ئەو پەندانەی کە زیندون

نیاز لاجانی - 5-06-2019 - 2484 جار خوێندراوەتەوە


- دەست بە کلاوی خۆت بگرە،بای نەیبا!
یان:
- کە چوییە شاری کوێران،دەست بە چاوی خۆتەوە بنێ!
ئەو دو پەندە، رێک بۆ زۆرێک لە خەلکی ئەم جیھانە ،راست دێێتەوە!چونکە باس لە ترسنۆکی و ھەلپەرستی دەکا،پەیامەکانیان ئەوەیە کە خۆت لەگەل دۆخی سەپێندراو بگونجێنە،خۆت گێل بکە و مقاوەمە مەکە! 
شەرعیەت بە ترسنۆکی و ملشۆری دەدا!چونکە،ئەو پەندانە وامان پێدەلێن:
ئەی ئازایەتی! چەندە سەر بە دۆخە بوویی،سەری ملێونھا خەلکت خوارد!
ئەی ترسنۆکی! چەندە سودبەخش بوویی بە ملێونھا خەلکت بەختەوەر کرد!
ئەی ئازایەتی! چ بەدبەختێکت ھێنا،بوی بە ھۆکاری مردن و کوشتن و نەداری بە ملیۆن کەس!
ئەی ترسنۆکی!بە ملیارد خەلکت لە مردن،لە زیندان دور خستەوە،ترسنۆکی ژیانی بۆ ملێونھا خەلکی گەراندەوە!


ئاخر ئازایەتی، ھەلوێست و گیان فیدایی دروست دەکا!
ترسنۆکیش، ھەلپەرستی و بەرژەوەندیخوازی دەخولقێنێ!
ئازایەتی، راستگۆیی،مەردایەتی و حەقپەرستی دەخولقێنێ!
ترسنۆکی،مەرایی و ریاکاری و ھەلپەرستی و رەزیلی وەبەرھەم دێنێ!
!لە نێو مرۆڤە ترسنۆکەکاندا دەسبژێرێکی رێویی ئاسا و ووریای ھەلپەرست دەگەنە ترۆپکی دەسەلات و کۆمەلگا !!
ئەوانیش،ئەوەی پێیان بکرێ بۆ لە ناو چوونی پیاوە جوانە ئازاکان دەگرنە بەر،ھەر چی ماستاوچی و کاسەلێسی نامەردیش ھەیە لە دەوری خۆیان کۆ دەکەنەوە،بەتایبەتیش لە وولاتانی دواکەوتووی رۆژھەلات!
بەدەسەلات گەیشتووە ترسنۆکەکان،رقی دونیایان لە مرۆڤە ئازاکانە،زۆر ترسنۆکانەش ھەولی سرینەوەیان دەدەن!

لە کۆتایدا:
مرۆڤی ترسنۆک،  بە ملشۆری و سەرکزی لە بەر دەرگای سەرمایە و بازرگانی سیاسی و گەندەلدا ژیان دەباتە سەر و لە بەر دەم پێلاوەکانی ئەوانشدا کۆتایی بە ژیانیدا دێ!
مرۆڤی ئازاش لە ھەر کون و قوژبنێکی ئەو جیھانە بێ،لەزیندان بێ یان لە شاخ،لە شار بێ یان لە لادێ،تەمەن کورت بێ یان نا؟! ھەر بە سەربلندی دەژێ و زۆر بە سەرفرازانەش روبەروی مەرگ دەبێتەوە!

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP