بەپەلە

چێژ له‌ چاكه‌ چێژ له‌ به‌دكارى

فارس نەوڕۆڵی - 24-05-2019 - 1281 جار خوێندراوەتەوە

 مرۆڤ پێكهاته‌یه‌كه‌ له‌ چاكه‌ و خراپه‌، مه‌رگ دۆسته‌ و ژیان دۆسته‌، هه‌میشه‌ ئه‌م دوو هێزى چاكه‌و خراپه‌ له‌سه‌ر ئاستى تاك هه‌م له‌سه‌ر ئاستى گشتى له‌ ململانێدایه‌، لێره‌دا ئه‌مه‌وێت به‌ مانا فه‌لسه‌فیه‌كه‌ى قسه‌ له‌سه‌ر چێژنه‌كه‌م چونكه‌ پرسیارى فه‌لسه‌فى چیه‌تیه‌، بۆیه‌ ده‌مه‌وێت له‌سه‌ر ئاسته‌ باوه‌كه‌ى یان كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌ى قسه‌ له‌سه‌ر چێژ بۆ چاكه‌ بكه‌م، قسه‌یه‌كى باو هه‌بوو ده‌یگوت چاكه‌ت كرد به‌م ده‌سته‌، با ده‌سته‌كه‌ى ترت نه‌زانێت، ئه‌مه‌ ماناى ڕۆحى قوڵى هه‌یه‌، به‌ڵام بۆ ئێستا نا چونكه‌ هه‌موو چاكه‌و خراپه‌كان ناتوانن له‌میدیاكان، خۆیان بشارنه‌وه‌.

ئێستا چێژى چاكه‌ تا ئاستێكى زۆر هه‌ستى پێ ناكرێت نیشانه‌ى خه‌له‌لى په‌روه‌رده‌یه‌

 

لێره‌دا نابێت ڕۆڵى په‌روه‌رده‌ له‌ بیربكه‌ین له‌ گه‌شه‌ى چێژى چاكه‌ له‌ ڕوى ڕِۆحى و كردارى مرۆڤدا، چونكه‌ پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ بنه‌ماى چاكه‌یه‌، چێژ، فێربوونیش ته‌نها بۆ ژماره‌یه‌كى كه‌مى خه‌ڵكه‌ ئه‌گه‌ر لێى گه‌ڕێین زۆر كه‌س نایه‌وێت فێربێت ئه‌گه‌ر پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ نه‌بێت، بۆیه‌ ئێستا چێژى چاكه‌ تا ئاستێكى زۆر هه‌ستى پێ ناكرێت نیشانه‌ى خه‌له‌لى په‌روه‌رده‌یه‌، ئه‌مڕۆ ئه‌گه‌ر سه‌یرى ژینگه‌ى كۆمه‌ڵگا بكه‌ین ئه‌گه‌ر هه‌سته‌كانى خۆمان تاقى بكه‌ینه‌وه‌ یان چێژ بكه‌ین ئایا ئه‌مڕۆ، چێژ له‌ چاكه‌ وه‌رده‌گرین یان به‌دكارى ، چێژى چاكه‌ به‌ مانا گشتی یه‌كه‌ى چیه‌؟؟ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كه‌سێك چۆن له‌ شته‌كانى دیكه‌ چێژ وه‌رده‌گرێت ، كاتێك چاكه‌یه‌ك ده‌كات له‌گه‌ڵ كه‌سێك چێژ له‌و چاكه‌یه‌ وه‌رده‌گرێت ده‌رونى ئارام ده‌كاته‌وه‌ ، به‌ڵام ئه‌مڕۆ زۆر كه‌س چێژ له‌ خراپه‌ وه‌رده‌گرێت وه‌ك باس كردنى هاوڕێكانى یان خه‌ڵكانى دیكه‌ به‌ خراپه‌، دوو ڕوویى له‌ ڕه‌فتاریدا هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵیدایه‌ بۆ شكاندنى هاوڕێكه‌ى له‌ دانیشتنى هاوڕێكانیدا دواتر قسه‌كان له‌ ڕێى زمان یان قه‌ڵه‌مه‌ ژه‌هراوییه‌كانیان پێچه‌وانه‌ ده‌كاته‌وه‌ یان موبایله‌كانیان ده‌كه‌نه‌ ده‌زگایه‌كى فیتنه‌یى بۆ تۆماركردنى ده‌نگى هاوڕێكانیان و له‌ پڕۆسه‌یه‌كى ماستاو كردندا ده‌یگه‌یه‌نێته‌ ئه‌وى دیكه‌.

 

له‌ لایه‌كى دیكه‌وه‌ مرۆڤى دیكه‌ هه‌یه‌ له‌ چاكه‌ كردندا چێژ وه‌رده‌گرێت كاتێ هاوكارى هه‌ژارێ ده‌كات، كاتێ ڕاستگۆیانه‌ له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌رى مامه‌ڵه‌ ده‌كات، ده‌كرێت به‌م مرۆڤانه‌ بڵێین مرۆڤى باڵا، مرۆڤى باڵا چێژ له‌ عه‌داله‌ت وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام مرۆڤى قه‌زه‌م و به‌دكار چێژ له‌ سته‌مكارى وه‌رده‌گرێت به‌ هه‌موو ماناكانیه‌وه‌، مرۆڤى باڵا به‌ به‌دكارى ڕازى نابێت و ئازار ده‌چێژێت له‌ به‌دكارى هه‌ر وه‌ك بابه‌تاهیرى هه‌مه‌دانى ده‌ڵێت:- (به‌ختیارى بۆ ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ كارى به‌د ناكات، خۆشى بۆ ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ به‌ به‌دكارى ڕازى نابێت) . كه‌واته‌ كاتێك تاك چێژى له‌ چاكه‌كردن وه‌رگرت ئه‌وا كۆمه‌ڵگایه‌كى ئارام و نموونه‌ی دروست ده‌بێ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ كاتێك تاك چێژ له‌ به‌دكارى  وه‌رده‌گرێ ئه‌وا كۆمه‌ڵگا ده‌كه‌وێ ، پێویسته‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ بكه‌ین كه‌ ئه‌و مرۆڤانه‌ى چێژ له‌ چاكه‌ وه‌رده‌گرن مرۆڤى  ده‌رون دروستن ، ئه‌وانه‌ش چێژ له‌ به‌دكارى وه‌رده‌گرن ده‌رون نه‌خۆشن.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP