بەپەلە

له‌ وه‌ڵامى دكتۆر ئه‌رسه‌لان-دا

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج - 3-06-2019 - 19676 جار خوێندراوەتەوە

1
بۆ فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر 


فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر كه‌ركوكیه‌ یان نا ئه‌وه‌ كه‌ى گرفته‌، تا ئه‌وه‌ى بۆچى له‌م بارودۆخه‌دا ناوى ئه‌و ده‌هێنرێته‌ ناوان، له‌كاتێكا پێش ئه‌و چه‌ندین ناوى تر باس و خواسى له‌ باره‌وه‌ كراوه‌، خۆ ئه‌گه‌ر من بوایه‌م له‌ برى ئه‌و ده‌مگوت له‌و هه‌موو ناوه‌ى باس ده‌كرێت یه‌كێك دابنه‌ن و ناوى من لێگه‌ڕێن، دواتر ئه‌گه‌ر پارتى ئه‌و پۆسته‌ به‌ هى یه‌كێتى ده‌زانێت، ئه‌وه‌ كه‌ى كێشه‌یه‌ یه‌كێتى كێ داده‌نێت، با ئه‌و كه‌سه‌ى یه‌كێتى ده‌یه‌وێت دابنرێت و پارتى ئه‌گه‌ر به‌ دڵى نه‌بوو ده‌توانێ ره‌قیب بێت به‌سه‌ریه‌وه‌، خۆ پێشتریش هه‌روابووه‌، مه‌سه‌له‌ى خیانه‌تى 16ى ئۆكتۆبه‌ر بیانوه‌، خۆ ناكرێ تازه‌ یه‌كێتى بێت بڵێ ئه‌وه‌ى به‌شدارى 31ى ئابى كردووه‌ نابێت پارتى پۆستى بداتێ ،فه‌ره‌یدون بۆ چاره‌سه‌ر دانه‌نراوه‌ بۆ قوڵكردنه‌وه‌ى كێشه‌ دانراوه‌ " بۆ فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر قه‌بوڵ بكات بكرێته‌ كێشه‌ "، بۆیه‌ ئه‌وه‌ كێشه‌كه‌یه‌ به‌ بڕواى زۆرێك نه‌ك ئه‌وه‌ى دكتۆر ئه‌رسه‌لان ده‌یڵێت.

2
دكتۆر سابیرى جیڤات و كه‌ركوك 


دكتۆر سابیرى جیڤاتى گشتى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ناهه‌قى به‌رانبه‌ر كه‌ركوك به‌و جۆره‌ ده‌كات ، گوایه‌ هه‌رێم له‌ پێشتره‌و كه‌ركوك نا، شتێكى له‌و جۆره‌ كه‌ڤیدۆكه‌یان بۆ ناردوم، كێشه‌ ئه‌وه‌یه‌ دكتۆر نایه‌وێت ئه‌وه‌ بزانێ هه‌رێمى كوردستان بێ كه‌ركوك واته‌ له‌ ده‌ستدانى نیوه‌ى خاكى باشورى كوردستان، كه‌ركوكیه‌كان بۆ هه‌رێمى كوردستان و بۆ ئازادى كوردستان هه‌زاران شه‌هیدو قوربانیان داوه‌، وه‌ك چۆن خه‌ڵكى هه‌رێمه‌كه‌ش بۆ كه‌ركوك هه‌زاران شه‌هیدو قوربانیان داوه‌، كه‌واته‌ ئه‌م دوانه‌ ته‌واو كه‌رى یه‌كن، ئه‌م قسه‌یه‌ى دكتۆر سابیر نه‌ له‌ ته‌ك سیاسه‌ت و به‌رنامه‌ى نه‌وشیروان مسته‌فادا دێته‌وه‌، نه‌له‌ ته‌ك لۆژیكى خه‌ڵكى كوردستاندا، ئه‌رێ تۆ بێژى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانه‌كه‌ى ئێستا ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه‌ى لێ زیاد بێت، وا هه‌ر جاره‌و به‌ جۆرێك پاڵیان پێوه‌ ده‌نرێت.

3
گوێ له‌ مامۆستا سه‌لاحه‌دین بگرن 


مامۆستا سه‌لاحه‌دین به‌ هادین ڕووله‌ یه‌كێتى و پارتى، قسه‌ى خۆى كرد، داخوا پارتى و یه‌كێتى دواى ئه‌و هه‌موو گرفت و شه‌ڕى ناوخۆو به‌ كوشتدانى هه‌زاران لاوه‌ى كوردا هێشتا حه‌زى شه‌ڕیان زاڵه‌ به‌سه‌ر ویستى ئاشتیداو لانى كه‌م له‌ ڕوانداوه‌ كه‌مێك فێرى پێكه‌وه‌ ژیانى ئاشتیانه‌و پێكه‌وه‌ هه‌ڵكردن نه‌بوونه‌.

4
به‌رهه‌م ساڵح باشى كرد


من ره‌خنه‌م لێ هه‌یه‌ یان نا، تێبینیم له‌ سه‌رى هه‌یه‌ یان نا ، سیاسه‌ته‌كه‌یم به‌ دڵه‌ یان نا، ئه‌وانه‌ هه‌موو مایه‌ى هه‌ڵوه‌سته‌ن، لێ تۆ سه‌رۆك كۆمارى عیراقێكى تێكشكاوى هه‌لا هه‌لاى نێو شه‌ڕو شۆڵى خوێناوى ده‌یان ساڵ بیت، هه‌ر ده‌بێت له‌ گه‌مه‌ى نێوان سعودیه‌و ئێراندا بێلایه‌ن بیت، ئه‌و كاره‌ جێى ئافه‌رینه‌ نه‌ك ره‌خنه‌، ده‌ى ئه‌وه‌ پۆمپیۆش ده‌ڵێ ئاماده‌ین بێ مه‌رج له‌ ته‌ك ئێرانا دانیشین، تۆ بڵێى پۆمپیۆ بووبێته‌ پیاوى قاسمى سوله‌یمانى و تره‌مپ پێى نه‌زانیبێت.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP