19ی ئایار؛

هەڤاڵ ئەبوبەكر - 18-05-2019 - 2312 جار خوێندراوەتەوە

سه‌رده‌مێك بۆ جوامێریی،
ته‌مه‌نێك بۆ شكۆمه‌ندیی،
ڕۆژێك بۆ لێبورده‌یی،
ده‌رفه‌تێك بۆ یه‌كتر قبوڵكردن،
كاتێك بۆ یه‌كترته‌واوكردن،
ساتێك بۆ به‌خۆداچوونه‌وه‌..
زۆرن ئه‌وانه‌ی پێیان وایه‌؛ (دوای ڕێبازی نه‌وشیروان مسته‌فا كه‌وتوون)، به‌ڵام به‌شێك له‌م خۆشه‌ویستانه‌ یان ڕێ به‌ ڕێبازه‌كه‌ی ده‌گرن، یانیش بازی له‌گه‌ڵ ڕێگاكه‌یدا ده‌كه‌ن، به‌شێكیش دوای نه‌وشیروان مسته‌فا؛ كه‌وتوون، ڕۆشتوون، په‌شیمان و پڕله‌گومان و چاو له‌ ڕابردوو، پشت له‌ ئاینده‌؛ دانیشتوون.
زۆرێكیش ڕاستوڕه‌وایی ئه‌م ڕێگایه‌و بێباكیی و بێڕوئیایی هه‌ندێك له‌ ڕێبه‌ره‌كانی؛ نائومێدیی كردوون، له‌ناو ڕێدا ڕێبه‌رو ڕێكخه‌رو ڕێگرو ڕێتێكده‌ر، وێڵیكردوون.
زۆریشن ئه‌وانه‌ی به‌ئومێده‌وه‌؛ نه‌وشیروان ئاسا، ته‌نها دوای ڕێبازو ڕێبه‌ر نه‌كه‌وتوون و له‌ناو توله‌ڕێ ئاڵۆزكاوو ڕێبڕاوو ڕێچه‌واشه‌كاندا؛ به‌خه‌می وێڵنه‌كردنی شاڕێی گۆڕانكارییه‌كانه‌وه‌ن.
هه‌موو خه‌ڵكیش كه‌وتونه‌ته‌ سه‌ر ئه‌و ڕێیه‌ی كه‌ گۆڕان بۆ خود بۆ تاك بۆ كۆمه‌ڵ بۆ سیستم بۆ هه‌موو كایه‌كانی ژیان به‌حیزب و ڕێكخراوه‌ سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی و ئابورییه‌كانیشه‌وه‌؛ گرنگه‌.
هه‌ر ئه‌مه‌یش ئه‌و ئامانجه‌یه‌ كه‌ خودی نه‌وشیروان مسته‌فاو خودی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش له‌ ده‌می دروستبونیدا؛ خواستویه‌تی و ماكی بوون و گه‌شه‌و به‌رده‌وامیشی بووه‌.
نه‌وشیروان مسته‌فا؛ له‌ هه‌ستیارترین ساتی ژیانی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی و ئابوریی ئه‌م نیشتمانه‌دا، هێزێكی مه‌ده‌نیی بوێری خاوه‌ن مه‌عریفه‌ی دوربینی ڕه‌خنه‌گری خاوه‌ن پڕۆژه‌و دیدگای ئینسانیانه‌ی دور له‌ به‌ریه‌ككه‌وتن و شه‌ڕو كوشتارو كوده‌تاو ماڵوێرانیی و خوێنڕشتن و قینه‌به‌رایه‌تیی؛ دروستكرد، ئامڕازگه‌لێكی نه‌رمی هێمنی ساده‌و ساكارو به‌نرخ و به‌هاداری هێنایه‌كایه‌وه‌، بانگێك بوو له‌ هه‌وارێكی پڕ له‌ هاواردا، له‌سه‌ر بنه‌ماگه‌لێكی ئینسانیانه‌ په‌یامه‌كانی خۆی داڕشت، به‌جۆرێك له‌ ڕۆحی ئینسانی كورده‌وه‌ نزیكبۆته‌وه‌ تا ئاوێزانی یه‌كتربوون.
بنه‌ماكانی دادپه‌روه‌ریی، لێبورده‌یی، دیالۆگ، قبوڵكردنی یه‌كتر، یه‌كترته‌واوكردن، كۆكردنه‌وه‌ی هه‌موو باشه‌كان و چاكه‌كان و جوانه‌كان، تێپه‌ڕاندنی ڕابردوو، سیستمێكی خزمه‌تگوزار، حكومه‌تی هاووڵاتیی، سه‌روه‌ریی یاسا و دادگاو دادوه‌ر، دورخستنه‌وه‌ی ده‌ستی پاوانخوازیی و په‌رێزپارێزیی له‌ حكومه‌ت و كۆمه‌ڵگاو بازاڕو زانكۆو په‌رستگاو، دروستكردنی خه‌م و خولیاو خواستی هاوبه‌ش و وتاری هاوبه‌ش و ئیراده‌ی هاوبه‌ش به‌ گیانی پێداگریی و هه‌نگاوی به‌رده‌وامی به‌رچاوڕونانه‌ی ئامانجدیارانه‌وه‌؛ چه‌سپاند.
له‌ناو نائومێدیدا؛ ئومێدی دروستكرده‌وه‌و له‌ناو مه‌رگدا؛ ژیانی ڕزگاركردو له‌ناو بێهوده‌ییدا؛ ئیراده‌ی به‌هێزكرده‌وه‌.
له‌زه‌مه‌نێكی كه‌م و كورت و كۆڵدا؛ توانی نه‌ك هه‌ر نه‌وه‌ی نوێ بدوێنێت، به‌ڵكوهێنانیه‌ ناو بازنه‌ی دیالۆگ و كردنیه‌ كرۆكی كارنامه‌و سه‌ری سه‌ركه‌وتنه‌كان، كه‌لتوری یه‌كترته‌واوكردنی نه‌وه‌كانی خوڵقاند كه‌ ئاوێزانكردنی ئه‌زمون و خه‌باتی ڕابردوو بوو به‌ زانست و وزه‌ی ئێستا، ئاوێزانكردنی بڕواو بڕوانامه‌و گوفتارو ڕه‌فتار، به‌ پیرو گه‌نج و ژن وپیاوو خوێنده‌وارو نه‌خوێنده‌وارو هه‌دارو نه‌دارو به‌یارو نه‌یارو گوند و شارو كرێكارو سه‌رمایه‌دارو شۆڕشگێرو شاره‌وان و شه‌قامگێڕ‌و هه‌موو كۆمه‌ڵگاوه‌.
ئه‌و خواستی گۆڕینی ڕیشه‌یی كۆمه‌ڵگاو سیستمی سیاسیی و ئابوریی نیشتمان و گۆڕینی ده‌سه‌ڵات به‌ ده‌وڵه‌ت و مۆدێلی ئه‌منیی به‌ مه‌ده‌نیی و حیزبسه‌نته‌ری به‌ خه‌ڵكسه‌نته‌ری و كاریزماگه‌ریی به‌ هاووڵاتیی و خۆپه‌رستیی به‌ خۆنه‌ویستیی و ڕق به‌ خۆشه‌ویستیی و شه‌ڕ به‌ ڕه‌خنه‌و بێده‌نگیی به‌ دیالۆگ و خۆپارێزیی به‌ خه‌ڵكپارێزیی و خاكهه‌ڕاجیی به‌ خاكپارێزیی و پاشاگه‌ردانیی به‌ دامه‌زراوه‌یی، هه‌بوو، نه‌ك ته‌نها خۆی یان من یان تۆ یان گۆڕان، بازنه‌ی بیركردنه‌وه‌ی ئه‌و گه‌ردوون بوو، ئینجا نیشتمان، نه‌ك سنوری گردی زه‌رگه‌ته‌، ئه‌و هێمن ئاسا شیوه‌نی ئینسانیانه‌ی هه‌بوو، خه‌م و خولیای سه‌رخستنی ئه‌و گه‌له‌ی هه‌بوو كه‌ حاشا ده‌كه‌ن لێی و هه‌شه‌.
بۆیه‌ له‌ بزوتنه‌وه‌كه‌یدا، له‌ لیسته‌كانیدا، له‌ ده‌ستورو به‌رنامه‌و بازنه‌و ڕایه‌ڵه‌و مه‌كۆو باژێڕو گۆشه‌و ژورو كۆبونه‌وه‌و وتارو دیداره‌كانیدا، له‌ بیریدا له‌ بڕواو كردارو باوه‌ڕیدا؛ ڕه‌وایانه‌ هه‌موو كه‌س ئاماده‌ییان هه‌بوو.
نزیكیی ئه‌و له‌ خه‌ڵك و، هه‌ڵوێست و ئاماده‌ییه‌كانی ئه‌و له‌ سه‌رده‌م و كاته‌ ئاڵۆزو نادیارو ناله‌باره‌كاندا؛ ژیریی و بوێریی و ئه‌مانه‌تداریی و هێزی لۆژیك و بیركردنه‌وه‌ی ستراتیژیانه‌ی و خوێنده‌نه‌وه‌ی وردو ڕاستگۆیانه‌ی بۆ مێژوو بۆ ئێستاو دنیابینی ئه‌و بۆ ئاینده‌؛ ڕه‌وایه‌تیی نیشتمانیان پێبه‌خشیبوو.
خورپه‌یه‌ك بوو له‌ دڵی هه‌موو ئینسانێكی خاوه‌ن ویژدان و خاوه‌ن ئیراده‌و خاوه‌ن هه‌ستی مرۆییانه‌ كه‌وت.
ترسێك بوو كه‌وته‌ دڵی هه‌موو لاده‌رو گه‌نده‌ڵ و ساخته‌كارو ساخته‌چیی و دووڕوو ناوبوت و خۆپه‌رست و خۆسه‌پێن و خۆخۆرێكه‌وه‌.
مژده‌یه‌ك بوو؛ وه‌ك شه‌به‌نگ په‌یامی ڕۆژی نوێی ده‌دا، وه‌ك هه‌ناسه‌ ئومێدی به‌ ژیان ده‌به‌خشیه‌وه‌، وه‌ك باران ته‌ڕایی ده‌كرده‌وه‌ به‌ خاكی قڵیشاوی خوێتێكراودا.
ئێستا؛ كه‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ری ژیان ده‌ڕوات و دوو وێستگه‌یه‌ نه‌وشیروان مسته‌فای لێدابه‌زیوه‌؛ ناكرێت هه‌موو دابه‌زن، ناكرێت شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه‌ ڕابگرن، ناشكرێت هه‌ر كه‌س، چ ژورو ماڵ و كۆڵان و گه‌ڕه‌ك و شه‌قام و شارێكی ده‌وێت؛ شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه‌ی به‌ سه‌رنشینه‌كانه‌وه‌ بۆ كه‌مه‌ركێشبكات، ناكرێت سه‌رنشینانی نه‌زانن بۆكوێ ده‌چێت، هه‌روه‌ك چۆن ناكرێت ئه‌م شه‌مه‌نده‌فه‌ری گۆڕانه‌ به‌ئاره‌زوو؛ له‌ كوێدا ویستی بووه‌ستێت و وێستگه‌ی پڕ له‌ ئاپۆره‌ی خه‌ڵك تێبپه‌ڕێنێت و ، له‌ كوێشدا وه‌ستا ده‌سته‌یه‌ك بێنه‌ خوارێ و كه‌سێكی دیش سه‌رنه‌كه‌وێ.
بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ نه‌ك سبه‌ی؛ به‌خۆماندانه‌چینه‌وه‌، ئه‌وا شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه‌ هه‌ر ده‌گات، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ به‌ به‌تاڵیی، یان به‌ته‌رمی سه‌رنشینه‌كانییه‌وه‌.
بۆ ئه‌وه‌ی توانستی گه‌یاندنی خه‌ڵك و پاراستنی خاك به‌رپرسانه‌ بگه‌یه‌نرێنه‌ ئامانج، ده‌بێت پێ به‌ غروری پۆست و غوبنی یه‌كترو غه‌دری براكاندا بنێین، پێ به‌ جه‌رگی خۆماندا بنێین، ئه‌م 19ی ئایاره‌ بكه‌ینه‌ ڕۆژی تێپه‌ڕاندنی گرێكانمان، تێپه‌ڕاندنی كێشه‌و ناكۆكییه‌كانمان، تێپه‌ڕاندنی هه‌موو شت، هه‌موو شكست و هه‌موو سه‌ركه‌وتنێكی كاتیی و هه‌موو ته‌ریك بونێك.
ده‌كرێت 19ی‌ ئایار بكه‌ینه‌ كاتی ژوان و ئارامگای نه‌وشیروان مسته‌فا بكه‌ینه‌ ژوانی ویژدانی زیندووی هه‌موومان، به‌ گیانی هه‌ستكردن به‌به‌رپرسیارێتیكردن و خۆنه‌ویستیی؛ دان به‌ هه‌ڵه‌كانماندا بنێن، داوای به‌خشین بكه‌ین، به‌گیانێكی گه‌وره‌ی لێبوردنه‌وه‌؛ ڕووه‌و هه‌ڵه‌ی ئه‌وانی تر بچین، ڕۆحی قبوڵكردنی جیاوازییه‌كان و یه‌كتر قبوڵكردن و یه‌كترته‌واو‌كردن پته‌وبكه‌ینه‌وه‌.
ڕاوبۆچوون و هه‌ڵوێست و ئاماده‌یی و وتاره‌كانمان، ڕه‌خنه‌و پڕۆژه‌و كرداره‌كانمان؛ به‌رینه‌وه‌ به‌رده‌می یه‌كترو ناویه‌كترو چیتر په‌نجه‌كان یه‌كتری نه‌شكێنن و له‌ بازنه‌یه‌كی داخراودا نه‌خولێینه‌وه‌، چیتر مێدیاو تۆڕوكۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و كافتیریاو چایخانه‌و خانه‌و شه‌قام و دانیشتنه‌كانمان پڕنه‌كه‌ین له‌ نائومێدیی، خه‌مساردیی، كه‌ته‌روتاری، خۆشكێنیی، ده‌ربڕینی به‌ربڕین و خۆبڕین، ئومێد بژێنینه‌وه‌، گیانی به‌رپرسیارێتیی به‌هێزو نێوانمان به‌تین و پته‌وبكه‌ینه‌وه‌. بوێرانه‌ به‌ ڕێگاو به‌ ڕێبازو به‌ ده‌ستورو به‌ به‌رنامه‌و به‌ هه‌موو ئۆرگانه‌كاندا بچینه‌وه‌.
ڕاكان چه‌ند جیاوازو ناكۆكبن، ڕێكان چه‌نده‌ له‌یه‌كتر دوربن؛ له‌ وێستگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی خه‌ڵك وستراتیژیی نیشتمانیی و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یماندا، له‌ تێپه‌ڕاندنی نائومێدییه‌كاندا، له‌ پێویستبوونمان به‌یه‌كترو له‌ به‌دیلبونمان بۆ دۆخ و سیاسه‌ت و سیستمی سیاسیی و سیستمی گشتیدا، له‌ ڕه‌وایه‌تیی تیۆرییانه‌ی گۆڕاندا و مۆدێلی خزمه‌تگوزارانه‌ی هاووڵاتیاندا؛ یه‌كده‌گرنه‌وه‌، له‌ تروسكایی ئامانجدا یه‌كده‌بیننه‌وه‌.
ئه‌ركمانه‌ ئه‌مڕۆ، نه‌ك سبه‌ی؛ په‌ستیی، توڕه‌یی و بێزاریی و بێباكیی و بێدادیی؛ تێه‌په‌ڕێنین، دور له‌ ده‌ست و ده‌خاله‌ت، دور له‌ مقاش و ده‌مامك، دور له‌ حه‌رامزاده‌یی و زۆڵیی، دور له‌ غروری شاهانه‌، به‌ ئه‌زمون و زانست و توانست و دانسته‌وه‌؛
دور له‌ خۆسه‌رزه‌نشتكردن و تۆمه‌تبه‌خشینه‌وه‌، به‌ یه‌قینه‌وه‌ نه‌ك گومان، دور له‌ وره‌به‌ردان و شكسته‌وه‌؛ برینه‌كانی دڵ ساڕێژبكه‌ین، خه‌شه‌وكانی بیر ڕێكبكه‌ینه‌وه‌، گرێكانی ده‌ست نه‌خه‌ینه‌ دان، یه‌كبوون و هاوئامانجیی و مژده‌ی بوژانه‌وه‌ی ڕۆحی زیندووی گۆڕانكاریی و دادپه‌روه‌ریی و ئازادیی و دادی كۆمه‌ڵایه‌تیی و سیستمی ڕه‌واو ئارامیی و ئاسایش و ئاوه‌دانیی؛ به‌ ڕۆحی شه‌هیدان و كاك نه‌وشیروان و هه‌موومان: بده‌ینه‌وه‌.
چیتر ناكرێت له‌سه‌ر ئارامگای نه‌مرێك، مردووانه‌ ڕابوه‌ستین، ڕۆژی ده‌ستپێشخه‌ریی و گه‌وره‌یینواندن و له‌ خۆبوردنه‌.
با 19ی ئایار بكه‌ینه‌؛ سه‌رده‌مێك بۆ جوامێریی، ته‌مه‌نێك بۆ شكۆمه‌ندیی، ڕۆژێك بۆ لێبورده‌یی، ده‌رفه‌تێك بۆ یه‌كتر قبوڵكردن، كاتێك بۆ یه‌كترته‌واوكردن، ساتێك بۆ به‌خۆداچوونه‌وه‌..
ڕۆژی مه‌ردانه‌ ڕه‌فیقان...

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP