هەواڵی ئەمڕۆ

په‌یامه‌كه‌ى ئۆج ئالان و ده‌روازه‌یه‌كى نوێ بۆ پرۆسه‌ى ئاشتى

عومەر عەلی محەمەد - 18-05-2019 - 1127 جار خوێندراوەتەوە


بۆ یه‌كه‌مجار له‌ دواى هه‌شت ساڵ واته‌ له‌ ساڵى 2011، هه‌تا ئێستا دوو پارێزه‌ر توانیان چاویان به‌ ئۆج ئالان بكه‌وێت، رێگه‌دانى ده‌وڵه‌تى توركیا بۆ ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌ دواى ده‌یان جار داواكارى په‌یه‌ده‌ و رێكخراوه‌كان و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كان و كه‌سایه‌تیه‌ كورده‌ جیاوازه‌كانى توركیا هات.

شایانى باسه‌ له‌ ئێستاشدا نزیكه‌ى 3000 زیندانى مانیان له‌ خواردن گرتوه‌و داواى بینین و ئازادى ئۆج ئالان ده‌كه‌ن، له‌لایه‌كى تره‌وه‌ رێگه‌دانى ده‌وڵه‌تى توركیا به‌م چاوپێكه‌وتنه‌ پێش رۆژێك بوو له‌ ده‌ركردنى بڕیارى دوباره‌كردنه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردن له‌ ئه‌سته‌نبولأ له‌لایه‌ن كۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ توركیا.

رێگه‌دانى ده‌وڵه‌ت له‌م كاته‌دا به‌تایبه‌تى له‌دواى راگه‌یاندنى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردن و له‌ده‌ستدانى پێنج گه‌وره‌ شارى توركیا به‌تایبه‌تى ئه‌نقه‌ره‌ و ئه‌سته‌نبوڵ كاریگه‌رى گه‌وره‌ى له‌سه‌ر پارتى داد و گه‌شه‌پێدان هه‌بوو، به‌تایبه‌تیش له‌ ده‌ستدانى گه‌وره‌ شارێكى وه‌ك ئه‌سته‌نبولأ كه‌ ماوه‌ى 25 ساڵه‌ له‌ژێر ده‌ستیدایه‌ كارێكى ئاسان نیه‌، ئۆردوغان له‌دواى راگه‌یاندنى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنى شاره‌وه‌كانیه‌كان، وتى: په‌یامى گه‌لمان پێگه‌یشت ده‌زانین هه‌ڵه‌كانمان چیین، لێره‌وه‌ ده‌بینین ئه‌كه‌په‌ له‌هه‌وڵى ئه‌وه‌دایه‌ هۆكارى شكسته‌كانیان له‌و دوو گه‌وره‌ شاره‌دا بدۆزێته‌وه‌، به‌ سه‌رنجدان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى پێِشوو له‌ په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تى ده‌بینین له‌ توركیاداو به‌تایبه‌تیش له‌ ئه‌نقه‌ره‌ و ئه‌سته‌نبوڵ ده‌نگه‌كانى ئۆپۆزسیۆن له‌ سنورێكى دیاریكراودا بووه‌و تواناى ئه‌وه‌یان نه‌بووه‌ شكست به‌ ئه‌كه‌په‌ بده‌ن، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان كه‌ جه‌هه‌په‌ توانى له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى شاره‌وانیه‌كاندا ئه‌و دوو شاره‌ له‌ده‌ستیان ده‌ربهێنن جێگه‌ى هه‌ڵوه‌سته‌كردن و له‌سه‌ر وه‌ستان بوو.
هەده‌پە له‌ هه‌ڵبژاردنى شاره‌وانیه‌كاندا هه‌رچه‌ندە هاوپه‌یمانیه‌تێكى ئاشكراى له‌گه‌ڵ جه‌هه‌په‌ و هاوپه‌یمانێتى گه‌لدا نه‌بو، به‌ڵام پێده‌چو رێكه‌وتنێكى نهێنى هه‌بێت به‌وه‌ى كه‌ له‌و شاره‌ گه‌ورانه‌دا كه‌ جه‌هه‌په‌ بردیه‌وه‌ ده‌نگیان به‌ ئه‌وان دابێت

هەده‌پە له‌ هه‌ڵبژاردنى شاره‌وانیه‌كاندا هه‌رچه‌ند هاوپه‌یمانیه‌تێكى ئاشكراى له‌گه‌ڵ جه‌هه‌په‌ و هاوپه‌یمانێتى گه‌لدا نه‌بوو، به‌ڵام پێده‌چوو رێكه‌وتنێكى نهێنى هه‌بێت به‌وه‌ى كه‌ له‌و شاره‌ گه‌ورانه‌دا كه‌ جه‌هه‌په‌ بردیه‌وه‌ ده‌نگیان به‌ ئه‌وان دابێت، چونكه‌ له‌ ئه‌و شارانه‌دا به‌تایبه‌تى ئه‌نقه‌ره‌ و ئه‌سته‌نبوڵ كورد پاڵێوراوى نه‌بووه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ش كه‌ ده‌نگده‌رى كورد له‌ ئه‌سته‌نبوڵ نزیكه‌ى دوو ملیۆن ده‌بن ده‌توانن وه‌ك كارتێكى فشارى به‌هێز كاربكه‌ن و شكست به‌ ئه‌كه‌په‌ بده‌ن.

له‌م كاته‌دا كه‌ له‌سه‌ر داواى ئه‌كه‌په‌ ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌سته‌نبوڵ هه‌ڵوه‌شێنراوه‌ته‌وه‌، كه‌واته‌ ده‌بێت ئه‌كه‌په‌ بۆئه‌وه‌ى بتوانێت بیباته‌وه‌ ده‌بێت به‌خۆداچوونه‌وه‌ ئه‌نجام بدات و هاوپه‌یمانیه‌تیه‌كى نوێ دروست بكات، ده‌نگى كورد له‌ توركیادا بۆ ئه‌كه‌په‌ زۆر گرنگ و ستراتیجیه‌، چونكه‌ سه‌ره‌ڕاى گوتاره‌ تونده‌كانى ئۆردوغان و به‌رپرسه‌كانى دژ به‌ كورد و به‌ستنى رێكه‌وتنى ستراتیجى له‌گه‌لأ توركه‌ نه‌ته‌وه‌ په‌رسته‌كانى وه‌ك مه‌هه‌په‌، به‌ڵام سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ش سه‌ركه‌وتنى ئه‌كه‌په‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تى و بردنه‌وه‌ى له‌ گۆڕینى ده‌ستورى په‌رله‌مان بۆ سه‌رۆكایه‌تى به‌ پشتیوانى كورد بووه‌. له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر كورد پشت له‌ ئه‌كه‌په‌ بكات له‌ هیچ هه‌ڵبژاردنێكدا سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست ناهێنێت، داود ئۆغڵۆ له‌ ره‌خنه‌كانیدا له‌ ئه‌كه‌په‌ پێشتر وتبووى هاوپه‌یمانێتى ئه‌كه‌په‌ له‌گه‌ڵ مه‌هه‌په‌ زیانى زۆرى به‌ ئه‌كه‌په‌ گه‌یاندووه‌، چونكه‌ له‌لایه‌ك له‌ زۆر جێگه‌دا مه‌هه‌په‌ جێگه‌ى به‌ ئه‌كه‌په‌ لێژ كردووه‌، پێده‌چێت بۆ هه‌ڵبژاردنى ئه‌مجاره‌ ئه‌كه‌په‌ زۆر متمانه‌ى به‌ مه‌هه‌په‌ نه‌بێت كه‌ له‌ ئه‌سته‌نبوڵدا ده‌نگى پێ بدات، له‌به‌رئه‌وه‌ له‌ ئێستاوه‌ به‌شوێن به‌دیلێكدا ده‌گه‌ڕێت كه‌ ئه‌ویش كورده‌.

ئۆج ئالان له‌م دیداره‌دا له‌ رێگه‌ى پارێزه‌ره‌كانه‌وه‌ جارێكى تر جه‌ختى كرده‌وه‌ له‌سه‌ر گفتوگۆ و رێگه‌ چاره‌ى ئاشتى و وتى له‌م قۆناغه‌ مێژووییه‌ هه‌ستیاره‌ى كه‌ پێیدا تێپه‌ر ده‌بین، پێویسته‌ ده‌ست بده‌ینه‌ ئاشته‌واییه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تى قووڵ، ئه‌ویش له‌ پێناو چاره‌سه‌رى گرفته‌كان، له‌ ئێستادا زۆر پێویستمان به‌ شێوازی دانوستانى دیموكراسیانه‌ هه‌یه‌ كه‌ دوربێت له‌ هه‌مو كلتورێكی جه‌مسه‌رگیرى و پێكدادان ، هه‌روه‌ها وتى ده‌توانین كێشه‌كانى توركیا  و ناوچه‌كه‌ش له‌رێگه‌ى هێزى نه‌رمه‌وه‌ واته‌ عه‌قڵ و سیاسه‌ت و هێزى كولتوره‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ین، نه‌ك هۆكارى توندوتیژى و له‌پێش هه‌موشیانه‌وه‌ جه‌نگ، له‌ رۆژئاواش داواى له‌ په‌یه‌ده‌ كرد كه‌ له‌ جیاتى شه‌ڕ و توندوتیژى په‌نا بۆ گفتوگۆو ئاشته‌وایى به‌رن و هه‌ست به‌ هه‌ستیارى توركیاش بكه‌ن له‌ ناوچه‌كه‌دا.

ئۆج ئالان له‌ به‌هارى 2013 دا گوتارێكى رونى هه‌بوو بۆ ئاشتى و گه‌شه‌پێدانى خه‌باتى مه‌ده‌نى و سیاسى و چه‌ك دانان و ده‌ستكردن به‌ خه‌باتى مه‌ده‌نى، به‌ڵام ئه‌وكاته‌ له‌لایه‌ن باڵێكى ناو پارتى كرێكاران ئه‌م رایه‌ قبولأ نه‌كراو ئه‌كه‌په‌ش به‌هۆى هاوپه‌یمانێتى له‌گه‌ڵ مه‌هه‌په‌ به‌ ته‌واوى پرۆسه‌ى ئاشتى و كرانه‌وه‌ى دیموكراسى پشتگوێ خست و په‌ناى بۆ لۆژیكى هێزبرد، له‌ ساڵى 2015 هه‌تا ئێستا كه‌ شه‌ڕ ده‌ستى پێكردۆته‌وه‌ بێجگه‌ له‌ رژانى خوێنێكى زۆرتر و وێرانبوونى زۆر ناوچه‌ى كوردستان و وه‌ستانى گه‌شه‌پێدان له‌ ناوچه‌كه‌دا، ئه‌م شه‌ڕانه‌ بۆ هیچ یه‌ك له‌ كورد و ده‌وڵه‌ت هیچ سود و قازانجێكى نه‌بووه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ى سودمه‌ند بووه‌، هه‌ندێك هێزى ئۆپۆزسیۆنى ناو توركیا بووه‌ به‌تایبه‌تى جه‌هه‌په‌، هه‌روه‌ها ئى پارتى و مه‌هه‌په‌ش له‌لایه‌كى تره‌وه‌. كه‌واته‌ لێره‌دا ئه‌و دوو هێزه‌ى كه‌ له‌ شه‌ڕ زیانمه‌ند بوون هاده‌پ و ئه‌كه‌په‌ بوون.
ئه‌كه‌په‌ گه‌یشتۆته‌ ئه‌و بڕوایه‌ى كه‌ ناكرێت ده‌نگده‌رى كورد فه‌رامۆش بكرێت و پێویسته‌ جارێكى تر ده‌روازه‌یه‌ك به‌ڕوى كورددا بكاته‌وه‌

 

له‌لایه‌ك ئۆج ئالان ده‌ركى به‌ ئه‌و راستیه‌ كردووه‌ كه‌ كورد له‌ ئاشتیدا سودمه‌ند ده‌بێت و ده‌توانێت گه‌شه‌ بكات و رۆڵى كاراى له‌ بوارى سیاسیدا هه‌بێت، له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ ئه‌كه‌په‌ گه‌یشتۆته‌ ئه‌و بڕوایه‌ى كه‌ ناكرێت ده‌نگده‌رى كورد فه‌رامۆش بكرێت و پێویسته‌ جارێكى تر ده‌روازه‌یه‌ك به‌ڕووى كورددا بكاته‌وه‌و رێگه‌دان به‌ بینینى ئۆج ئالان و بڵاوكردنه‌وه‌ى په‌یامه‌ نوێیه‌كى بۆ گه‌لانى توركیا، ماناى سه‌ره‌تاى ئاماده‌یى ده‌وڵه‌ت ده‌رده‌خات بۆئه‌وه‌ى كه‌ سه‌رله‌نوێ دانوستان ده‌ست پێ بكاته‌وه‌و لاپه‌ڕه‌یه‌كى نوێ له‌گه‌ڵ كورددا هه‌ڵبداته‌وه‌، به‌ڵام ده‌بێت هاده‌پیش جۆرێك له‌ نه‌رمى بنوێنێت و په‌كه‌كه‌ش ئاماده‌ى به‌خۆداچوونه‌وه‌و هه‌ڵدانه‌وه‌ى په‌ڕه‌یه‌كى نوێ بێت و ئه‌مجاره‌ش ئه‌م هه‌له‌ له‌ده‌ست نه‌دات و خوێندنه‌وه‌ ئایدیۆلۆژیه‌كان نه‌كاته‌ بنه‌ماى پێوه‌رى سیاسى.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP