هه‌رێم چۆن به‌ڕێوه‌ببرێت

مەریوان عەلی محەممەد - 14-05-2019 - 988 جار خوێندراوەتەوە

لاى هه‌موو ئاشكرایه‌ هه‌رێمى كوردستان تا ئه‌م ساته‌ خاوه‌نى ده‌ستوور نییه‌ و هه‌ر یاسایه‌كیش ئه‌گه‌ر له‌په‌رله‌مان په‌سه‌ند بكرێت به‌هه‌مان شێوه‌ ده‌توانرێت هه‌مواربكرێته‌وه‌ و وه‌لێ ئه‌گه‌ر فه‌حواى یاسا په‌سندكراوه‌كه‌ش به‌هه‌ر مه‌رام و نیازێكیش تێپه‌رێنرابێت، ئه‌وا ده‌توانرێت له‌ هه‌ر خولێكى دیكه‌ى په‌رله‌ماندا گۆرانكاریی سه‌رتاسه‌ریی و ریشه‌یی تیادا بكرێت و كۆده‌نگیی نیشتمانیی بۆ كۆبكرێته‌وه‌، كه‌واته‌ هه‌ر یاسایه‌ك ئه‌مرۆ تێپه‌رێنرابێت،یاخود له‌داهاتووشدا له‌په‌رله‌مان تێپه‌رێنرێت، ئه‌وا به‌ ته‌حصیل حاصل له‌ نه‌بوونى ده‌ستوردا كۆی یاساكان كاتین و قابیلى گۆرانكارین.

هه‌مو ناڕازییه‌كان كه‌وتونه‌ته‌ ته‌ڵه‌ى گه‌روه‌ فراكسیۆنى نێو په‌رله‌مان كه‌ پارتی دیموكراتى كوردستانه‌ به‌وه‌ى توانى هه‌مو ڕاپێچى ئه‌و توله‌ رێگایه‌ بكات

 

چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر له‌په‌رله‌مانى كوردستاندا یاساى هه‌ڵپه‌ساردنى دامه‌زراوه‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمى كوردستان هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه‌و جارێكى تر دامه‌زراوه‌كه‌ كاراكرایه‌وه‌، له‌دواى ده‌رچواندنى یاساكه‌ش كه‌ له‌بنه‌ره‌تدا وه‌ك پێشنیار خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌، به‌شێك له‌فراكسیۆنه‌كانى په‌رله‌مان له‌ رێی وتار و لێدوان و كۆنگره‌ى رۆژنامه‌وانیی ره‌تكردنه‌وه‌ى خۆیان بۆ یاساكه‌ بڵاوكرده‌وه‌ به‌و بیانوه‌ى گوایه‌ كه‌سى كاندیدو دیاریكراو بۆ وه‌رگرتنى پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێم،خاوه‌نى بروانامه‌ نییه‌، من لێرده‌دا مه‌به‌ستم ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌سى كاندیدى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم له‌م سه‌رده‌مه‌ عه‌وله‌مه‌و جیهانگیریی و ته‌كنه‌لۆژییه‌دا خاوه‌نى بڕوانامه‌یه‌ یاخود بێ بروانامه‌یه‌، به‌ڵكو حه‌سره‌تى من له‌وه‌دایه‌ هه‌موو ناڕازییه‌كان كه‌وتوونه‌ته‌ ته‌ڵه‌ى گه‌روه‌ فراكسیۆنى نێو په‌رله‌مان كه‌ پارتی دیموكراتى كوردستانه‌ به‌وه‌ى توانى هه‌موو ڕاپێچى ئه‌و تووله‌ رێگایه‌ بكات كه‌ بۆ له‌مه‌ودوا و داهاتووش قسه‌و باسه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بێت كه‌ سستمى به‌رێوه‌بردنى ئه‌م هه‌رێمه‌ به‌ شێوازیی سه‌رۆكایه‌تیی به‌ چ جۆرێك په‌سه‌ندو باشه‌.

باشتر بو نارازییه‌كان هێنده‌ى خۆیان به‌شتى لاوه‌كى سه‌رقاڵ بكه‌ن، له‌ ئێستاوه‌ خۆیان گورجبكه‌نه‌وه‌ و پرۆژه‌ى نیشتمانیی و بڕگه‌و مادده‌ى شیاو بۆ ده‌ستورى هه‌رێم ئاماده‌بكه‌ن كه‌ تا ئێستا وه‌ك پرۆژه‌ ماوه‌ته‌وە

جا مه‌وزوعی سه‌رۆكى بێبڕوانامه‌ لای پارتى نابێته‌ كێشه‌، چونكه‌ دواى ته‌واو بوونى خوله‌كه‌، ده‌توانن كه‌سێكى دیكه‌ى خۆیان كه‌ خاوه‌نى بروانامه‌یه‌ بهێننه‌ پێشه‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى گله‌یی و گازنده‌ى نارازییه‌كان له‌سه‌ر سستمه‌كه‌ نییه‌ كه‌ سه‌رۆكایه‌یه‌تییه‌، به‌ڵكو له‌سه‌ر سه‌رۆكێكه‌ كه‌ بروانامه‌ى نییه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش له‌كاتێدایه‌ كۆى نارازییه‌كان به‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كووردستانیشه‌وه‌ كه‌ ئه‌م دوولایه‌نه‌ ده‌نگیان به‌ كاراكردنه‌وه‌كه‌ دا، وه‌ك پره‌نسیپ له‌گه‌ڵ سستمى په‌رله‌مانین له‌به‌رێوه‌برندا نه‌ك سه‌رۆكایه‌تیی، ئه‌وانه‌ى ئه‌مرۆ له‌ سۆشیال میدیا شیوه‌ن بۆ تێپه‌راندنى یاساكه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌وا به‌ زمنیی دانیان به‌وه‌ناوه‌ كه‌ سستمى هه‌رێمه‌كه‌ له‌ به‌رێوه‌برندا بۆ له‌مه‌ودا سه‌رۆكایه‌تیی ده‌بێت و سه‌رۆكه‌كه‌ش له‌ بازنه‌ى ماڵباتى بارزانى ده‌بێت، ئه‌گه‌ر نا خۆ كاراكردنه‌وه‌كه‌ له‌ نه‌بوونى ده‌ستوردا كاتیی ده‌بێت و ده‌ستوور ئه‌و پرسه‌ دیارى ده‌كات به‌وه‌ى ئه‌م هه‌رێمه‌ سه‌رۆكایه‌تیی ده‌بێت یاخود په‌رله‌مانیی، بۆیه‌ باشتر بوو نارازییه‌كان هێنده‌ى خۆیان به‌شتى لاوه‌كى سه‌رقاڵ بكه‌ن، له‌ ئێستاوه‌ خۆیان گورجبكه‌نه‌وه‌ و پرۆژه‌ى نیشتمانیی و بڕگه‌و مادده‌ى شیاو بۆ ده‌ستوورى هه‌رێم ئاماده‌بكه‌ن كه‌ تا ئێستا وه‌ك پرۆژه‌ ماوه‌ته‌وه، مشتومره‌ سیاسییه‌كه‌ بۆ ئه‌و كاته‌ هه‌ڵبگرن و داكۆكیی له‌سه‌ر سستمى په‌رله‌مانیی بكه‌ن و سه‌رۆكایه‌تیی ره‌تبكه‌نه‌وه‌، نه‌ك گله‌یی ئه‌وه‌ بكه‌ن  سه‌رۆكى هه‌رێم له‌ دامه‌زراوه‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمدا بروانامه‌ى هه‌یه‌ یان نا.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP