بارزانی، ڕێبەری ڕاست، ڕاوێژی ھەڵە

سلێمان عەبدوڵا یونس - 3-06-2019 - 24979 جار خوێندراوەتەوە

لەخۆرئاوا خێڵەکان لەچوارچێوەی کۆنفیدراسیۆنێکدا یەکیانگرت و لەدەوری کارێزمایەکدا کۆبونەوە و دەوڵەتی شاریان بنیاتنا، کەئەوەش ھەڵکشانی ئیرادە و ڕوحی نەتەوەیە بۆ سەربەخۆیی، کەچی دوای زیاتر لە 200 ساڵ لەو ئەزمونە، ھێشتا پارتی و یەکێتی، وەک دوو حزبی سیاسی، ئیرادەی دروستکردنی فیدڕاڵیەتێکی یەکگرتوی حزبی و کارێزمایەکی بەھێزی ھاوبەشیان بۆ قۆناغی ڕاگوزەر نیە.

ئەوەی ئێستا بۆ بارزانی ھەڵکەوتوە، بۆ مامجەلال بڕەخسابوایە، کورد دەمێک بو دەوڵەت بو. چونکە ئەوکات مامجەلال، کێشەی ئەوەی نەدەبو، کام کاراکتەری پارتی و ناو ماڵی بارزانی، سەرۆکی ئەو دەوڵەتە دەبو. کەچی وێڕای ئەوەی کوڕ و برازایەکی بارزانی سەرۆکی باڵاترین جومگەکانی بەڕێوەبردنی ھەرێمەکەن، حزبەکەی بارزانی ئامادە نیە، کەرکوک ڕادەستی پارێزگارێکی کەرکوکی بکات، کە مافی ڕەوای یەکێتییە.

لیڤی شتراوس لە یەکێک لە لێکۆڵینەوە سۆسیۆسیاسیە بەناوبانگەکانی لەبارەی دەوڵەتی نەتەوەیی دەڵێت «نەتەوە بندەستەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست وێڕای جەنگاوەری ئازا، بەڵام چانسی سەربەخۆیی و دروستکردنی دەوڵەتیان نزیک مەحاڵە، چونکە ڕێبەریان تیادا ھەڵناکەوێت».

بارزانی ئەو ڕێبەرە  ڕاست و ھەڵکەوتوەیە، بەڵام پێدەچێت ڕاوێژکاری بودەڵە و دەوروبەری دەربار و پیلانگێڕی نێوخۆیی، وەک تەمتومانێکی زەرد دەوریان گرتبێ و ڕێگە نەدەن لە نێوان کوێرەڕێ و ڕاستەڕێدا، ئەو ڕێگای ڕاستی ڕێبەرایەتی گەلەکەی ھەلبژێرێ.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP