شەڕی یەکێتی و پارتی بۆچی؟

دانا هەڵەبجەیی - 6-06-2019 - 1814 جار خوێندراوەتەوە

شەڕ ئەو کارەساتەیە کە دو سەرۆک هەڵی ئەگرسێنن، و میللەتیش جێبەجی ئەکات. هەر وەک ئەو دو فیلەن کە زۆران ئەگرن و میللەتیش وەک ئەو چیمەنەیە کە لەسەری تەپاوتلێ ئەکەن. لە کۆتاییدا دوو فیلەکە هەڵئەسنەوە، بەڵام چیمەنەکە وێران و ژێرپێ و لەقە ئەکەوێت.

یەکێتی و پارتی دو هێزی سیاسی و سەربازی، ئیداری، ڕێکخراوەیین کە قەڵەمڕەوەی دەسەڵاتیان دیاریکراوە لە پانتاییەکی دیاریکراوی زەویدا.

ئەم دوو هێزە لە جەلالی و مەلاییەوە تا ئێستا بە دەیان کێرفی بەرز و نزم، شەڕ و ئاشتی، ململانێ و دەست لە ملاندا تێپەڕیون.

مێژوییەک و ئەزمونێکی مارانگەستەیان لە پێکەوەیی و پێکدادان هەیە.

لە ماوەی ئەم شەش مانگەی سەروبەندی سازدانی حکومەتی نوێی هەرێمدا، کۆمەڵیک گەمە و گێژاو، کۆبوونەوە و تاکبوونە و نزیک و دوربونەوەیان سازدا، هەرچەند لە پێش جەژندا کار گەیشتە ناپاکاندن و کەو ئاسا لەدژ یەکتر خوێندن، بەڵام باش بوو بە بروسکەیەک شەڕی  فەڕمی وەستێنرا،،.

بە داخەوە  میدیای نافەرمی و سۆسیالمیدیای سێبەر و هەندێ بالۆرەنووس، لە دنە و دانڕۆ کردن بەردەوامن، تەنانەت سینارێۆ و نواندنێکی بێتامانەشی تێکەوتووە.

ئەمانە نانیان لە تەنووری شەڕ و براکۆوژیدایە، جگە لە شەڕانگێزی و دەردە دەرونی، هیچی دیکە لە کۆڵ و کەماڵیاندا نییە.

ئەم پەتاییەی کە ئاسمانێک لە سوکایەتی و بنمیچێک لە بێ ڕێزی، کە هەموو سەرزەوی کوردستانی تەنیوە، هاوڵاتی کوردی بێ میزاج و مروەت کردووە،. بازاڕ بووەتە بازاڕی دەمشڕ و دەمەوەران، کاڵای بێ بەهای تەنگ ئەندیشەیان و کوڵ ئاوەزان، خراوتە سەر شۆستەکان و بواری بە پیادە نەهێشتووە هەنگاوێک هەڵنێت.

دو بڕیاری چارەساز هەیە  لەم کاتەدا ڕەوایە بدرێت؛
یەکەم: هاوڵاتی و ئەندامانی هێزە سیاسییەکان فریوی شڵپوهۆڕی میدیا و سۆسیالمیدیای نابەرپرس و دەم هەراش نەخۆن. ئەمانە بڕیار و برەوەتی سیاسی نادەن.

دوەم: سەرکردە و سیاسییە بەرپرسەکان و ژیرمەندان، بە ڕێگای دیالۆگ و ئاشتی و تەبایی، بە شێنەیی چارە و دەرمانی ئەم دۆخە بیمارە بکەن، دور لە کۆڵنج و کەج و کوڕی میدیاکان.

ئەم هەموو بێژەر و میوانە ڕەزا قورسانەی کە دەیان ساڵە دوبارە ئەیانبینین و ئەیڵینەوە و ئەیجوێننەوە، جگە لە فشاری دەرونی و بێ ئومێدی، یەک شتیان بۆ هاوڵاتی و هێزەکان زیاد نەکردوە.

کەواتە گەرکە بەر لە بازاڕی ئەوان بگیرێت و لێپرسراوانیش دڵنیایی بدەنە خەڵک کە ئەوان لە ململانێ و کۆنکرێنسی سیاسیدان، نەک دوژمنایەتی و شەڕە هێز و خێڵ و دەسەڵات.

لە 10/6/2019 لە هەولێر بۆنەسازی دەست بەکاربوونی سەرۆکی هەرێمی نوێی کوردستانە، و بانگهێشتی فەرمی سەرۆک کۆماری عێراق، هەنگاوێکی سەرەتایی تیمارسازە، بەشداری کاک بەرهەم  و پێشوازی ئەو لە لایەن  کاک مەسعودەوە، پیرۆزکردنی ئەرکە نوێیەکەی کاک نێچیروان، بمانەوێت و نەمانەوێت چوونە ناو قۆناغێکی تازە و دەست خستنە ناو دەستی ئاشتی و پێکەوەییە.

ئەگەر سەرۆکی کۆمار و سەرۆکی نوێی هەرێم، کە کۆمەڵیک ئەرک و ماف و لێپرسراوییەتی گرنگ و مێژووییان لەسەرە، بتوانن ئەم بێچارەییە تێپەڕینن و دەسپێشخەری کۆتایی هێنان بن بەم قۆناغە، ئەوا ئازایەتییەکە بۆ ئەوەیان ئەگەڕیتەوە زیاتر لێبوردە و لێپرسراوانە ساردییەکەی نیوان یەکێتی و پارتی گەرم بکاتەوە.

ئیتر کاتی ئەوە هاتووە ئەو میللەتە لەوە زیاتر نەکەوێتە ژێرپێوە، لەم دۆخە تەمومژاوییەی ڕۆژهەڵاتی ناوین، با ئەو هەرێمە خۆی توشی هیچ شەڕیکی ماڵسوتاندن نەکات،،،.

هەر کەس و لایەنێک میللەتەکەمان بگەیەنێتە کەناری ئارام و ئاشتی و ئاسودەیی، شەڕ و پێکدادان و ڕق و کینە لە کۆڵ هەرێم بکاتەوە، شایانی دەستخۆشییە لەم کاتەدا، بابەتی نادادپەروەری و گەندەڵیش هیچی کەمتر لە شەڕی وێرانکاری، ئەویش ئەبێت قەلاچۆ بکرێت، ئیتر بە خۆشی بێت یا بە ترشی.
4/6/2019 لاهای

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP