بەپەلە

پۆستی سەرۆك كۆمار لە ناكۆكیەوە بۆ چارەسەر

هیوا سەید سەلیم - 5-06-2019 - 17324 جار خوێندراوەتەوە

 لە چەند مانگی رابردوو وێڕای چەندین كێشەی دیكەی نێوانیان، پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بووە یەكێك لە خاڵەكانی ناكۆكی نێوان پارتی و یەكێتی ، هەربۆیەشە هەریەك لەو دوو حزبە بە كاندیدی جیا چوونە ناو كێبركێی هەلبژاردنی سەرۆك كۆمار ، پارتی كە كاندیدی بۆ ئەو پۆستە هەبوو وە نەیتوانی ئەو پۆستە بەدەست بێنێت،  بەلایەوە زۆر قورس بوو كە لەو گەمەیە بۆ دۆڕاو دەربچێت، هەر بۆیەشە بینیمان دۆڕانەكە كاردانەوەی نەرێنی  لەسەر كێشەكانی هەرێمی كوردستان دانا وە دواتر ئەو پۆستەش بووە بە بەشێك لە كێشەكانی نێوان ئەو دوو لایەنە كە تا ئەمڕۆش لەگەل دابێت پارتی مامەلەیەكی ئاسایی لەگەڵ سەرۆك كۆمار نەكردووە.


سەڕهەڵدانی كێشەی پۆستی سەرۆك كۆمار لە نێوان پارتی و یەكێتی بووە هۆی ئەوەی كە  لە دوای هەلبژاردنی دوایین خوولی پەرلەمانی كوردستان هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابیەنی تازەی لە هەرێمی كوردستان بۆ چەندین مانگ دوابكەوێت، كە تا ئەمرۆشی لەگەل دابێت ويرای دوو رێكەوتنامەی نووسراوی نێوان پارتی و یەكێتی و چەندین دانیشتن هێشتا ئەو دوو لایەنە نەگەیشتوون بە ڕێكەوتنی یەكجارەكی.


 وە دواجار دوای بەشداری نەكردنی فراكسیۆنی یەكێتی لە دانیشتنی پەرلەمانی كوردستاندا، كە  بۆ هەلبژاردنی سەرۆكی هەرێم و دەنگدان بە نێچیروان بارزانی بۆ ئەو پۆستە ئەنجام درابوو، ئەو هەلوێستەی یەكێتی بووە هۆی ئەوەی  هێندەی تر ئەو دوو حزبەی لەیەكتر دووربكەونەوەوە، كە بۆ ئەمەشیان وایكرد هەریەكە ئۆباڵی ئالۆزیەكە بخاتە ئەستۆی ئەویتر، هەردوو لاش دەستیان برد بۆ شەڕێكی ڕاگەیاندن و جیاوازیەكانی گێڕایەوە  بۆ ناكۆكیان لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركوك و رێكنەكەوتن لەسەر كاندیدێك بۆ ئەو پۆستە.
ناكۆكیەكەی ئەم جارەی ئەو دوو حزبە،  كەمتر پەیوەندی بە كێشەی سەرۆك كۆمارەوە هەبوو، بۆیە لێرەدا دەپرسین ئایا دەكرێت سەرۆك كۆمار ئەم جارەیان بەشێك بێت لە چارەسەر؟ وە سەرۆك كۆمار بكرێتە (تاڵە مووی معاویە) ی نێوان پارتی و یەكێتی؟  بە تایبەت دوای پەیوەندیە تەلەفۆنیەكەی نێچیروان بارزانی هەلبژێردراو بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆك كۆماری عێراق بەرهەم ساڵح،  وە بانگهێشتكردنی بۆ هەولێر تا بەژداری مەراسیمی سوێند خواردنی سەرۆكی هەرێم بكات.
دەتوانین بڵێین پەیوەندیە تەلەفۆنیەكەی نێوان سەرۆك كۆمار و نێچیروان بارزانی سەرتای هێوربوونەوەی كێشەكانە،  بەڵام ئەو پەیوەندیە تەلەفۆنیە كاتێك دەتوانرێت شتی جدی لەسەر بونیاد بكرێت بۆ كردنەوەی گرێكوێرەكان و چارەسەری تەواو، ئەو كاتە دەبێت كە  زەمینەی هاتنەكەی سەرۆك كۆمار بۆ هەولێر بەتەواوی برەخسێت، ئەویش بەوەی بەر لەو مەراسیمەكە پارتی و یەكێتی بگەنە رێكەوتنی یەكجارەكی، ئەگینا نەك هەر هاتنەكەی سەرۆك كۆمار هیچی لێ شین نابێت،  بگرە هاتنەكەشی لە سایەی ئەو دۆخە خرابەی نێوان پارتی و یەكێتی ئاسان نابێت.


بۆیە گرنگە دەست بەو (تاڵە مووی معاویە) بگیرێت و پارتی و یەكێتی ئەو دەرفەتە بۆ چارسەری یەكجارەكی كێشەكانی نێوان بقۆزنەوە، ئەگینا ئەو دەرفەتەش لەدەست بچێت چارەسەر ئاسان نابێت.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP