هه‌ڵوێستی ته‌وافوقی، یه‌كێتی نیشتیمانی ده‌كات به‌ حیزبی شیوعی عێراقی

عه‌تا قه‌ره‌داخی - 17-02-2017 - 2877 جار خوێندراوەتەوە

عه‌تا قه‌ره‌داخی

جارێكی تر گوێم له‌ لێدوانه‌كانی كاك سه‌عدی‌ پیره‌ بوو سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستی یه‌كێتی و نه‌خشه‌ رێگای‌ یه‌كێتی بۆ ساڵی 2017، كه‌ ئه‌وه‌ی‌ تیا به‌دی‌ ده‌كرێت یه‌كێتی ناتوانێت بڕیار بدات. ئه‌وه‌ ئاشكرایه‌ هیچ ئومێدێك نیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ پارتی و بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان بتوانن پێكه‌وه‌ هه‌نگاوی‌ به‌رو نزیكبوونه‌وه‌و پێكه‌وه‌ كاركردن بنێن، ئه‌ویش له‌به‌ر هۆیه‌كی زۆر ساده‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌، له‌وه‌ ناچێت پارتی هیچ ته‌نازولێك بۆ گۆڕان بكات به‌ڵكو نایه‌وێت گۆڕان به‌شدار بێت له‌ به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێمدا. 

تاكه‌ ئه‌گه‌رێك كه‌ بشێت لێكنزیكبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌م دوو لایه‌نه‌ درووست بكات، ئه‌وه‌یه‌ گۆڕان ته‌نازولی زۆر گه‌وره‌ بۆ پارتی بكات و به‌ هه‌موو داواكارییه‌كانی پارتی رازی‌ بێت، كه‌ ئه‌مه‌ش پێموایه‌ شتێكی چاوه‌ڕوان نه‌كراوه‌. كه‌واته‌ یه‌كێتی له‌ نێوان ئه‌م دوو لایه‌نه‌دا كه‌ هیچ ئه‌گه‌رێكی لێكنزیكبوونه‌وه‌یان نیه‌ چی ده‌كات؟ بێگومان ئه‌گه‌ر واقیعیانه‌ لێی بڕوانرێت ته‌نیا كات به‌ فیڕۆ ده‌دات. هۆكاره‌كه‌شی ئاسانه‌و ئه‌وه‌یه‌ ناتوانێت ده‌ستبه‌رداری‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی بێت له‌گه‌ڵ پارتیدا. له‌ هه‌مان كاتدا له‌ ترسی قاعیه‌ی‌ حیزبه‌كه‌ی‌ ناوێرێت به‌ ئاشكرا ئه‌و به‌ناو رێكه‌وتنه‌ی‌ له‌گه‌ڵ گۆڕان كردوویه‌تی هه‌ڵبووه‌شێنێته‌وه‌. له‌ بارێكی وه‌هاشدا له‌لایه‌ك گۆرانی به‌ بالاَی رێكه‌وتنی ستراتیژی‌ چه‌ندین ساڵه‌یدا له‌گه‌ڵ پارتیدا ده‌ڵێت و له‌لایه‌كی تریش گۆرانی به‌ بالاَی رێكه‌وتنه‌كه‌ی‌ له‌گه‌ڵ گۆڕاندا ده‌ڵێت.

هه‌رچه‌نده‌ من پێموایه‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ گۆڕان كردوویه‌تی رێكه‌وتن نیه‌، به‌ڵكو له‌ غیابی مام جه‌لالدا هه‌ژموونی ده‌سه‌لاَتی رابردووی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ كۆنه‌ستی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی و كادیرانی پێشكه‌وتووی‌ یه‌كێتیدا ژیاوه‌ته‌وه‌و وه‌كو تارماییه‌كی ترسناك به‌سه‌ر سه‌ریانه‌وه‌ وه‌ستاوه‌و ناتوانن خۆیان له‌و هه‌ژموونه‌ی‌ سكرتێری‌ ئه‌وسای‌ كۆمه‌ڵه‌و سكرتێری‌ دووباره‌ی‌ یه‌كێتی ده‌رباز بكه‌ن.

 هه‌موو هۆكاری‌ نه‌توانینی پشتكردنی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی له‌ گۆڕان له‌ ژێر كاریگه‌ری‌ ترسی رابردوویاندایه‌ له‌ نه‌وشیروان مسته‌فا، ئیتر هه‌ر پاساو و بیانوویه‌كی تر بهێننه‌وه‌ بۆش و بێ واتایه‌. كه‌واته‌ ئه‌گه‌ری‌ ئه‌وه‌ نیه‌ له‌م باره‌ی‌ ئێستایدا یه‌كێتی بتوانێت بڕیاری‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ بدات. ئه‌وه‌ش واده‌كات كه‌ بارودۆخی هه‌رێم به‌م شێوه‌ هه‌ڵواسراوه‌ی‌ ئێستا بمێنێته‌وه‌. له‌ راستیشدا زه‌ره‌رمه‌ندی‌ یه‌كه‌م سه‌رئه‌نجام له‌م باره‌دا یه‌كێتی نیشتیمانی خۆی‌ ده‌بێت و سوودمه‌ندی‌ یه‌كه‌میش پارتیه‌. سه‌رئه‌نجام گۆڕان و كۆمه‌ل َو یه‌كگرتووش له‌سه‌ر خاڵێك راوه‌ستاون كه‌ خاڵی شلۆقی خه‌ونبینینه‌ به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ نێو ئه‌و ده‌سه‌لاَته‌ی‌ كه‌ به‌رده‌وام به‌گه‌نده‌ڵ ناوی‌ ده‌به‌ن و حه‌زی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئۆپۆزسیۆن بوون، به‌لاَم نه‌توانینی بڕیاردان و نه‌توانینی ده‌ستبه‌رداربوونی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان له‌ حكومه‌تدا نایه‌ڵێت ئه‌مانیش بڕیارێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ بده‌ن.

ئێستا ده‌ربازكردنی بارودۆخی چه‌قبه‌ستووی‌ كوردستان له‌ ده‌ستی یه‌كێتیدایه‌و مانه‌وه‌شی به‌م شێوه‌ شلۆقه‌ له‌ ئه‌ستۆی‌ ئه‌ودایه‌. یه‌كێتی ده‌توانێت یه‌كێك له‌م دوو بڕیاره‌ بدات و بارودۆخه‌كه‌ بگۆڕێت بۆ ئاستێكی تر. ئه‌ویش به‌ بڕیارێكی بوێرانه‌و خۆڕزگاركردن له‌م حاڵه‌تی ته‌وافوقیه‌، كه‌ بڕیاره‌كه‌ش یه‌كێكه‌ له‌م دووانه‌. یان پشت له‌ گۆڕان بكات و له‌گه‌ڵ پارتی رێكبكه‌وێت بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كوردستان به‌ شێوه‌یه‌كی جیاواز له‌مه‌ی‌ ئێستا. یان پشتكردن له‌ پارتی و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ رێكه‌وتنه‌كانی له‌گه‌ڵ پارتی و رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ گۆڕان و كشانه‌وه‌ له‌ حكومه‌ت و كۆی‌ پنته‌كانی ده‌سه‌ڵات. بێجگه‌ له‌ بریارێكی له‌م جۆره‌ش كۆی‌ كۆبوونه‌وه‌و قسه‌و لێدوانه‌كانی یه‌كێتی بێجگه‌ له‌ درێژه‌دان به‌م باره‌ ناهه‌مواره‌ی‌ كوردستان هیچی تر به‌رهه‌م ناهێنێت.

 بێگومان نه‌توانینی وه‌رگرتنی بڕیار له‌لایه‌ن یه‌كێتیه‌وه‌ سه‌رئه‌نجام یه‌كێتی له‌ یه‌كێتیه‌وه‌ ده‌گۆڕێت بۆ حیزبێكی وه‌كو یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی و سه‌رئه‌نجام ئه‌و پێگه‌و رۆڵه‌ی‌ كه‌ له‌سه‌رده‌می مام جه‌لالدا هه‌یبووه‌و تاكو ئێستاش كه‌مێكی ماوه‌، به‌ته‌واوی‌ له‌ده‌ستی ده‌دات. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێتی بیه‌وێت له‌وه‌ی‌ ئێستای‌ لاوازتر نه‌بێت و نه‌بێت به‌ حیزبی په‌راوێز، ده‌بێ خۆی‌ له‌و حاڵه‌تی ته‌وافوقیه‌ رزگار بكات و بڕیار بدات. ئه‌م باره‌ی‌ ئێستا یه‌كێتی تێدایه‌ له‌گه‌ڵ جیاوازی‌ قۆناغه‌كه‌و سرووشتی ململانێكاندا، هاوشێوه‌ی‌ هه‌ڵوێستی حیزبی شیوعیه‌ له‌ دوای‌ شۆڕشی چوارده‌ی‌ ته‌موزی‌ 1958، كه‌ سه‌رباری‌ جه‌ماوه‌رداری‌ حیزبی شیوعی له‌و كاته‌دا، به‌لاَم نه‌توانینی بڕیاردان ئه‌و حیزبه‌ی به‌ شكست له‌ دوای‌ شكست سپارد، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێتی نیشتیمانی نه‌توانێت یه‌كێك له‌و دوو بڕیاره‌ بدات، ئه‌گه‌ری‌ ئه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌هه‌مان چاره‌نووسی حیزبی شیوعی عێراقی بگات.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP