بەپەلە

تێزی سەرۆک لە بیابانەکانی سەماوە بۆ ئەنجومەنی ئاسایش

دەشتی ئەنوەر - 23-05-2019 - 1687 جار خوێندراوەتەوە

یەکێک لە دروشمەکانی سەرۆک بەرهەم ئەوەیە (قسە کردن کافی نیە و کردارەکەی گرنگە)، ئەم قسەی سەرۆک بەرهەم لە کردەوەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە، تەماشا بکه کاتێک سرۆک بەرهەم سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ـ سلێمانی بوو لە وتارێکدا ووتی دەبێ فەرمانبەر بتوانێ بە مووچەکەی خۆی بژێت، بتوانێ گەشتی پێ بکات، ئەگەر بیرتان بێ لە ساڵانی 2009 بۆ 2011  ڕێک ئەو قسەی هێنایە دی و خەڵک لە خۆشگوزەرانیەکی تەواودا ژیا بوون، وای لێهاتبوو نەک فەرمانبەر لێرەوە گەشت بکات بۆ دەرەوە، بەڵکو خەڵک لە ئەوروپاوە دەگەڕایەوە بۆ کارکردن لە کوردستان.


ئێوە تەماشا بکەن لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە بە دیاریکراوەی لەسەردمی سەرۆک بەرهەم کە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بوو ژیانی کەس و کاری ئەنفالەکان لە ژیانی کولە مەرگیەوە بەرەو ژیاندۆستی هەنگاوی هاویشت، ئەوەش مافی خۆیان بوو پێیان درایەوە.
ڕەنگ بێ کەس وەک من ئەوە نەزانێ خەمی ئەنفال چەند گەورەیە لە دڵی سەرۆک بەرهەمدا، خەمێکە بە تەنیا شانی لە ژێر هەڵگرتنی ئازارەکانیان توند کردووەوە ئامانجیەتی تا توانای هەیە کەیسەکە لە چوار چێوەی کێشمە کێشی لۆکاڵیەوە بکاتە نێو دەوڵەتی و کەس و کاری ئەنفالکراوەکان زیاتر بحەسێنەوە کە شایستەی هەموو خۆشگوزەرانیەکن.


ئەو خۆی دەزانێ چی دەکات چۆنیش هەنگاوی بۆ ئەم کەیسە دادەنێت، تەماشا بکەن لە یادی ئەنفالی ئەمساڵدا ئێمە لە گەرمیان یادەکەمان دەکردەوە و چاوڕوانی شتێکی دیکە بووین، لە پڕدا سەرۆک بەرهەم سەرۆک کۆماری عێراق لەگەڵ ژمارەیەک لە کەس و کاری ئەنفالەکان لە بیابان و لماوییەکانی سەماوە لەگەڵ (جینین هینیس) نوێنەری تایبەتی ئەمینداری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەرکەوت.


ئەو ڕۆژە بەکرداری و دوور لە فەرشی سوور لە نێو خۆڵ و لم و تەپ و تۆزی سەماوەدا لەسەر گۆڕێکی بە کۆمەڵ سەرۆک بەرهەم یادەکەی کردەوە و ڕایگەیاند (زوڵم تا سەر بۆ کەس ناچێتە سەر)
هەر لەوێدا جینین هینیس ووتی لەسەردەمی صدام حسێن سەرۆکی پشووی عێراق کوردەکان زیندە بە چاڵکران، بەڵام ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆک بەرهەم لێرەین بۆ  هەڵدانەوەی ئەم گۆڕە بە کۆمەڵە.


جینین ژێرخانێکی باشە بۆ عێراق و چۆنیەتی گەیاندن و کار لەسەر کردنی بەرنامەکان، ئەمڕۆ لە ئەنجومەنی ئاسایش لە ئەوروپا جینین لە وتەیەکدا ووتی: بەیاوەری سەرۆک بەرهەم سەردانی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی سەماوەمان کرد، کە لە سەردەمی صدام حسێن سەرۆکی پێشووی عێراق بە توند و تیژی و زەبر و زەنگ خەڵک دەبووە قوربانی، بەڵام ئەمڕۆ لە سەدەی بیست و یەک عێراق بەرەو دیموکراسی هەنگاو دەنێ.


ئەم وتانەی جینین لە ئەنجومەنی ئاسایش پشتیوانیەکی زۆر باشە، دەبێ زیاتر سود لە جینین و یاوەرانی ببینین بۆ چارەسەرکردنی پرسەکانی تری کێشە نێو خۆ و دەرەکیەکان، ئەوەتا ئەو لە ئەنجومەنی ئاسایش زیاتر دەڵێ عێراق پێویستی بە ئاوڕدانەوەی زیاترە چونکە بەرەو کرانەوە هەنگاو دەنێ.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP