هەرێمی كوردستان لەبەردەم ئەگەرێكی ترسناكدا

کەمال محەمەد - 31-05-2019 - 5753 جار خوێندراوەتەوە

كاتێك ئەم دێڕانە ئەنوسم یان بەر دیدەی خوێنەر ئەكەوێت ،دەرك بەوە ئەكەم كە چۆن هەرێمی كوردستان و ناوچەكەش لە ناو چوارچێوەیەكی سنورە كێشراوەكانی سیستەمی وڵاتانی زلھێزدا،بۆیە هەرگیز ناتوانرێت نكوڵی لەوە بكرێت ئەگەر خوێندنەوەیەكی جددی و راستی بۆ بكرێت ،كاتێك فراوان كردنی ئاسۆی بیركردنەوەو قاڵبونەوە لەسەر دۆخی ئێستا بكرێتە بنەمای هێز و توانای دەرك پێ كردن ،بەم جۆرە زیاتر دەرفەتی ئەوەمان بۆ ئەرەخسێنێت  ببینە خاوەنی خوێندنەوەو زانیارییەكی بەرجەستە ،

لەدوای نزیكەی ٢٥٠ رۆژ لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان هێزەكان تائێستا نەگەشتونەتە رێكەوتنێكی كۆتای بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ ،بەتایبەت هەردو هێزی دەسەڵاتداری دابەش بو بەسەر جوگرافیای هەرێمەكە دوای چەندین كۆبونەوەو رێكەوتن لەكۆتاییدا رێكنەكەوتنی بەدواداهات كە هۆكارەكەی بۆ كێشەكانی كەركوك و بەغدا ئەگەرێننەوە لەلایەن هەریەك لەم دو هێزە خۆیانەوە ،

نەدۆزینەوەی چارەسەری كێشەكانی ئەمڕۆی بەردەم هەرێمی كوردستان  دور نییە دواجار هۆكارێك بێت بۆ شەر و وێرانكارییەكی دیكە و هەروەها ئەو چارەنوسەی چاوەڕوانی ئەكات قەیرانێكی واقعی بۆ هەرە دوایی بهێڵێتەوە ،نمونەی ئەمەش بەدی ئەكرێت ئەگەر بگەرێینەوە بۆ لاپەرەكانی مێژوی نەتەوەكەمان ،هەربۆیە روداوەكان لە ئێستادا شتێك نییە مایەی تێگەیشتن نەبێت ، بەتایبەت شەڕی رادیكاڵیزم و تیرۆریزم و سەرلەنوێ سەرهەڵدانەوەی تەعریب لەناوچە كوردستانییەكان و كەركوك بەتایبەتی زیاتر كورد و كوردستان وەك قۆچی قوربانی بەكار ئەهێنێت و ڕۆڵێكی ستراتیژی بۆ كورد ناهێڵێتەوە ،

بێگومان لە دوای روداوەكانی شانزەی ئۆكتۆبەرەوە دۆخی ناوچە دابڕاوەكان ئاڵۆزتر بوە ،تەنانەت ئەو شارەی كە بە قودسی كوردستان ناوی ئەهێنرا ئێستا  هەنگاو بەرەو دۆخێكی قورستری كارەسات ئەنێت و دور نییەهیواكانی داهاتوی كوردستانیبونی ئەم شارەش نەخاتەچاڵی تاریكییەوە ،لێرە دەبێت ئەوە باش بزانین ئەو شارەی  كە تا دوێنی سركردایەتی كورد و ئەنجامدەرانی ریفراندۆم وەك ڕێگایەكی بەدەوڵەت بون بەكاریان ئەهێنا ئێستا بۆ دەنگیان نایەت ،ئایا مەسەلەكە خەم خۆری بو بۆ ئەو شارە یان خەمی لەپێشینەیان نەوتەكە بوو ؟

پارتی لە كەركوك و موسڵ !
لێرەدا بەئامانجی سەرنجڕاكێشان بۆ سیاسەتی پارتی لەئاست هەردو پارێزگای كەركوك و موسڵ پێویستە ئاماژە بەم سیاسەتە بكەین ،كەسەرای هەمو جۆرە فشار و گەمەیەكی سیاسی دەرەوەو ناوەوە ئامادەی پاڵپشتیكردن و دەنگدان ئەبێت پارێزگاری موسڵ ،كە سەربە كوتلەی یەكێك لە سەركردەكانی حەشدی شەعبیە ،بەڵام نەفی ئەم پاڵپشتییە ئەكات لە دانانی پارێزگارێكی كورد لە كەركوك كە بەدڵی كەركوكییەكان بێت ،ئەم جیاوازییە سیاسییە پارچە بونی یەك هەڵوێستی كوردی هاتە سەر بە جۆرێك كە كەكوك و كەركوكییەكان بە گرفتی خۆیان دانەنابێت ،

بەرلە هەمو شتێك بێ ئیرادەیی ونەبونی بەرپرسیارێتی نەتەوەیی و نیشتمانی لای هێزە سیاسییەكان  ئەبێتە هۆكارێك بۆ یارمەتی و رێبەرایەتی بۆ سیاسەت و ستراتیژی وڵاتانی ناوچەكە بۆ ئەوەی بە چەك و تەقەمەنی و خوێنی خۆیان ،خۆیان بەرامبەر بەو هەڕەشەیە بێ باك ببینن كەلە بەردەم نەتەوەكەماندایە ، وێڕای تەواوی ئەو هێرش و پەلامار و خاك بەزاندنانەی  كە بۆ سەر هەرێمەكەمان كراوە لەئێستادا كە قۆناغێكی مەترسیداری دروست كردوە لە كاتی نەبونی هیچ هەڵوێست و دەنگێكی ناڕەزایی لەلایەن حكومەت و دەزگا پەیوەندیدارەكان و هێزەكانەوە میدیاشی بەدوادابێت ،

چاوتێبڕین و هەژمونی وڵاتانی ڕێگای لەپێش نامۆ بونێكی مەترسیداری كورد كردۆتەوە ، بەشێوەك كە هێزە سیاسییەكان دەستبەرداری بونی خۆیان بون وەك هێزێكی نەتەوەیی بۆئەوەی هەر دەرفەتێك كە هاتەپێش بەفیڕۆیان بدات ،بۆ ئەوەی قۆناغی ئەرێنی بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد و بونیادی سەربەخۆیی نەیەتە بوون ،رەنگە ئەمانەش هۆكار بێت بۆ پێكنەهاتنی هێزەكان بۆ كابینەی نۆ ،بۆیە ئەوەی  ئێستا گوزارشت  لە دۆخەكە ئەكات لەو بۆچونە دوركەوتۆتەوە كە پەیوەندی بە ناكۆكی نێو خۆی حیزبەكانەوە هەبێت ،بۆیە دورنییە ئەو ئەگەرەی كە مەترسییەك و شەرێك بۆ هەرێمەكە بهێنێتە بوون كە خۆیان بەشێك بن لەو بونیادە كە ئەبێتە مەترسییەك بۆ ناسییونالیزمی كوردی .
 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP