قه‌یرانی ئینتیما

عه‌تا قه‌ره‌داخی - 30-05-2019 - 1808 جار خوێندراوەتەوە

ئینتیما بریتیه‌ له‌ په‌یوه‌ستبوونێكی ئه‌نتۆلۆجیانه‌، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستمان ئینتیمای نه‌ته‌وه‌یی‌و نیشتیمانی بێت ئه‌وا ئینتیما ده‌بێته‌ په‌یوه‌ستبوونێكی روحی‌و مه‌عنه‌وی به‌ نه‌ته‌وه‌و نیشتیمانه‌وه‌، كه‌واته‌ ئینتیما ده‌بێته‌ به‌شێك له‌ بوون، دیاره‌ بوون به‌ چه‌مكی كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌ك به‌ چه‌مكی فیزیكی. مه‌به‌ست له‌م قسه‌یه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ رووی كۆمه‌ڵایه‌تی یان مرۆییه‌وه‌ تا چ ئاستێك مرۆڤ وه‌كو تاك یان كۆ په‌یوه‌سته‌ به‌ نه‌ته‌وه‌و نیشتیمانه‌وه‌، یان له‌ ئاستێكی به‌رزتردا په‌یوه‌سته‌ به‌ مرۆڤایه‌تیه‌وه‌ چونكه‌ ئه‌وه‌ ئاشكرایه‌ هه‌ر ئینتیمایه‌ك ره‌هه‌ندێكی مرۆڤایه‌تیانه‌ى نه‌بێت سه‌رئه‌نجام ده‌بێته‌ جۆرێك له‌ تووندڕه‌وی یان شۆڤێنیزم.

مرۆڤ به‌ خۆڕسكی جۆرێك له‌ ئینتیمای هه‌یه‌ بۆ خێزان‌و ئه‌و رووبه‌ره‌ جوگرافیه‌ى كه‌ تێیدا له‌ دایك بووه‌‌و منداڵی تێدا به‌سه‌ر بردووه‌، به‌ڵام ئه‌م جۆره‌ ئینتیمایه‌ بابه‌تێكی سرووشتی كاڵه‌و له‌ چوارچێوه‌ی غه‌ریزه‌دا ده‌مێنێته‌وه‌و په‌یوه‌ندی نییه‌ به‌ئاستی هوشیاریه‌وه‌‌و به‌ زاره‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی پێی ده‌وترێت ئینتیمای كاڵ یان سرووشتی، كه‌ ده‌شێ زینده‌وه‌رانی تریش هه‌مان جۆره‌ ئینتیمایان هه‌بێت. به‌ڵام ئینتیما به‌ چه‌مكی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌رهه‌می هوشیاری‌و فیكرو تێڕامان‌و هه‌ڵوێست‌و جیهانبینیه‌. له‌م روانگه‌یه‌شه‌وه‌ ئینتیما پۆلێن ده‌كرێت بۆ ئینتیمای نیشتیمانی، نه‌ته‌وه‌یی، چینایه‌تی، ئایدیۆلۆجی، فیكری، ئایینی‌و... له‌ هه‌موو باره‌كاندا ئینتیما بنه‌مایه‌كه‌ بۆ دیاریكردنی هه‌ڵوێستی تاكه‌كه‌س‌و رۆڵی دیاریش ده‌بینێ له‌ به‌رجه‌سته‌كردنی ره‌وتارو كرده‌وه‌و جوڵه‌ى تاكه‌كاندا. زۆربه‌ى كات ئینتیمای به‌هێز مرۆڤ ده‌گه‌یه‌نێته‌ ئاستی به‌سۆفی بوون‌و شوێنكه‌وتنی رۆمانسیانه‌‌و وه‌كو عاشقێكی لێده‌كات كه‌ ته‌نیا له‌ پێناوى ئه‌و په‌یوه‌ستبوونه‌ رۆحیه‌دا بژی، هه‌رئه‌وه‌شه‌ كه‌ مرۆڤ والێده‌كات ژیانی خۆی ببه‌خشێت.

هه‌رچه‌نده‌ كۆمه‌ڵگه‌ى كوردی له‌ ئاستێكی په‌ره‌سه‌ندنی لاوازی كۆمه‌ڵایه‌تیدایه‌و به‌وپێیه‌ش هوشیاری نه‌ته‌وه‌یی لاوازه‌و ناسیونالیزمیش كه‌ ده‌روازه‌یه‌كی گرنگه‌ بۆ ئینتیمای نه‌ته‌وه‌یی‌و نیشتیمانی نه‌بۆته‌ بزووتنه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی خاوه‌ن به‌رنامه‌ی پێویست، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا جۆرێك له‌ ئینتیمای نه‌ته‌وه‌یی‌و نیشتیمانی له‌ كوردستاندا هه‌بووه‌ كه‌ مرۆڤی كوردی گه‌یاندووه‌ته‌ ئاستی ئاماده‌بوون بۆ خوێنبه‌خشین‌و قوربانیدان له‌ پێناوى نه‌ته‌وه‌و نیشتیماندا‌و مرۆڤى كورد خۆنه‌ویستانه‌ له‌ ژێركاریگه‌ری ئه‌و ئینتیمایه‌دا خه‌باتی كردووه‌‌و پێی وابووه‌ بوونی ئه‌و به‌ ئازادی نیشتیمان‌و نه‌ته‌وه‌كه‌یه‌وه‌یه‌، ئه‌وه‌ش جوانترین ئاستی ئینتیمایه‌ كه‌ مرۆڤ بگه‌یه‌نێته‌ ئه‌و ئاسته‌ى پێی وابێت بوونی ئه‌و له‌ بوون‌و ئازادی نه‌ته‌وه‌و نیشتیمانه‌كه‌یدایه‌‌و ئه‌گه‌ر ئه‌م تێڕوانینه‌ ببێته‌ فه‌زایه‌كی گشتی له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌دا ئه‌وا ئاستی به‌رپرسیارێتی هێنده‌ به‌هێز ده‌بێت هه‌موو تاكێك هه‌ست ده‌كات كه‌ كاركردن له‌ پێناوى بیناكردن‌و به‌ره‌وپێشبردن‌و رێكخستن‌و پاراستنی نیشتیماندا له‌ هه‌موو ئاسته‌كاندا ئه‌ركی ئه‌وه‌، درووستبوونی ئه‌و جۆره‌ هه‌ستكردنه‌ش رۆحی ئینتیمایه‌ كه‌ گه‌وهه‌ره‌كه‌ى بریتیه‌ له‌ خۆشه‌ویستی.

هه‌رچه‌نده‌ ئێستا ئاستی ئه‌و ئینتیمایه‌ جۆرێك له‌ كاڵبوونه‌وه‌ى پێوه‌ دیاره‌ به‌ تایبه‌تی له‌لای نه‌وه‌ى نوێ، به‌ڵام ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت كه‌ هه‌ره‌سی هێناوه‌، لێره‌دا یه‌كێك له‌ ئه‌ركه‌كانی حكومه‌ت‌و ده‌سه‌ڵاتی خۆماڵی كوردی ئه‌وه‌یه‌ كه‌چۆن ئاستی لاوازبووى ئینتیما له‌ لای مرۆڤى كورد به‌هێز ده‌كاته‌وه‌. بێگومان خه‌می ئێمه‌ ترسه‌ له‌ زیاتر لاوازبوونی ئه‌و ئینتیمایه‌، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌وه‌ روونه‌دات پێویسته‌ حكومه‌ت هه‌وڵبدات ئه‌و رۆحه‌ پاسیڤكراوه‌ چالاك بكاته‌وه‌، ئه‌ویش به‌ درووستكردنی فه‌زایه‌ك ده‌بێت كه‌ هه‌موو تاكێك هه‌ست بكات ئه‌و به‌شێكه‌ له‌م نه‌ته‌وه‌و نیشتیمانه‌و ماف‌و ئه‌ركی هه‌یه‌. مافیش له‌ رێگای دابینكردنی ژیانێكی باش‌و عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و یه‌كسانی‌و سه‌یركردنی هه‌مووان له‌ روانگه‌ى كارو دڵسۆزییه‌وه‌ ده‌گاته‌ ئه‌نجام. به‌ڵێ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ئینتیمای لاواز به‌هێز بكه‌ینه‌وه‌ ده‌بێ ئه‌و بۆچوونه‌ له‌لای ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵ درووستبكه‌ین كه‌ ئه‌وان به‌شێكن له‌ ئه‌ندامانی ئه‌م نه‌ته‌وه‌و خاوه‌نی راسته‌قینه‌ى ئه‌م وڵاته‌ن‌و ئه‌وه‌ش به‌ كرده‌وه‌و له‌ رێگای ده‌سته‌به‌ركردنی كارو ژیان‌و مافه‌وه‌ ده‌گاته‌ ئه‌نجام.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP