دەسەڵاتدارانی کورد لە نێوان هەرێم و بەغداد!

هاوژین عومەر - 24-05-2019 - 2620 جار خوێندراوەتەوە

بەشێک لە دەسەڵاتدارانی ئێستای هەرێم، بە تایبەت ئەوانەی زۆرینەی جومگە هەستیارەکانی ئەم هەرێمەیان قۆرخ کردووە، هەرڕۆژە و پڕوپاگەندەیەک دژی حیزب و لایەنەکانی دیکەی نەیاریان بڵاو دەکەنەوە و بە خیانەتکردن لە کورد و پاشکۆیەتییکردن بۆ بەغدا تۆمەتباریان دەکەن، کەچی لە بەرانبەردا، بۆ خۆیان نەک هێندەی برا کوردەکانیان، بەڵکو هێندەی کەسێکی وەکو دکتۆر عادل عەبدولمەهدیی سەرۆک وەزیرانی ئێستای عێراقیش، چاکە و وەفایان بۆ کورد نەبووە، بگرە ئەم کارەکتەرە ناشیرینانە هەر بۆ خۆیان بوونەتە بەڵا بۆ کورد.. هەر هیچ نەبێت کەسایەتییەکی وەکو عادل عەبدولمەهدی بەڵێنەکانی خۆی و ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ لایەنی کوردیی بردە سەر و چەند مانگێکە لە داهاتی ناوەڕاست و خوارووی عێراق مووچە دەنێرێت بۆ کوردستان و خۆی شەرمەزاری لای هێز و لایەنە عەرەبییەکان کردووە بۆ کورد، کەچی ئەمانەی لای خۆمان، لە نەوتەکەی کوردستانیش مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم نادەن، داهاتەکەی دەخەنە سەر ژمارە بانکییەکانی خۆیان و گەورەکانیان و بۆ خزمەتی بنەماڵە و بەهێزکردنی پێگەیان خەرجی دەکەن.

ئەو دەسەڵاتدارانە کە چارەکە سەدەیەکە نەوت و سامانی کوردستان تاڵان دەکەن و دەیان گرێبەستی درێژخایەن و ناشەفافیان لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان کردووە و بوونەتە هۆکاری هەموو نەهامەتییەکانی سەر ئەم میللــەتە، زۆری نەماوە ئاشتبەتاڵێکی دیکە و بەڵایەکی دیکەی وەکو دەرئەنجامەکانی ڕیفراندۆم بەسەر کورددا بهێننەوە، ئەویش بە هۆی ئەوەی تەنانەت ڕێز لە ئیمزاکانی خۆشیان ناگرن و ئامادە نین پارەی (٢٥٠) هەزار بەرمیل نەوتەکە بدەنە ناوەند، کە لەسەری ڕێککەوتوون، تا پڕۆسەی ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بەردەوام بێت، لە کاتێکدا بە قسەی خۆیان ڕۆژانە زیاتر لە (٤٥٠) هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشن، ئەمە جگە لە داهاتی دەروازە نێودەوڵەتییەکان و داهاتی ناوخۆیی و هتد..

جگە لەمەش، ئەو دەسەڵاتدارانە خۆیان ئامادەن هەموو ڕێکەوتنێکی ژێربەژێر لەگەڵ چەند لایەنێکی عەرەبیی مەترسیدار بۆ سەر گەلی کورد بکەن، بە مەبەستی دانانی پارێزگارێکی وەکو پارێزگاری نوێی موسڵ، بەڵام نە لە هەرێم و نە لە کەرکووک و نە لە شەنگال و نە لە بەغداش ئامادە نین دەست بخەنە دەستی برا کوردەکانیان، لەپێناو ئاسوودەیی و خۆشگوزەرانیی خەڵکی کوردستان و سفرکردنەوەی کێشە سیاسییەکانی ناو هەرێم، بگرە لە ناوەندیش هەر ئەوان یەکڕیزیی کورد و لایەن و فراکسیۆنە کوردییەکانیان تێک داوە، دوایین نموونەی ئەم حاڵەتەش، تێکدانی ڕێککەوتنی نێوان فراکسیۆنە کوردییەکانی ناو پەرلەمانی بەغدا بوو تایبەت بە دابەشکردنی پشکەکانی کورد لە ناو لیژنەکانی پەرلەمانی عێراقدا..

زۆرینەی ئەو نەهامەتییانەی لەم قۆناغەدا بەسەر گەلی کورددا دێن و هاتوون، بە پلەی یەکەم سووچی ئەم جۆرە دەسەڵاتدارانەی کورد بوون و بە هۆی نەزانیی و ناپاکیی ئەوانەوە ڕوویان داوە، هیچ کوردێکی هۆشیار نابێت بچێتە ژێر باری ئەو پڕوپاگەندانەی لە لایەن میدیا و پەیج و ئەکاونتە سێبەر و دابەستەکانی ئەو بەشەی دەسەڵاتەوە دەکرێن و لایەن و کەسایەتییەکانی دیکەی دەرەوەی ئەو دەسەڵاتە پێنەگەیشتووە دەکەنە ئامانج.. ئەو دەسەڵاتدارانە، لەگەڵ بەردەست و کارەکتەرەکانیشیان، هیچ کاتێک بوێریی و ئیرادەی ئەوەیان نەبووە ئەو قسانەی لە کوردستان و بە کوردیی دەیکەن، بێن و لە بەغدا بە عەرەبی بیکەن، ئەوان تەنها لەسەر گەوجاندنی دۆست و هاوبیرانی خۆیان کاریان کردووە.

هیچ کاتێک نابێت ئەوەمان بیر بچێتەوە، ئەوان بە هۆی ڕیفراندۆمەوە چ کارەساتێکیان بەسەر کورددا هێنا، چۆن هەرخۆشیان لە ماوەیەکی کەمدا چوونەوە بەردەرگای برا عەرەبەکان و لەبەر پاراستنی بەرژەوەندیی و پێگەی بنەماڵە، ئەنجامی ڕیفراندۆمەکەیان سپاردەی خاک کرد، وەکو ئەوەی نە بایان دیبێ و نە باران!

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP