ئێمەش دەنگمان بەسەرۆک نەدا

فارس نەوڕۆڵی - 29-05-2019 - 7236 جار خوێندراوەتەوە

یەکێک لەخاڵە لاوازەکانی کورد یاخود نەخۆشییە درێژخایەنەکەی بەدرێژایی مێژو نەبونی سیمبول یان ڕەمزی ھاوبەشە،  کە سیمبولی ھاوبەش ڕۆڵێکی بنەڕەتی بۆ ھەرنەتەوەیەک ھەیە لەیەکانگیری سیاسی وکۆمەڵایەتیدا و لەھەمانکاتدا لەنەخشی ناسنامەی گشتی ونەتەوەییدا، لەمێژوی گەلانی جیھانیشدا نمونە زۆرن کە سیمبولەکان بونەتە ھۆکاری پێگەشتن و تێگەشتنی سیاسی وکۆمەڵایەتی.

لەکۆمارەکەی ئەفلاتون دا، دو شت یان دو ھۆکار ھەیە کە دڵسۆزی یان ئینتیما پەرەپێدەدا، یەکەم ھەستکردن بەشتەکان دوھەم پەیوەستبون پێیانەوە، ئەمەش سیمبول ڕۆڵی بنەڕەتی ھەیە، ئێمە وەک کورد خاڵی ھاوبەشمان زۆرە تراژیدیا یەکێکە لەوخاڵانە، بەڵام لەسەر خاڵە ھاوبەشەکان ڕێک ناکەوین، بەردەوام تراژیدیا بۆخۆمان زیاددەکەین بێ لێکدانەوە و بیرکردنەوە کە دەبو ئێمە دیکارتی بیربکەینەوە، ئێمە سیاسەت دەکەین، بێ ئەوەی بزانین پرسیاری فەلسەفەی سیاسی چییە، سیاسەت ئەخلاقە، پرسیارە، ئامرازە  بۆپاراستنی ڕێساکان، بەڵێنەکان و ڕێگرتنە لە پشێوی و پاشاگەردانی و بێ یاسایی، بۆیە کوردو کەمە نەتەوەکانی دیکەی جیھان زیاتر پێویستی بە ئەخلاقی سیاسییە، بەڵام کە مێژو دەخوێنینەوە، ئەوەمان پێ دەڵێ کە کورد چۆن یەکمان ھاڕیوە.

گفتوگۆکانی ناو کورد گفتوگۆیەک نیە بگەینە ئەنجام بەڵکو گفتوگۆیەکە براکان زیاتر لەیەک دوردەخاتەوە

 

دەبێ تێبگەین ئێستا لە دۆخێکی جیاوازداین و ناوچەکە لە دۆخێکی ھەستیارو نادیاردایە بۆیە دەبێ کوردو ھێزە سیاسیەکان تەجاوزی زۆر مەسەلەیان بکردایە یان لەکەوانەیەکی داخراودا جیاوازییەکانیان دانایە، نمونە پۆستی سەرۆکی ھەرێم دەکرا ھەر لەسەرەتاوە بکرێتە سیمبولی گشتی، بەڵام نەکرا بەڵکو لەچوارلاوە کرایە ئامانج  لە ٢٨ی ٥ ی ٢٠١٩ بەڕێککەوتنی پێشوەختە لەنێوان پارتی و یەکێتی وگ ۆڕاندا بڕیاربو ھەڵبژێردرێت، ئەمەش بەگفتوگۆیەکی دورو درێژدا تێپەڕی، بەڵام وەک نوسەرێک یێژێت (گفتوگۆکانی ناو کورد گفتوگۆیەک نیە بگەینە ئەنجام بەڵکو گفتوگۆیەکە براکان زیاتر لەیەک دوردەخاتەوە). ئەوەتا دوای گفتوگۆیەکی دورودرێژ لەنێوان لایەنەکان و ڕێککەوتنیان کەچی لەکۆتاییدا یەکێتی دەنگ نادا بەڕێککەوتنەکە، من ناڵێم یەکێتی بۆدەنگی نەدا دەبێ لەسەر ئاستی باڵای ھەردو لاقسەی لەسەربکرێت، لەھەمان کاتیشدا ھەندێ فراکسیۆن بەپەلە وتیان ئێمەش دەنگمان بەسەرۆک نەداوە وەک ھەنگیان لەداردا دۆزیبێتەوە.

ئێستا خەڵک ژیان و خۆشگوزەرانی دەوێ و تێگەشتون، ئێوەش چیتان دەوێ

 

بۆیە دەمەوێ ئەوە بەو بەڕێزانە بڵێم، ئەگەر پێتان وایە دەنگدان بەکاندیدی پارتی ڕای گشتی بۆخۆیان ڕادەکێشن، ئەوە تێنەگەشتنە لەئێستای شەقامی کوردستانی، چونکە چیتر شەقام بڕوا بەو وەھمە ناکەن تەجاوزی ئەو جۆرە گەمەیەی کردو ئەو سیحرە بەتاڵ بویەوە، ئێستا خەڵک ژیان و خۆشگوزەرانی دەوێ و تێگەشتون، ئێوەش چیتان دەوێ.

سەرەڕای گرفتەکان خۆشبەختانە پرۆسەکە بەپێوەری دیموکراتی  شەرعییەتی وەرگرت و ھەر یەک کاتژمێر دوای پرۆسەکە لەسەرئاستی جیھان وناوچەکەو عێراق وکوردستان پیرۆزبایی شەرعییەتیان لێ کرد لەلایەن ئەمریکاو بەریتانیاو فەرەنساو ئێران وتورکیاو  وڵاتانی عەرەبی و ھێزە سیاسییە عێراقییەکان پیرۆزبایییان لەنێچیرەوان کردو ئامادەیی ھاوکارییان دەربڕی بۆ قۆناغێکی نوێ، لەناو یەکێتی قوباد تاڵەبانی ھەر زو پیرۆزبایی کردو لەھەمانکاتدا پەیامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی و پەیامەکەی سەرۆکی ھەرێم ئاماژەی قۆناغێکی نوێیان گەیاند. بۆیە پرۆسەکە لەبەرژەوەندی گشتی کۆتایی ھات.

 لەگەڵ ئەو دۆخەشدا پێویستە قوڵتر بیربکەینەوە و خۆمان بۆ ئەگەرەکانی گۆڕانکاری ناوچەکە ئامادەبکەین و بیرێکیش لەحاڵی کەرکوک و خانەقین و شەنگار و دوزخورماتو بکەینەوە وەک تیمێک لەگەڵ سەرۆکی ھەرێم دا

 

 ئەو وردە گرفتانەش لەمێژوی کورددا کەم نین و چارەش کراوە، ئەمەش وردە گرفتەو ئیرادەی گشتی بەسەریدا زاڵ دەبێت. بۆیە واباشە لایەنەکان بەتێگەشتن لەسیاسەتی جیھانی و ناوچەیی و عێراقی بۆ پڕۆسەکەو بۆچاکەی گشتی کوردستانی و تێگەشتنیان نێچرەوان بارزانی لە لاپەڕەیەکی نوێدا سەرنجەکانیان بنوسنەوەو بزانن ئەمە کۆتایی دنیا نیەو گەمەی سیاسییە. ئەگەر ئێمەی کورد نەگەشتوینەتە ئاستێکی ڕاقی سیاسی ئەوەش پەیوەندی بەھۆشیاری سییاسیمانەوە ھەیە، بۆیە نابێ بەگرژی بیربکەینەوە دەبێ پەلەبکەین بۆپێکھێنانی حکومەت، چونکە خەڵک ماندوە، پێم وایە پارتی و سەرۆکی ھەرێم باش دەرکی ھەستیاری دۆخی ناوچەکەو ژیانی خەڵکی کوردستان دەکەن. بۆیە بەگیانی وەرزشی بارودۆخی ناوخۆ وەردەگرن، ئەقڵانی تەفسیری دەکات لەبەرامبەر ئەمەدا پێویستە لایەنەکانیش ڕوانینی پارتی بەھەمان شێوەی ئەرێنی لەچوارچێوەی چاکەی گشتی وپێوەری دیموکراتیدا وەرگرن ھەمولا تێبگەین کەباڵای کوردستان لەباڵای حیزبەکان بەرزترەو پۆستی سەرۆکی ھەرێم سیمبولی کوردستانە و شەرعییەتی دیموکراتی و پاڵپشتی یاسایی و پشتگیری جیھانی و ناوچەیی و عێراقی و کوردستانی وەرگرتوە، پەیامەکانیان ڕون نیشانی ھەمولایەکیدا کەواتە پێویستە لەگەڵ ئەودۆخەدا قوڵتر بیربکەینەوە و خۆمان بۆ ئەگەرەکانی گۆڕانکاری ناوچەکە ئامادەکەین وبیرێکیش لەحاڵی کەرکوک و خانەقین و شەنگار و دوزخورماتو بکەینەوە وەک تیمێک لەگەڵ سەرۆکی ھەرێم دا.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP