سەرۆک کۆمار و کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان

هانا قاسم - 18-05-2019 - 2588 جار خوێندراوەتەوە


ئەزموونی رابردوو سەلماندویەتی کە بە شەڕ و ئاڵوزی دۆخی کەرکوک چارەسەر نابێت ، بۆیە گرنگە لە پاش ئەو ھەموو نەھامەتی و کێشمەکێشمەی بەسەر خەڵک و کەرکوکدا ھاتووە، لایەنە سیاسییەکانی عێراق و کوردستان چارەسەرکردنی دۆخی کەرکوک بکەنە پێشینەی کارەکانیان ئەگەر نا چارەسەری کێشەی کەرکوک بۆ کەرکوکییەکان بەجێبھێڵن.
سەرجەم ھاوڵاتیانی عێراق بێ جیاوازی نەتەوەیی و ئاینی لە ژێر چەتری دەستوردا پارێزراون، سەرۆک کۆماریش وەک پارێزەری دەستور ئەرکی جێبەجێکردنی کەوتۆتە ئەستۆ

 

بەپێ دەستوور سەرۆک کۆمار پارێزەری دەستوورە، سەرجەم ھاووڵاتیانی عێراق بێ جیاوازی نەتەوەیی و ئاینی لە ژێر چەتری دەستووردا پارێزراون، سەرۆک کۆماریش وەک پارێزەری دەستوور ئەرکی جێبەجێکردنی کەوتۆتە ئەستۆ.

پاش رووداوەکانی پار ساڵ کەرکوک و ناوچە کێشە لە سەرەکان بە دۆخی نەخوازراودا تێپەر دەبێت، وەک کەرکوکییەک و ئاگادار لە ھەوڵەکانی سەرۆک کۆمار لە ماوەکانی رابردوودا ھەوڵی زۆری داوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کەرکوک. 

تا ئێستا زیاتر لە جارێک سەرۆک کۆمار بە راستەوخۆ پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکوکی بانگهێشتی بەغدا کردووە، وەک ئاگادارییەک بۆ جێبەجێکردنی یاسا بە یەکسانی لە نێوان ھاووڵاتییانی کەرکوک و کۆتاییھێنان بە پێشێلکارییە دەستوورییەکان، ئەمە جگە لە دروستکردنی لیژنەیەکی تایبەتمەند لە گشت پێکھاتەکانی کەرکوک و نوێنەری سەرۆکایەتی کۆمار بۆ چارەسەرکردنی گرفتە  یاسایی و دەستوورییەکان و کێشەی زەوییە کشتوکاڵییەکان و دانانی پارێزگارێکی نوێ و وەستاندنی بڕیارە نا دەستوورییەکان لەو پارێزگایە.

بۆ پشکی کەرکوک و کەرکوکییەکانیش سەرۆک کۆمار لە ھەوڵەکانی بەردەوامە تا کەرکوکییەکان وەک ئەستحقاقی خۆیان لە حکومەتی ناوەندی وەزیری دادی عێراق و چەندین پۆستی گرنگی تر وەرگرن، ھەروەھا بە بڕیاری سەرۆک کۆمار کوردێکی شاری کەرکوک کرا بە جێگری سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی کۆمار. 

بەداخەوە عینادی و پێداگری پارتی ھۆکاری سەرەکی مانەوەی دۆخی کەرکوکە بەو شێوەیەی ئێستا، بۆیە کاتی ھاتووە یەکێتی و پارتی لەگەڵ لایەنەکانی تری پەیوەست بە دۆخی کەرکوک لە پاش پێکھێنانی حکومەتی ھەرێم بیرێکی جددی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی کەرکوک و ناوچەکە کێشە لەسەرەکان بکەنەوە.

ئەوەش بۆ ھەموو لایەک روون بێت کە خەڵکی رەسەنی کەرکوک بە ھەموو نەتەوەکانییەوە بەدوای ئاشتی و پێکەوەژیاندا  دەگەڕێن و چیتر نایانەوێت شارەکەیان ببێتە قوربان ململانی سیاسییەکان.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP