لە یادی یەکێتیدا

پەیکار عوسمان - 1-06-2019 - 1728 جار خوێندراوەتەوە

- ناوخۆی پارتیش هەر وەکو حیزبەکانی ترە، فەرقەکە هەرئەوەیە، کە پارتی توانیویەتی هەرسێ جەمسەرەکەی خۆی بکات بە سەرۆك، بەڵام حیزبەکانی تر بوارو توانای ئەوەیان نیە کە حەزی سەرۆکایەتی هەموو باوک و جەمسەرەکانیان تێرکەن، ئەم حەزەش کە لە سەرۆکبووندا شکڵی نەگرتوو نەگیرسایەوە، ئیتر لە باڵ و کوتلەو ترازاندا شکڵ ئەگرێ و  ئەتەقێتەوە.

- فرە مینبەری یەکێتیش هەر لە سەرەتاوە، پەیوەندی بە خودی فرەیی و کاری پێکەوەییەوە نەبووە، (چونکە بیری باوکایەتی هەڵنەوەشاندۆتەوە)! بەڵکو هاوشێوەی ئێستای پارتی، هەر فۆڕمێکی باوکایەتی سیاسییبووەو مام جەلال مەساحەیەکی بچوك باوکایەتی داوە بەوانیترو مەساحە گەورەکەی باوکایەتی بۆ خۆی بردوە!
کێشەکەش ئەم کولتوری باوکایەتییەیە نەك خودی باوکە سیاسییەکان، ئەم باوکایەتییەش لە پەروەردەو خێزان و یاسای ئەحوالی شەخسییەوە دەسکاری ئەکرێ، نەك لە گۆڕینی سەرۆکەکان و یاسای سەرۆکایەتی!!

- ئەگەرچی دیوێکی دروستبوونی گۆڕان، پێویستی قۆناغەکەو خەمە گشتییەکانبوو، بەڵام دیوەکەی تری، دروستکردنی ماڵێكبوو بۆ باوکایەتی نەوشیروان، ئەو باوکایەتییەی کە لەناو یەکێتیدا بواری نەبوو بیکات!
دواتر تۆ ئێستا  شەڕ بۆ  قایەرو عوسمان ئەکەیت دژی نماو چیا  کە وەرەسەی باوکی سیاسی یەکەمی گۆڕانن، ئێ بە کلیکێك هەموو نەیارەکان لابەو بەس قایەرو عوسمان خۆیان بهێڵەرەوە، ئەوکات ئینجا شەڕی ئەو دووانە دەستپێئەکات لەسەر باوکایەتی حیزبەکە! 
دووانەکەش یەکێکیان لابە، ئەوەی ئەمێنێتەوە ئەبێ بە باوکی سیاسی دووەمی گۆڕان، دوای مردنیشی گۆڕان ئەبێ بە هی وەرەسەی ئەو! 
یەعنی تۆ ئێستا شەڕ لەگەڵ وەرەسەی باوکی یەکەم ئەکەیت، بۆئەوەی دوای دە ساڵ گۆڕان بچێ بۆ وەرەسەی باوکی دووەم! جا ئەم دوو نەتیجەیە فەرقی چیە؟؟ 

- ئەرێ یەکگرتوو بۆ بەپەلە مامۆستا سەڵاحەدینی هێنایەوە؟ خۆ ئەسڵەن دۆخی یەکگرتوو دوای هاتنەوەی  خراپتربووە!
مەسەلەکە هەر ئەوەیە کە هاتنەوەی مامۆستا، شەڕی باوکایەتی کۆتایی پێهێناوە، ئەو نەبێ لەنێون کادرە باڵاکانی یەکگرتوودا شەڕی باوکایەتی یەکگرتوو دەستپێئەکاتەوە.

- بزوتنەوەش هەر جێ ی باوکایەتی ماڵی مەلا عەلی تێدائەبێتەوە، بۆیە عەلی باپیرو مەلا کرێکار ماڵیان بۆ باوکایەتی خۆیان دروستکردو جیاکردەوە.  

- نەبوونی شەڕی باوکایەتی لای پەکەکەش، تەنیا هی ئەوەنیە کە لەڕووی فیکرییەوە کاری باشیان بۆ تێپەڕاندنی کردوە، بەڵکو هی ئەوەشە کە هێشتا باوکی یەکەم ماوەو زیندانیش لەڕووی مەعنەوییەوە باوکایەتییەکەی ئەوی بەهێزترکردوە، بۆیە هیچ باوکێك ناوێرێ سەردەربێنێ!

- کۆمەڵەو دیموکراتیش، بۆچی هەریەکەیان دوو سێ نوسخەی هەیە؟ بێگومان لەبەر زۆریی باوکە سیاسییەکان.

- دروستکردنی هاوپەیمانی و هەڵوەشانەوەشی بۆ سەرۆکایەتی لەلایەن دکتۆر بەرهەمەوە، هەر شەڕی گەڕانە بۆ باوکایەتی، چونکە سەرۆکایەتی دیکۆرو تەشریفاتیشبێ هەر فۆڕمێکی باوکایەتییە!

- ئەوانەی کە ئەتوانن دەساودەسی سیاسی بکەن، ئەوانەن کە پێش دەساودەسەکە کاری پێکەوەییان کردوەو پەیوەندی نێوانیان تەواوکارییبووە نەك تەبەعیەت و جێبەجێکاریی! 
ئەوانەی کاری پێکەوەیی ئەکەن، ئەوانەن کە فرەیی ئەفامن، ئەوانەشی کە فرەیی ئەفامن، ئەوانەن کە مناڵی پەروەردەیەکی نانەریتی و خێزانێکی نانەریتین!

- کولتوری باوکسالاری لە پەروەردەو خێزانەوە دەسکاری ئەکرێ و کولتوری فرەییش لەو دەسکارییەوە لەدایك ئەبێ!! 
تا پەروەردە هی مامۆستابێ و مناڵ هەر وەرگرو پاشکۆبێ و نەبێ بە کائینێکی بیرکەرەوەو قسەکەرو هاوبەشی پرۆسەکە! 
تا خێزان هی پیاوبێ و شتەکە نەبێ بە موئەسەسەی (دوو تاکی ئازادو یەکسان).
ئیتر فرەیی و کاری پێکەوەیی هەر دروشمەو نەبووە بە ژیان!!
فرەیی و کاری پێکەوەیی لە دەسکاریکردنی پێگەی تەلەبەو ژنەوە دەستپێئەکات.
 
- کولتورەکە خۆی باوکسالارییەو تا مامۆستاش چەقی پەروەردەبێ و تا شتێك هەبێ بە ناوی سەرۆکی خێزان، باوکایەتی هەر تۆخئەبێتەوەو ئەڕوا تا سەری سەرەوە بۆ باوکایەتی سیاسی و باوکایەتی سیاسیش یان ئەگوازرێتەوە بۆ وەرەسە وەکو ئەوەی مام جەلال و بارزانی و نەوشیروان، یان وردئەبێتەوە بۆ هەزار باوکی سیاسی وەكئەوەی سەدام!

- بۆ تێپەڕاندنی دۆخێکی واش، کاری ئێمە ئەوەنیە باوکی تری وەکو شاسوارو لاهورو کێ وکێ.. دروستبکەین، کاری ئێمە ئەوەیە لە بنی بنەوەو لە کولتورو نەریت و پەروەردەو خێزانەوە، خودی باوکایەتی هەڵتەکێنین.
شەڕی دروستی ئێمە، شەڕکردنە لەگەڵ کولتوری (خێلەکی دینی) باوکایەتی، نەك ئەوەی ببینە بەشێك لە شەڕی باوکەکان.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP