بەپەلە

ی،ن،ك یەكێتیی نیشتمانی كوردستانە، نەك سلێمانی

عارف قوربانی - 14-05-2019 - 9085 جار خوێندراوەتەوە

ساڵانێك پێش دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕان دۆخێك لە سلێمانی دروستبوو كە خەڵكەكەی پێیان وابێت یەكێتیی نیشتمانی كوردستان زوڵمیان لێدەكات

 

ساڵانێك پێش دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕان دۆخێك لە سلێمانی دروستبوو كە خەڵكەكەی پێیان وابێت یەكێتیی نیشتمانی كوردستان زوڵمیان لێدەكات، ئەو هەست بە غەدركردنەش لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو كە خەڵكی سلێمانی لەناو جومگە گرنگەكانی حوكمڕانی كردستاندا نەبوون، بەمەش ئەوەیان لا بوو بوو بە قەناعەت كە بەمەبەست هاوبەشیان لە حوكمڕانی پێناكرێت.
ئەوكات سەرۆكی هەرێم و جێگرەكەی (بارزانی و كۆسرەت رەسوڵ) كەسیان خەڵكی سلێمانی نەبوون

 

ئەوكات سەرۆكی هەرێم و جێگرەكەی (بارزانی و كۆسرەت رەسوڵ) كەسیان خەڵكی سلێمانی نەبوون. سەرۆكی پەرلەمان و جێگرەكەی (عەدنان موفتی و كمال كەركوكی) هیچیان خەڵكی سلێمانی نەبوون، سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی (نێچیرڤان بارزانی و عیماد ئەحمەد) خەڵكی سلێمانی نەبوون. تەنانەت چەند مەكتەبێكی حیزبی یەكێتیش بارەگایان لە سلێمانی بوو بەرپرسەكانی خەڵكی سلێمانی نەبوون. یەكێتیی چوار ئۆرگانی میدیای ناوەندیی هەبوو ( رادیۆی گەلی كوردستان، تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان، كوردستانی نوێ‌ و ئیتیحاد) بەڕێوەبەر و سەرنوسەری هیچ كامیان خەڵكی سلێمانی نەبوون.
ئەوەی یەكێتیی دەیكات لە سەروبەندی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم و پشك و پۆستەكانی لە كوردستان و لە بەغدا، دووبارەكردنەوەی هەمان ئەو هەڵەیەی پێشووترێتی

 

لێكەوتەكانی ئەو فەرامۆشكردنەی خەڵكی سلێمانی درووستبوونی ئەو ژینگەیە بوو كە گۆڕانی تیا لەدایك بوو، ئەگەر كاك نەوشیروانیش لە یەكێتیی جیا نەبوایەتەوەو گۆڕانی دروست نەكردایا، لەدایك بوونی حیزبێك لە دژی یەكێتیی زەمینەی بۆ رەخسابوو. ئێستا ئەوەی یەكێتیی دەیكات لە سەروبەندی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم و پشك و پۆستەكانی لە كوردستان و لە بەغدا، دووبارەكردنەوەی هەمان ئەو هەڵەیەی پێشووترێتی، بەڵام ئەمجارە بەرانبەر بە كەركوك و هەولێر دەیكات. وەك چۆن لەكاتی خۆی باجی ئەو سیاسەتە هەڵەیەی لە سلێمانی دایەوە، بە دڵنیاییەوە ئەگەر رێگریی لە دووبارەكردنەوەی ئەو هەڵەیە نەكات بەرانبەر بە كەركوك و هەولێر، ئەوە سەرئەنجام لە ساڵانی داهاتوو باجی قورسی ئەمەش دەداتەوە.
 لەوێ‌ لەپێشنیازەكانمدا باسی پێویستی میدیای تایبەت بە كەركوكم كرد مام جەلال پێی وتم، كوڕم تۆ لێت تێكچووە، ی،ن،ك یەكێتیی نیشتمانی كوردستانە، نەك كەركوك

 

ماوەیەكی كەم بەسەر رووخانی سەدامدا تێپەڕی بوو، چووبووینەوە بۆ كەركوك و دەرفەتێك بۆ كورد هاتبووە پێش بتوانین بناغەی قۆناغێكی تازە بۆ ژیانی سیاسی كورد لە كەركوك دابڕێژین كە دەستەبەری سەرخستنی پرۆژەی كوردی بكات لە چارەسەركردنی كێشەی هەشتا ساڵەی ئەو شارە. بەهەشتی مام جەلال بانگهێشتی كردبووین بۆ كۆبوونەوەی داڕشتنی بەرنامەو دانانی پلانی كاركردن، لەوێ‌ بەندە لەپێشنیازەكانمدا باسی پێویستی میدیای تایبەت بە كەركوكم كرد لە دانانی تەلەفزیۆنی كەركوك، رادیۆی كەركوك، دامەزراندنی چاپخانەی تایبەت بە كەركوك. مام جەلال پێی وتم (كوڕم تۆ لێت تێكچووە، ی،ن،ك یەكێتیی نیشتمانی كوردستانە، نەك كەركوك). بەڵام مام ئەوەی باش بوو كە گوێی دەگرت و بۆ كاری باش بەقسەشی دەكردیت، كە داوای دەرفەتم كرد بۆ روونكردنەوەی زیاتری بۆچوونەكانم، سەرئەنجام هەر ئەو رۆژە بڕیاریدا تەلەفزیۆنی كەركوك دابمەزرێنین و رادیۆ و چاپخانەشی پێبەخشین. ئێستا دوای 16 ساڵ و لە سەروبەندی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی كوردستاندا كاتی ئەوەیە بە م س و سەركردایەتی یەكێتیی بڵێین ئێوەش لێتان تێكچووە ی،ن،ك یەكێتیی نیشتمانی كوردستانە، نەك سلێمانی.
لە بەغدا تا ئێستا دوو پۆستی هەیە سەرۆك كۆمار و سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی لە پەرلەمان هەردووكیان خەڵكی سلێمانین

 

تەماشا بكەن ئێستا ئەو پۆستانەی بەر یەكێتیی كەوتوون لە بەغدا و لە كوردستان چۆن پڕیان دەكاتەوە. لە بەغدا تا ئێستا دوو پۆستی هەیە سەرۆك كۆمار و سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی لە پەرلەمان، (بەرهەم ساڵەح و جوان ئیحسان) هەردووكیان خەڵكی سلێمانین. ئەمیندارێتی پەرلەمانیش كە پلەكەی وەزیرە، لەم رۆژانەدا دەدرێت بە یەكێتیی، (ئاسۆ فەرەیدون) پارێزگاری پێشوتری سلێمانی بۆ كاندید كراوە و ئەویش خەڵكی سلێمانی یە. ئایا هەولێر و كەركوك لە كوێی نوێنەرایەتی كورد لە بەغدا پێگەیان دەبێت. لە هەرێمی كوردستانیش لە ئاستی باڵادا پۆستەكانی جێگری سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی پەرلەمان و جێگری سەرۆكی حكومەتی دەدرێتێ. شێج جەعفەر كاندیدە بۆ جێگری سەرۆكی هەرێم، رێواز فایەق كاندیدە بۆ سەرۆكی پەرلەمان، قوباد تاڵەبانی بۆ پۆستی جێگری حكومەت، هەرسێكیان لە زۆنی سلێمانین. پرسیار ئەوەیە كەركوك و هەولێر كەوتوونەتە كوێی ئەم هاوكێشانەوە؟
ساڵی 2020 سەرژمێری گشتی لە عیراق و لە كوردستان دەكرێت. قەبارەی راستەقینەی هەموو هێزە سیاسیەكان لە هەڵبژاردنی دوای ئەو سەرژمێرییە دەردەكەوێت

 

ساڵی 2020 سەرژمێری گشتی لە عیراق و لە كوردستان دەكرێت. قەبارەی راستەقینەی هەموو هێزە سیاسیەكان لە هەڵبژاردنی دوای ئەو سەرژمێرییە دەردەكەوێت، چونكە ناوی ئاوارەو دوبارە و مردوو لە سەرژمێری تۆمار ناكرێن و تۆماری دەنگدان ئەوكاتە پاك دەبێتەوە. یەكێتیی دەرفەتی ئەوەی دەبێت پێگەی لە هەڵبژاردنەكان بەرزبێتەوە. بەڵام ئەگەر بەم جۆرە مامەڵە لەگەڵ هەولێر و كەركوك و بادینان بكات، مەعلومە چی دەچنێتەوە؟ پێشنیاز دەكەم یەكێتیی بەچاوێكی وردتر داهاتوو هەڵسەنگێنێ‌ و ئەو پۆستانەی وەك بەركەوتەی هەڵبژاردن لە بەغدا و لە هەولێر وەریان دەگرێت لەسەر بنەمای ناوچە جیاجیاكان پڕیان بكاتەوە.
پۆستەکانی یەکێتی کە وەریگرتون بەشی ئەوە دەكات بە شێوەیەكی هاوسەنگ رۆڵ و بەشداری هەر پێنج پارێزگاكەی كوردستان لەبەرچاو بگرێت

 

ئێستا ئەوەی لە هەرێمی كوردستان وەریگرتوون 12 پۆستن، سەرۆكی پەرلەمان و جێگر سەرۆكی هەرێم لەگەڵ 10 وەزیر. جێگری سەرۆك وەزیران و شەش وەزیر، بەرپرسی دوو دەستە بە پلەی وەزیر، سەرۆكی ئاسایش بەپلەی وەزیر. ئەمە جگە لە چەند بریكاری وەزارەتێكی گرنگ و چەند دەستەیەكی تریش. بەشی ئەوە دەكات بە شێوەیەكی هاوسەنگ رۆڵ و بەشداری هەر پێنج پارێزگاكەی كوردستان و ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین لە جۆری وەزارەت و دەستەكان بەپێی تایبەتمەندی ناوچەكان لەبەرچاو بگرێت. بۆ نمونە دەستەی ناوچە كوردستتانیەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان كە پلەكەی وەزیرە، هەروەها ئەو وەزارەتەی بڕیارە لە كابینە زیاد بكرێت بۆ هەماهەنگی و پەیوەست بە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، ئەم دوو پۆستە بەر یەكێتیی كەوتوون و سروشتی كارەكانیان كەركوك و ناوچە كوردستانیەكانی ترە، هەق وایە ئەم دوو وەزارەتە بدرێن بە كەركوك.

ئەگەر یەكێتیی وابكات ئەم پۆستانە بەجۆرێكی دادپەروەرانە لە نێوان پارێزگاكان دابەش بكات بەدەر لەوەی خزمەت بە حیزبەكەی خۆی دەكات، لە هەمانكاتدا وادەكات ناوچە جیاجیاكان نوینەریان لە جومگە گرنگەكانی حوكمڕانی هەبێت، رەنگە پارتی و گۆڕانیش ناچار بكات ئەوانیش وابكەن كە هەموو پارێزگاكان لە كابینەی حكومەت بەشدار پێبكەن، بەمەش حكومەتێكی سەرتاسەری دروست دەبێت. هەر پارێزگایەك هەست دەكات بەشدارێكی كارایە لە حوكمڕانی. بۆ نمونە ئەگەر هەریەك لە پارتی و یەكێتیی و گۆڕان كەسێكی هەڵەبجەیی بكەن بە وەزیر، ئەوكات كابینەی حكومەت سێ‌ هەڵەبجەی تیا دەبن. ئەمە بۆ دهۆك و كەركوك و هەولێر و سلێمانیش گرنگە. هەر پارێزگایەك بە ژمارەیەك وەزیر لە حكومەتدابێت زۆرتر تێكەڵ بە كێشە و پێداویستی خەڵك دەبن و لە هەر پارێزگایەك تیمێك لە ئاستی وەزارەت بوونیان دەبێت. دووریش نیە بۆ كابینەكانی داهاتووی حكومەتیش ببێت بە نەریت كە لە هەموو كابینەیەكدا پێویستبێت بەشداری هەموو پارێزگاكان لەبەرچاو بگیرێن

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP