بەپەلە

كوردو سەرژمێری ساڵی 2020

عارف قوربانی - 22-05-2019 - 4248 جار خوێندراوەتەوە


ئەگەر لە هەموو دونیادا سەرژمێری بە ئامانجی ناسینی كۆمەڵگە بێ بە مەبەستی داڕشتنی پلانی ستراتیژیی خزمەتگوزاری گشتی لە بوارەكانی تەندروستی، پەروەردە، ئابووری، كۆمەڵایەتی، دیاریكردنی رەگەز، تەمەن، داهاتی نەتەوەیی، چڕیی دانیشتووان و دابەشبوونی جوگرافی، هەروەها مەبەستگەلێكی تری دیمۆگرافی، ئەوا لە عێراق لە دروستبوونی دەوڵەتەكەوە، بەهۆی كێشەی ناسنامەی وڵات و ململانێی نێوان پێكهاتەكانی، ئامانجی سەرەكی لە سەرژمێریی دانیشتووان، سیاسی بووە.
هەموو ئەو سەرژمێرییانەی كراون، چ ئەوانەی بەهۆی كێشەی ویلایەتی مووسڵەوە بەریتانیا و توركیا و سوید و كۆمەڵەی گەلان كردوویانە، یان ئەوانەی كە حكومەتی عێراق خۆی كردوونی، لە هەموویاندا ئامانجە سیاسیەكە رەنگی داوەتەوە

 

هەموو ئەو سەرژمێرییانەی لە عێراق كراون، چ ئەوانەی بەهۆی كێشەی ویلایەتی مووسڵەوە بەریتانیا و توركیا و سوید و كۆمەڵەی گەلان كردوویانە، یان ئەوانەی كە حكومەتی عێراق خۆی كردوونی، لە هەموویاندا ئامانجە سیاسیەكە رەنگی داوەتەوە. بۆ هەر كەسێك كەمترین بایەخی بۆ ناسینی كێشەكانی عێراق هەبێت، تەنها بە وردبوونەوە لە ئەنجامی سەرژمێرییەكان ئەو راستیەی بۆ دەردەكەوێت كە لە هەندێ ناوچەی دیاریكراو، سەرژمێری هاوشێوەی ئامرازە دەوڵەتیەكانی تر ئامرازێك بووە بۆ ئامانجی ململانێی ناسنامەی نەتەوەیی و سیاسەتی پاكتاوی رەگەزی بەكارهاتووە. 

دوای لكاندنی ویلایەتی مووسڵ بە عێراقەوە لە ساڵی 1926، یەك ساڵ دوای ئەوە پرۆسەی سەرژمێری لە عێراق ئەنجام دەدرێت. هەموو ئەو سەرژمێریانەی وڵاتانی بێلایەن و تەرەف لە كێشەكانی ئەوسای عێراق كردوویانە، بەو داتا و سەرژمێریانەی خودی عێراقیشەوە كە پێشتر خستوویەتییە ڕوو، بەراورد بكرێن بە ئەنجامی سەرژمێری ساڵی 1927، ئەو راستیە دەردەخات كە لە یەكەم سەرژمێرییەوە عێراق پەنای بردووەتە بەر ساختەكاری لە تۆماركردنی رێژەی كورد و عەرەب لە ناوچەكانی (مووسڵ و كەركووك و دیالە). ئامانجەكەش بە روونی دیارە كە بۆ كەم نیشاندانی رێژەی كورد و زیادكردنی رێژە و پێگەی عەرەبە لەو هێڵەی كە كوردستان و عەرەبستان لەیەك جیادەكاتەوە. هەر 10 ساڵ جارێكیش كە سەرژمێری ئەنجامدراوە، رێژەكان بە قازانجی ژمارەی عەرەب بەرزبووەتەوە. 
لە دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە لە 1921 تا كەوتنی سەدام لە 2003، لە نێوان هەر 10 ساڵێكدا پرۆسەی سەرژمێری بەڕێوە براوە

 

لە دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە لە 1921 تا كەوتنی سەدام لە 2003، لە نێوان هەر 10 ساڵێكدا پرۆسەی سەرژمێری بەڕێوە براوە. تەنانەت لەو هەلومەرج و بارودۆخە دژوارانەشدا كە عێراق پێیدا تێپەڕیوە، سەرباری نالەباریی رەوشی زۆرێك لە ناوچەكان چونكە ئامانجەكە سیاسی بووە، پرۆسەكە پەكنەخراوە. لەكاتێكدا ئەگەر ئامانجەكە بۆ داڕشتنی پلانی خزمەتگوزاری گشتی بێت بۆ تەواوی كۆمەڵگا، وەك چۆن لەژێر ناوی پرۆسەی سەرژمێری گشتیدایە، كەواتا دەبێت هەموو وڵاتەكەش بگرێتەوە. بەڵام بەغدا لەبەر ئەوەی ئەم پرۆسەیەی وەك ئامرازی سیاسەتی بەعەرەبكردن بەكاربردووە، ئەو دەرفەتانەشی قۆستووەتەوە كە بەهۆیەوە دەتوانێ‌ ناوچەیەك یان كۆمەڵە خەڵكێكی دیاریكراو لە سەرژمێری مەحرووم بكات و بەهۆیانەوە رێژەی عەرەب لەو ناوچانە بۆ ئاستێكی باڵاتر بەرز بكاتەوە. 
لە سەرژمێری ساڵی 1965، هەروەها لە 1977، لە 1987، ئەم 30 ساڵە كوردستان بە هۆی شەڕی نێوان شۆڕشی كورد و حكومەتی عێراق، بە دۆخێكی دژواردا تێپەڕیوە

 

لە سەرژمێری ساڵی 1965، هەروەها لە 1977، لە 1987، ئەم 30 ساڵە كوردستان بە هۆی شەڕی نێوان شۆڕشی كورد و حكومەتی عێراق، بە دۆخێكی دژواردا تێپەڕیوە. خەڵكانێكی زۆری كورد لەلایەن عێراقەوە بەردەوام مەترسی كوشتنیان لەسەر بووە و راوەدوو نراون، لە هەر شوێنێ‌ بەغدا پەی پێبردبن هەوڵی لەناوبردنی داون و تەنانەت چەكی یاساغی نێودەوڵەتی بۆ ئەم ئامانجە بەكار بردووە، ئیتر لەكوێ‌ دەرفەتی ئەوەی بۆ رەخساندوون لە سەرژمێریی دانیشتوواندا ناویان تۆمار بكرێت. تەنانەت لە ساڵی 1987 بە بڕیاری تایبەتی (عەلی حەسەن مەجید) بەشێكی زۆری خەڵك و جوگرافیای كوردستان لە سەرژمێری هێنرانە دەرەوە و دواتر بەپاساوی ئەوەی ئەمانە وەك عێراقی ئەژمار نەكراون، لە پرۆسەی بەدناوی ئەنفالدا بێسەروشوێنی كردن. لە سەرژمێری ساڵی 1997 لە كاتێكدا نەتەوەیەكگرتووەكان بەهۆی بڕیاری نەوت بەرانبەر بە خۆراك تا ئەندازەیەكی زۆر دەیانتوانی یارمەتی عێراق بدەن لە سەرژمێرییەكی گشتی بە هەرێمی كوردستانیشەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئامانجی راستەقینەی بەغدا شتێكی تر بوو، ئەوكات سێ‌ پارێزگاكەی هەرێمی لە سەرژمێری گشتی دەركرد.
چاوەڕوان دەكرا دوای  كەوتنی سەدام هەموو لایەنە سیاسیەكان و نوێنەری گروپ و پێكهاتە جیاجیاكان یارمەتیدەربن لەوەی سەرژمێرییەكی دوور لە ئامانجی سیاسی و دوور لە بەئامرازكردنی بۆ ململانێ، ئەنجام بدرێت

 

ئەمە دواتر لە فراوانكردنی ناوچەی عەرەبی سوننەنشین و بەرتەسككردنەوەی ناوچە شیعییەكانیش لە سەرژمێرییەكانی سەردەمی بەعس بەهۆی دەستكاریكردنی یەكە ئیدارییەكانی پارێزگاكانەوە، رەنگیداوەتەوە. ئەم سیاسەتە لە بە ئامرازكردنی پرۆسەی سەرژمێری بۆ ئامانجی سیاسی، هۆكار بوو بۆ ئاڵۆزتربوونی كێشەكانی عێراق و قووڵكردنەوەی ناكۆكی نێوان پێكهاتەكانی، لە نێوان كورد و عەرەب. هەروەها لە نێوان عەرەبی سوننە و عەرەبی شیعە. بۆیە چاوەڕوان دەكرا دوای  كەوتنی سەدام هەموو لایەنە سیاسیەكان و نوێنەری گروپ و پێكهاتە جیاجیاكان یارمەتیدەربن لەوەی سەرژمێرییەكی دوور لە ئامانجی سیاسی و دوور لە بەئامرازكردنی بۆ ململانێ، ئەنجام بدرێت. وەك ئەو نەریتە 10 ساڵیەش كە عێراق پەیڕەوی كردبوو، دەبوو لە ساڵی 2007 بۆ یەكەمینجار پرۆسەیەكی سەرژمێری پاك و دوور لە غەرەزی سیاسی بەڕێوە بچێت. بەڵام هەمان ئەو عەقڵیەتانەی لە رابردوودا عێراقیان بەو كاولكاریانەدا برد، گرفتیان خستە بەردەم سەرژمێری گشتی و سەرەتا بۆ سێ‌ ساڵ و دواتر وەك بڕیار درا بۆ ساڵی 2017 دواخرا. هۆكاری رووكەشیان هەرچییەك بووبێت، هۆكارە شاراوە راستەقینەكە ئەوە بوو كە دوای كەوتنی سەدام بەشێك لە كورد دەرفەتی ئەوەی بۆ رەخسا بگەڕێتەوە سەر خاكی خۆی لە ناوچەكانی نەینەوا و لە كەركووك و لە گەرمەسێر. ئەگەر لە هەردوو قۆناغەكەدا 2007 یان 2017 سەرژمێری ئەنجام بدرایە، ژمارەی كورد بەجۆرێك بوو كە دڵخوازی شۆڤینیە تازەكانی دوای سەدام نەبوو. بۆیە گرفتیان دروستكرد و نەیانهێشت سەرژمێری گشتی لە عێراق ئەنجام بدرێت.
دوای 16ی ئۆكتۆبەر بەسوودوەرگرتن لەوەی كورد لەو ناوچانە پێگەی لاواز بووەو خەڵكێكی زۆر لە خورماتوو لە ناوچە كوردیەكانی دیالە، لە كەركوك و دەشتی نەینەوا ئاوارە و سەرگەردان بوون

 

بەڵام ماوەیەكی كورتی دوای 16ی ئۆكتۆبەر بەسوودوەرگرتن لەوەی كورد لەو ناوچانە پێگەی لاواز بووەو خەڵكێكی زۆر لە خورماتوو لە ناوچە كوردیەكانی دیالە، لە كەركوك و دەشتی نەینەوا ئاوارە و سەرگەردان بوون. بڕیاریاندا ساڵی 2020 سەرژمێری بكرێ. ئیدارەی هەموو ئەو ناوچانەش كەوتووەتە دەستی عەرەب و لەو كاتەوە بۆ ئێستا و لە ئێستاشەوە تا وادەی سەرژمێری، عەرەبێكی زیاتری بۆ دەهێنن و لەو بەشەی خاكی كوردستان نیشتەجێی دەكەن. ئامانجەكەش درێژەپێدانی سیاسەتی بەعەرەبكردنە و دەیانەوێ‌ شەرعیەتی یاسایی و رەوایەتی پێبدەن بۆ ئەوەی لە هەر پرۆسەیەكی داهاتوودا بگەڕێنەوە بۆ سەرژمێری 2020 و بیكەن بە بناغەی هەر رێگەچارەیەك بۆ ئەو ناوچانە بێتە پێش.
دەبێت كورد لە دۆخێكی لەم شێوەیەدا رێگە نەدات سەرژمێری لە عێراق بكرێت

 

دەبێت كورد لە دۆخێكی لەم شێوەیەدا رێگە نەدات سەرژمێری لە عێراق بكرێت، وەك چۆن ئەوان لەو هەلومەرجەدا كە دڵنیابوون زۆرینەی دانیشتووانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە كورد پێكدێت، بە پاساو و هۆكاری ناڕەوا دوو جار پرۆسەی سەرژمێرییان دواخست. پێویستە كوردیش رێگە بە ئەنجامدانی سەرژمێری نەدات، تەنانەت ئەگەر پێویستی بە هەڵگیرساندنی شەڕێكش بووە لەو ناوچانە. 

بەشێوەیەكی گشتیش دەبێت كورد خۆی رووبەڕووی ئەو پرسیارە بكاتەوە كە ئێستا عێراق گەیشتووەتە 40 ملیۆن و كەمتر لە 10 ساڵی تر دەگاتە 50 ملیۆن، كورد چی دەكات لە بەرانبەر ئەو گەشەكردنە ناسروشتیەی رێژەی عەرەب لە عێراق؟.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP