کەس پێ وا نەبێت کە (ئاگرە سورە لە خۆم دورە)

هانا قاسم - 28-05-2019 - 3340 جار خوێندراوەتەوە

ھەندی کەس بێ ئاگان لە دۆخی سیاسی عێراق و کوردستان و ناوچەکە بۆ مەرامی سیاسی و تایبەت، بە ناوی رەخنە و گلەیی ھێرشی نارەوا دەکەنە سەر سەرۆک کۆمار دور لە ھەر عورفێکی سیاسی. ھۆکاریش ئەوەیە ھەندێک لایەن ئەوەیان بۆ قوت نادرێت کە بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆمارە و رۆڵی کاریگەری خۆی دەگێریت لە سەر ئاستی عێراق و ناوچەکە و نێودەوڵەتیدا. 

لای هەمووان ئاشکرایە ناوچەکە بە دۆخێکی ھەستیاری سیاسی و ئەمنیدا  تێپەر دەبێت، جەمسەرگیری و دابەش بوونی وڵاتانی ناوچەکە، دۆخەکەی زیاتر ئاڵۆز کردووە، لەو نێوەندەدا دەوڵەتی عێراق بە سەرۆکایەتی سەرۆک بەرھەم بڕیاری داوە ھاوسەنگی و بێ لایەنی لە پەیوەندییەکانی پەیرەو بکات، لە ھەمان کاتدا نێوەندگری خۆی بۆ لایەنە نێودەوڵەتییەکان راگەیاندووە، بۆ ئەمەش بە ئاڕاستەی ھێورکردنەوەی گرژییەکان و روو نەدانی جەنگ لە ناوچەکەدا، ھەوڵەکانی سەرۆک کۆمار بەردەوامە.

سەرۆك کۆمار دەیەوێت عێراق ببێتە سەكۆیەک بۆ بەیەكگەیشتنی وڵاتان و هۆكارێك بۆ سەقامگیری لە  ناوچەكەدا، تا ناوچەکە توشی کارەساتێکی تری سیاسی و ئەمنی و ئابووری نەبێتەوە.

پەیرەوکردنی ھاوسەنگی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و سفر کردنەوەی کێشەکان سیاسەتێکی حەکیمانەیەی سەرۆک بەرھەمە، لە کاتی روودانی ھەر جەنگێکی نەخوازراو لە ناوچەکەدا عێراق پشکی گەورەی ئاگرەکەی بەردەکەوێت، لە مەشدا کەس پێ وا نەبێت کە (ئاگرە سورە لە خۆم دورە) بەڵکو ئاگری شەڕ تەڕو وشکی عێراق لە زاخۆ تا بەسرا دەسوتێنێت. 

عێراق و ھەرێمی کوردستان لە پاش شەڕی داعش و قەیرانی قۆڵی دارایی ئێستا بەرەو ھەڵسانەوە و گەشەسەندن ھەنگاو دەنێت، سیاسەتی ئاقلانە عێراق بەرەو ئارامی و سەقامگیری دەبات، بۆیە پێویستە لایەنە سیاسییەکانی عێراق بەتایبەتی کوردییەکان لە گرنگی رۆڵ و کاریگەری سەرۆک کۆمار بگەن و ھاوکار و پشتیوانی بن تا جارێکی تر عێراق و ھەرێمی کوردستان توشی گرفتی سیاسی و ئەمنی و ئابووری نەبێتەوە.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP