ئەمریکا شەڕی ئێران دەکات؟

سلێمان عەبدوڵا یونس - 17-05-2019 - 18858 جار خوێندراوەتەوە


دۆناڵد تڕامپ سەرۆکی شەڕ نیە، ئەگەر ئەمریکا بەرنامەی شەڕێکی ھەبوایە سەرۆکێکی لەبنەماڵەی جەنگاوەرەکان ھەڵدەبژارد، وەک ئەوەی لە ھاتنی سەرۆک بۆشی دوەم ڕویدا.

کاتێک جۆرج دەبلیو بۆش ھاتە سەر حوکم، ڕاوێژکارەکانی دەورەیان گرت و گوتیان جەنابی سەرۆک، چەکەکانمان بریسکەیان دێت، ئەویش بێ دودڵی سەرکردایەتی دو جەنگی گەورەی کرد و چەکە ڕەونەقدارەکانی وڵاتەکەی لە ئەفغانستان و عێراق تاقیکردەوە و ھەژمونی ئەمریکای بەسەر ناوچەکەدا سەپاندەوە.

کە ئۆباما ھات وەزیفەکەی جیاواز بو، بۆیە ئەو وەک سەرۆکی سەردەمی دوای شەڕ، ستراتیژی ئیحتیواکردنی گرتەبەر .لەماوەکانی سەرۆکایەتی ئۆبامادا چونکە ستراتیژی ئەمریکا ئیحتیواکردن بو، بۆیە سیاسەتی سەرۆک لەو چوارچێوەیە دەرنەچو، کەئەمەش بۆ زۆر لەسەرکردەکانی دنیا مایەی بێزاری بو، بەتایبەت سەرکردەکانی عێراق و ئەفغانستان کە جەنگی وڵاتەکانیان بەنیوەناچڵی جێھێڵرابو.

سەرۆکەکان لەئەمریکا بۆ ستراتیژی وڵاتەکەیان ھەڵدەبژێردرێن، بۆیە جۆرج دەبلیو بوش، دو جەنگ ڕێبەرایەتی دەکات و دواتر ئۆباما بۆ سەرۆکایەتی سیاسەتی ئیحتیواکردن ھات و ئێستاش دۆناڵد تڕەمپ سەرۆکی دوای شەڕ و دوای سیاسەتی ئیحتیواکردنە و بەرپرسیارێتیەکەی پەیداکردنی پارە و کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕ و سەرچاوەکانی وزە و بەھێزکردنی ئابوری و بنیاتناوەی سیستەمی داروخاوی بانکی وڵاتەکەیەتی نەک شەڕ، بۆیە فشار و ھەڕەشەکانی لە کۆریای باکورەوە، بۆ ڤەنزوێلا و چاینە و ئێران، بۆ دەسکەوتی داراییە و ھیچی تر. چونکە لەبنەڕەتەوە ئەو  بۆ  جەنگ نەھاتوە.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP