جەنگ لە نێوان ئێران و ئەمریکا رودەدات یان نا؟

احمد سید عمر - 13-05-2019 - 27421 جار خوێندراوەتەوە

ترەمپ لە هەفتەی رابردوو گەڕێکی تری سزاکانی سەر ئێرانی راگەیاند! کەبریتیە لەمامەڵەنەکردنی وڵاتان لەگەل ئێران تایبەت بەکرینی  نەوتی ئێران و  مامەڵەی مس و کانزاو ئەلەمنیوم ...! بەپێچەوانەوە سزای ئابوری توند بەسەر ئەو وڵاتانەدا دەسه‌پێنێت كە پێچەوانەی بڕیارەکە ئەمەریکا هەنگاو دەنێن.

ئەمەریکا کار بۆ پرۆژەکەی دەکا نەک روخانی ئێران

لەدوای دەرکەوتنی داعش، ئێران توانی له رێگای هێزەکانی نزیک لە خۆی هەژمون بەسەر ئەفغانستان و تاجیكستان تا و یەمەن و لیبیا و لوبنان و فەلەستین و سوریا کەمێک لە بەحرەین هەژمونی خۆی بسەپێنێ ، ئەمەش گەورەترین مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل و ناشتنی پرۆژەکەی ئەمەریکا کە بریتیە لەپرۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە لە ساڵی ٢٠٠٢ لەسەردەمی جۆرج بۆشدا ڕاگەیەنرا، ئامانجی پرۆژەكە داڕشتنەوەی سنوری وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەپاندنی هەیمەنەی ئەمەریكاو پاراستنی ئاسایشی وزەو ئاسایشی ئیسرائیلە، بەلام هەژمونی ئێران بۆتە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا .

ئەمەریکا لەئێستادا ئامانجی چیە؟

ئامانجی ستراتیژی نوێ  ئەمەریكا بریتییە كۆنترۆڵكردنی دەریاچە ئاویە جیهانیەكان، بەتایبەت گەروی هورمزو باب المندب بۆ كۆنترۆڵكردنی بازرگانی جیهانی بەتایبەت بازرگانی نەوت، گەروی هورمز ناوەندێکە بۆ گەیاندنی سوتەمەنی بۆ رۆژ ئاوا بۆیە کەهەمیشە لە لایەن ئێران گەروی هورمز بۆتە چەکێک بەدەست ئێرانەوە بۆ هەرەشەکردن له ئەمەریکا! بەئاراستەیەکی تر فشارەکانی ئەمەریکا بۆ دانانی سنورێکە بۆ کوی ئەم وڵاتانەی کەڕەتیانكردنەوە پابەندبێت بەسزاكانی ئەمەریكاوە بەتایبەتی چین ،بەشیکی تری ئامانجەکە ترسی ئەمەریکا لە گەیشتنە بەچەکی ئەتۆمی بەپێی راپۆرتی ناوەندەکانی ئیسرائیل لەمانگی رابردو ئێران بەشێوەیەکی زۆر خێرا بەرێژەی لەسەدا 20بۆ 25 پیتاندنی یۆرانیۆمی بەرزکردۆتەوە !

پرۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە ساڵی ٢٠٠٦ هەندێك گۆڕانكاری تێدا كراو لە ژێر ناوی پرۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ، لەچوارچێوەی پرۆژەکەدا سنوری ئیسرائیل بۆ دو هێندە فراوان دەكرێت و بەشێكی خاكی ئەردەن و فەلەستین و میسر دەخرێتە سەر سنوری ئیسرائیل و لە هەمانكاتدا ئەمەریكا بە بیانوی هاوپەیمانی دژی ئێرانەوە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی ناچاردەكات پەیوەندیەكانیان لەگەڵ ئیسرائیل دا ئاسایی بكەنەوەو بەوەش ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل بەتەواوی پارێزراو دەكات .

دەکرێت دیوەکەی تر راست بێت، کۆی ئەم هاشوهوشە  پەیوەستە بە بانگەشەی پێشوەختی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەمەریكاوە كە ترەمپ ئامانجیەتی وای نیشان بدات بەهێزی ئێران دەبێتە بەربەستێکی گەورە لەبەردەم بەرژوەندییەکانی ئەوروپا بەگشتی ئەمەریکا بەتایبەتی، وەک کورد وتەنی ترەمپ ئامانجیەتی رۆلی پاڵەوان بگێری بۆ ڕاکێشانی هەست و دەنگی شەقام.

کورد چۆن ئەتوانێت سود، لەم گرژیانە ویاریه وەربگرێت؟

له دوای ریفراندۆم هەست بەوە دەکرێت کەوا حکومەتی عێراق نەرمی زۆر دەنوێت بەرامبەر کورد بەتایبەت لەبابەتی ناردنی بودجە و نەرمی نواندن بەئاراستەی ئەوەی کە کورد هۆکارێکە بۆ  تەواو نەبوونی کابینەی نوێ ، ھۆکارێکی تری نەرمی عێراق ئەگەرێتەوە بۆ ئابلوقەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران، عێراق رۆژانە و ساڵانە بڕێکی ئیجگار زۆر غاز و نەوت و کارەبا دەکرێت لە ئێران دوای دانانی خەتی سوری ترەمپ بۆ ماڵەمەکردن لەگەل ئێران باشترین دەروازە بۆ دابینکردنی غاز و کارەبا هەرێمی کوردستانە بەتایبەتی دوای هاتنی گەرما عێراق رۆژانە پێویستی بەغازێکی زۆرە بۆ دابینکردنی کارەبا بەئامانجی دوبارە نەبونەوەی گرژیەکان دروست نەبوونەوەی خۆپیشاندان ، لەبەرامبەر پێویستە کورد بە پاکێجێک خۆی ئامادە بکا بەئامانجی گەرانەوەی مافەکانمان لەبەرامبەر کۆمەک کردنیان.

تورکیا یەکێک لەم وڵاتانەی کە رو دەکاتە هەرێم،  بۆ دابینکردنی غاز و نەوت. ئەوەی جێگای هەڵوەستە لەسەر کردنە، لەمێژووی کورد زۆرجار هەلی وای بۆ رەخساوە یان خیانەت یان نەخوێندەواری سەرکردەکانی کورد هۆکار گەلێک بونە بەئاراستەی ئەوەی کە نە توانن  زۆرترین بەرژوەندی بۆ میللەتەکەیان دەست بەربکەن. 

ئێران دەستەوەستان نابێت بۆ رزگارکردنی وڵاتەکەی لەتارمایی ئابلوقەکانی ئەمەریکا، بۆیە ڕەنگە فشار لەسەر ھەرێمیش بکات بەئامانجی سوککردنی سزاکان لەسەر خۆی ، بۆیە لەسەر حکومەتی ھەرێم پێویستە خۆی ئامادە بکات بۆ کەمکردنەوەی فشارەکانی سەری بۆ ئەوەی نەکەوێتە نێوان بەرداشەکانەوە.

لەکۆتایدا پێویستە بلێم بەپێی هەموو خوێندنەوەکانی ناوەوەی ئەمەریکاو وڵاتانی رۆژئاوا، بۆ ئێستا بژاردەی شەر بژاردەیەکی لاوازە، کورد ووتنی گەر (ئێران خۆی چاڵ بۆ ناشتنی خۆی هەڵکەنێت) گەرنا ئەمەریکا نیازی جەنگی نیە بۆ ئێستا داواکاری بۆ پەیوەندی کردن لەلایان ئێرانەوە بۆ ترەمپ دەرخەری ئەوراستیە کەوا ئێمە ئامادەین بۆ سەرمێز و گفتوگۆ.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP