڵبژارد وڕایگەیاند کە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بە کاتی دادەنێین تا یەکێتی کاندیدەکەی خۆی دیاری ئەکات هەرچەندە  یەکێتی پێی وابوو کە  پارتی ئەو کارە ناکات  .

  کارتی دووەمی یەکێتی بریتیی بوولە  بایکۆتکردن و دەنگنەدان بە کاندیدی پارتی بۆ سەرۆکی هەرێم  بەڵام پارتی توانی  ئەو کارەش ئەنجام بدات و  لە کۆبونەوەی پەرلەمان دەنگی پێویست بۆ کاندیدەکەی مسۆگەر بکات و  بە فەرمی نێچیرەڤان بارزانی  بکاتە سەرۆکی هەرێمی کوردستان .

 کارتی سێیەمی یەکێتی کە  بەتەمایە ئەمجارەش بەکاری بهێنێت بریتیە لە  بایکۆت کردن و بەشداری نەکردن لە مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرەڤان بارزانی  کە بڕیارە لە 10/6/2019  ئەنجام بدرێت  ، بەڵام  سەبارەت بەم کارتە پێ دەچێت ڕاوبۆچونی جیاواز لە ناو یەکێتیدا هەبێت .

 لەوانەشە ئەم جارە یەکێتی  هەم بەشداربێت و هەم بەشداریش نەبێت ،  چونکە یەکێک لە کاندیدە دیارەکانی یەکێتی بۆ دووبارە  وەرگرتنەوەی پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەت   قوباد تاڵەبانییە   کە پێدەچێت لە ڕیزی پێشەوەی بەشداربوانی ئەو مەراسیمە بێت هەر وەک چۆن لە دوای هەڵبژاردنی نێچیرەڤان بارزانی بۆ سەرۆکی هەرێم  لە ڕیزی پێشەوەی ئەو کەس و لایەنانە بو کە پیرۆزبایی و متمانەی خۆی بۆ نێچیرەڤان بارزانی  ناردبوو ،،،،
لە لایەکی تریشەوە  دکتۆر بەرهەم ساڵح   سەرۆک کۆماری عێڕاق  هاوکات جێگری دووەمی سکرتێری گشتی یەکێتییە ، پێ دەچێت بە سیفەتی  سەرۆک کۆماری عێڕاق  قبوڵی بانگێشتەکەی  نێچیرەڤان بارزانی بکات و بەشداری ئەو مەراسیمە بێت ،  ئەم بەشداری کردنەی دکتۆر بەرهەم   ڕێخۆشکەر دەبێت بۆ   ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی ... 

باشترە یەکێتی نیشتمانی کوردستان کارتەکەی ئەمجارەی وەک کارتەکانی پێشویی نەبێت و بەشداری ئەو مەراسیمە بکات چونکە   بایکۆت و بەشداری نەکردنی ئەمجارەش وەک کارتەکانی پێشوو  کاریگەری نابێت و  پارتی بەحوکمی شەرعییەتی  پەرلەمان و حکومەت و دەزگا ڕەسمییەکان  ئەم کارەش تێدەپەڕێنێت و  هەنگاو بۆ قۆناغەکانی پێکهێنانی کابینەی حکومەت دەنێت .  
    

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP