بەپەلە

كه‌ركوك و حزبه‌ كوردیه‌كان

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج - 24-05-2019 - 1484 جار خوێندراوەتەوە

پرسى كه‌ركوك به‌و لێدوانه‌ دژ به‌ یه‌كانه‌ى به‌رپرسانى كورد چاره‌سه‌ر ناكرێت ، پرسى كه‌ركوك پرسێكى یاسایى و ده‌ستوریه‌ ،ئه‌و پرسه‌ ئه‌گه‌ر چى به‌ نیوه‌ چڵى و ته‌واو نه‌كراوى و پڕكێماسیش بێت ، خراوه‌ته‌ چوارچێوه‌ى ماده‌یه‌كى ده‌ستوریه‌وه‌ ،ماده‌ى 140 چاره‌سه‌رى ئه‌و پرسه‌ ده‌كات ، با خودى ماده‌كه‌ش دنیایه‌ك كه‌م و كوڕى هه‌بێت ، سه‌ركردایه‌تى  حزبه‌ كوردیه‌كان و به‌تایبه‌ت سه‌ركردایه‌تى پارتى و یه‌كێتى تا ئێستا نه‌یانتوانیوه‌ مامه‌ڵه‌ى یاسایى له‌ ته‌ك ئه‌و ماده‌یه‌و پرسى كه‌ركوكدا بكه‌ن ،نه‌یانتوانیوه‌ یان نه‌یانویستوه‌ ئه‌وه‌یان پێویسته‌ ئه‌و سه‌ركردایه‌تیه‌ وه‌ڵامى كوردى كه‌ركوك و ناوچه‌ كێشه‌ له‌ سه‌ره‌كان بده‌نه‌وه‌ .

له‌ پرسى كه‌ركوكدا ئه‌وه‌ گرنگ نیه‌ كه‌ له‌ چوار چێوه‌ى دوو لایه‌نى كوردیدا چۆن باسى كه‌ركوك ده‌كرێت ،له‌ پرسى كه‌ركوكداگرنگ ئه‌وه‌یه‌ كورد پێكه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ حكومه‌تى عێراقى چۆن بیر له‌ چاره‌سه‌رى ئه‌و پرسه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ ،ئێستا چاره‌سه‌رى پرسى كه‌ركوك له‌ ده‌ره‌وه‌ى ماده‌ى 140 دا لاى حزبه‌ كوردیه‌كان لیپه‌ له‌ ناجۆرى و به‌ریه‌ككه‌وتن ،كێشه‌ى سه‌ره‌كیش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و حزبانه‌ به‌ هیچ چاره‌سه‌رێكى یه‌كتر رازى نین بۆ كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان ،بۆ چاره‌سه‌رى ئه‌و پرسه‌ پێویسته‌ :

لایه‌نه‌ كوردیه‌كان پێكه‌وه‌ له‌ چوار چێوه‌ى ده‌ستورى عیراقیدا جارێكى تر بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ماده‌ى 140 و به‌و جۆره‌ى مامه‌ڵه‌ى له‌ گه‌ڵ بكه‌ن كه‌ حكومه‌تى عیراقى بێته‌ پاى جێبه‌جێكردنى ، بۆئه‌مه‌ش پێویسته‌ :
یه‌كه‌م : یاساناسانى پرسى ده‌ستورى به‌ تایبه‌ت كه‌ركوكیه‌كان پڕۆژه‌یه‌ك بۆ زندو كردنه‌وه‌ى ماده‌ى140ئاماده‌ بكه‌نه‌وه‌ به‌و جۆره‌ى 
ئه‌لف : هۆكاره‌كانى جێبه‌جێنه‌كردنى 
بێ : به‌رپرسانى جێبه‌جێنه‌كردنى 
تێ : چۆنێتى كاراكردنه‌وه‌ى 
بنوسرێت و داواى ئه‌وه‌ بكرێت حكومه‌تى عیراقى به‌ ئه‌ركى ئاكارى خۆى هه‌ستێت له‌و باره‌یه‌وه‌ .
دوم : ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ بدرێته‌ سێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ى عیراق و داوا بكرێت 
ئه‌لف : به‌ بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ پارله‌مانى عیراقى ده‌ستبكرێته‌وه‌ به‌ كار كردن له‌ ماده‌ى 140دا 
بێ : دۆخى تایبه‌ت  له‌ سه‌ر كه‌ركوك هه‌ڵبگیرێت كه‌ كاتى خۆى  له‌ سه‌رده‌مى مه‌حمود مه‌شهه‌دانیدا خرایه‌ ئه‌و دۆخه‌وه‌ .
سێیه‌م : داوا له‌نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان بكرێت چاودێرى چۆنێتى زندوكردنه‌وه‌و كاراكردنه‌وه‌ى ماده‌ى 140 بكه‌ن و هاوكار بن له‌ جێبه‌جێكردنیدا ، نه‌ك هۆیه‌ك بن بۆ پاشخستن و هه‌ڵپه‌ساردنى .


چواره‌م : له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانى كورده‌وه‌ لیژنه‌یه‌كى تایبه‌ت بۆ ئه‌و پرسه‌ دابنرێت و ئه‌و لیژنه‌یه‌ به‌رپرس بن له‌ ئیشكردن له‌ سه‌ر پرسى كه‌ركوك ، نه‌ك هه‌ر جاره‌و به‌رپرسێكى كه‌ركوكى به‌ لێدوانێك جیاوازى و ناجۆریه‌كانى نێو كورد له‌ سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ بخاته‌ به‌ردیده‌ى ئه‌وانى تر ، یانى ڕونتر كه‌ركوك وه‌ك پرسێكى ئاكارى مامه‌ڵه‌ى له‌ گه‌ڵدا بكرێت نه‌ك وه‌ك ماركه‌یه‌كى دژایه‌تى كردنى یه‌كتر .


ئه‌گه‌ر له‌ ماوه‌یه‌كى كه‌مدا لایه‌نه‌ كوردیه‌كان له‌رێگه‌ى جیاجیاوه‌ كاریان بۆ ئه‌وه‌ ئه‌وه‌ كرد كه‌ به‌و جۆره‌ چاره‌سه‌رى پرسى كه‌ركوك بكه‌ن ، ئه‌وه‌ دیاره‌ كه‌ركوكیه‌كان دڵنیا ده‌بن له‌وه‌ىكه‌ لایه‌نه‌ كوردیه‌كان له‌ چاره‌سه‌رى ئه‌م پرسه‌دا راستگۆن ، گه‌ر نا ئه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ كه‌ركوك بۆ حزبى كوردى جگه‌ له‌ ماركه‌یه‌كى ریكلامى هیچى تر نیه‌ .
تێبینى : وێنه‌كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ پیاوه‌ جه‌ربه‌زه‌و قاره‌مانه‌كانى كه‌ركوك .


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP