کابینەی داهاتوو، ئومێد و ئاستەنگەکانی

کاروان جەلال بەگ - 15-05-2019 - 1808 جار خوێندراوەتەوە

بونیادنانی کوردستانێکی بەهێز 
ئارامی، هەلی کار، خزمەت
دادپەروەری و نەهێشتنی گەندەلی 
ئەمانە و زۆر لە دروشمی تری جوان و قبولکراوی پارت و قەوارە بەشداربوەکانی دواین هەلبژاردن هەرێمی کوردستان بوون، کە وایان لە تاك و کۆ کردوە ئومێدی زۆر هەلچنن بۆ کابینەی داهاتوو.

لە سەروبەندی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان بارودۆخی ناوچەکە بەجۆرێکە سەر لێ دەرکردن و خوێندنەوەی کارێکی ئاسان نیە!
بۆیە ئەرکی کابینەی داهاتوو زەحمەت دەبێت .....
هەڕەشە و چاو سوورکردنەوەکانی ترامپ بۆ سەر ئێران و  لە هەمبەر  ئامادەکاریەکانی ئێران بۆ ئەم هەڕەشانە جیهانی هەمووی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردوە، لە ئەگەری هەر پێکدادانێکی سەربازیش یەكەم پروشکی ئاگرەکە بەر هەرێمی کوردستان دەکەوێت.

پرسیاری جەوهەری ئەوەیە هەرێمی کوردستان چۆن مامەلە لەگەل بارودۆخەکە دەکات ؟

هەمیشە کورد بە ئیسرائیلی دووەم و دۆستی ئەمریکا مەحکوم کراوە لەلایەن نەیارانی، لە هەمبەر دا ئەمریکا ئەو دۆست و پشت و پەنایەی کورد نەبوە کە وێنای بۆ دەکرێت !
بۆیە ئێستە کاتی ئەوەیە کورد پێچەوانەی هەموو جارێ بە قازانج لە یاریەکە دەربچێت و سوود لە جیوپۆلەتیك و دەولەمەندی بە سامان سرروشتیەکان وەربگرێت .

یەکێکی تر لە ئاستەنگەکانی بەردەم کابینەی داهاتوو وابەستە بونیەتی بە حکومەتی ناوەندی و هەمیشە لەبەردەم مەترسی بڕینی بودجە و موچەی خەلکی کوردستان دایە 
بۆیە ئەگەر قەرارە بەردەوام بین لەسەر سیاسەتی ئابووری سەربەخۆ و پێشکەوتن و هەنگاونان بەرەو بەجیهانیبوون پێویستیمان بە ئەلتەرناتیڤی نەوت دەبێت !
ئەبێ لەوە تێ بگەین ناکرێ نەوت تاکە سەرچاوەیی داهاتمان بێت لەکاتێکدا ژینگە کوردستان بۆ زۆر بواری تر لەبارە بەتایبەت ،،گەشتیاری و کشتووکاڵ ،،

ڕێکخستنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە لە هەرە کۆلەگە گرنگەکانی هێزی هەرێمی کوردستان دەبێت بۆیە پێویستە لە کارە لە پێشینەکانی کابینەی داهاتوو بێت بینیمان چۆن باجی پەرتەوازەی هێزی سەربازیمان دا لە رووداوەکانی ۱٦ی ئۆکتوبەر !

کارکردن لەسەر ڕەشنوسی دەستووری هەرێمی کوردستان و جێگیرکردنی دەستورێك دەبێتە هۆی سەقامگیری سیاسی و سەربازی و ئابووری و دروستبوونی کۆدەنگی نیشتیمانی تەنانەت بەرزبوونەی هێز و پێگەی هەرێمی کوردستان لە ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی .

هەموو ئەمانە و زیاتر پێمان دەلێن بۆ ئەوەی ئاشتەوای کۆمەڵایەتی و متمانەی نێوان تاك بە دولەتداری لە هەرێم بمێنێت و پتەوتر بێت پێویستە هەموو ئەم ئاستەنگانە بە هەند وەربگیرێن و کاری لە پێشینەی کابینەی داهاتوو بن تاکو ئەو هەموو ئومێدە جوانەی لە هزری خەلك چێ بوونە دواجار نەبن بە نائومێدی و ئەزموونی هەرێمی کوردستانیش بەرەو پێشکەوتنی زیاتر و دەستکەوتی مەزنتر هەنگاوبنێت.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP