ده‌وڵه‌تمه‌دار بڕوا، بڕوانامه‌ ئه‌خلاق

فارس نەوڕۆڵی - 12-05-2019 - 3008 جار خوێندراوەتەوە

سیاسه‌ت واته‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ واقیعێكدا كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندى باڵاى نیشتیمان و چاكه‌ى گشتى دا ، به‌ڵام ئه‌وه‌ى هه‌ندێك كه‌س و لایه‌ن مماره‌سه‌ى ده‌كه‌ن فۆڕمێكى شێواوه‌ له‌ سیاسه‌ت و ته‌نها بۆچاوبه‌ستن و شێواندنى ڕاى گشتى یه‌ ،دواى ڕێكه‌وتنى لایه‌نه‌ براوه‌كانى هه‌ڵبژاردن دواى گفتوگۆیه‌كى دوورودرێژ گه‌یشتنه‌ ڕێكه‌وتن بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت و كاراكردنه‌وه‌ى یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم، په‌رله‌مان كۆبوونه‌وه‌ى خۆى ئه‌نجامدا، به‌زۆرینه‌ى ده‌نگ یاساى سه‌رۆكایه‌تى په‌سه‌ند كرا، چه‌ند لایه‌نێك كه‌ به‌ژدارنین له‌ حكومه‌ت یان فه‌رموویان لێ نه‌كرابوو ده‌نگیان نه‌دا، له‌هه‌مان كاتدا هه‌ندێ كه‌س لێره‌و له‌وێ كه‌وتنه‌ ته‌قه‌ به‌ بیانوى جیاجیا، هه‌ندێك به‌بێ تێگه‌یشتن له‌ ئه‌ركى فه‌رمانڕه‌واو فه‌رمانڕه‌وایه‌تى وتیان سه‌رۆكى حكومه‌ت و هه‌رێم بڕوانامه‌ى نیه‌، من پرسیارم نه‌كردووه‌ بزانم به‌ڕێز (نێچیره‌وان بارزانى) ئه‌و ماوه‌یه‌ى له‌ ئێران بووه‌ خوێندویه‌تى یاخود ن ، به‌ڵام ده‌زانم فارسیه‌كى باش و ئینگلیزیه‌كى باش قسه‌ ده‌كات، بۆیه‌ ده‌مه‌وێ به‌وانه‌ بڵێم كه‌ ئێوه‌ ته‌نها بۆ خۆ ده‌رخستن، به‌رده‌وام بارى ده‌رونى خه‌ڵك ده‌شێوێن ، ئه‌وانه‌ به‌ ئیحساس قسه‌ ده‌كه‌ن نه‌ك به‌ ئه‌قڵ ئه‌مه‌ش بۆ تێكدانى ئیحساسى خه‌ڵكه‌.
وه‌زیره‌كانى حكومه‌ت له‌ یه‌كێتى و گۆڕان و یه‌كگرتو و كۆمه‌ڵ ئه‌و شاهیدیه‌ ده‌دده‌ن، كه‌ (نێچیره‌وان بارزانى) ئه‌ندازیارى دروستكردنه‌وه‌ى متمانه‌ بو

 

له‌ ڕاستیدا ده‌كرێ ئه‌مه‌ ناو بنێین جه‌هل به‌خود، ئه‌گینا ئه‌وانه‌ش ئه‌و قسانه‌ ده‌كه‌ن ده‌زانن (نێچیره‌وان بارزانى) په‌كى له‌سه‌ر بڕوانامه‌ نه‌كه‌وتووه‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنى وڵات، له‌ پێگه‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم دا، چونكه‌ ئه‌زمونێكى ده‌وڵه‌مه‌ندى هه‌یه‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردن و دبلۆماسیه‌ت دا، ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ئه‌و ماوه‌یه‌ى (نێچیره‌وان بارزانى) حوكمڕانى  یان سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌تى ده‌كرد په‌یوه‌ندی حزبه‌كان له‌ خراپترین دۆخى بێمتمانه‌یدابوون له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌، ئه‌وه‌ (نێچیره‌وان بارزانى) بوو توانى ته‌جاوزى دۆخى بێ متمانه‌ى بكات و حزبه‌كان كۆبكاته‌وه‌ و دور له‌ نه‌فه‌سى حزبى فه‌رمانڕه‌وای بكات، وه‌زیره‌كانى حكومه‌ت له‌ یه‌كێتى و گۆڕان و یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵ ئه‌و شاهیدیه‌ ده‌دده‌ن، كه‌ (نێچیره‌وان بارزانى) ئه‌ندازیارى دروستكردنه‌وه‌ى متمانه‌ بوو، جگه‌ له‌وه‌ له‌ دواى 16ى ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ هه‌موو كه‌س ڕۆڵى دبلۆماسیه‌تى (نێچیره‌وان)ى له‌به‌ر چاوه‌ كه‌ به‌ بڕوایه‌كى پته‌ و ئیداره‌ى ئه‌و قه‌یرانه‌ى كرد، ئه‌مه‌ ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێ بڕوا له‌ پێش بڕوانامه‌وه‌یه‌، جگه‌ له‌وه‌ له‌ موماره‌سه‌ كردنى دا، تیمه‌كانى چه‌ندان بڕوانامه‌ى به‌رزى تێدایه‌، حاڵه‌تى واش له‌ سیاسه‌ت دا ده‌گمه‌ن نیه‌.

(جۆن مێجه‌رى) سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشووى به‌ریتانیا تا شه‌شى سه‌ره‌تایی خوێندبوو، له‌ لایه‌كى دیكه‌وه‌  به‌ڕێزیان له‌ كابینه‌كانى ڕابردوودا حزبى كوردى نه‌ماوه‌ ده‌نگى پێ نه‌دابێ، بۆ سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت و پێشى ڕازى بوون، كه‌واته‌ دروستكردنى ئه‌م هه‌رایه‌ ته‌نها بۆ بازاڕ گه‌رمى حزبى و نا لۆژیكى، له‌ خوێندنه‌وه‌ى واقع دایه‌، گه‌رنا پرسیارى فه‌لسه‌فه‌ى سیاسى ئه‌وه‌یه‌ چۆن حوكم ده‌كرێ، بۆیه‌ له‌سه‌ر هه‌موو لایه‌ك پێویسته‌ به‌دواى به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵك بن، بۆ چاك كردنى بازاڕ بۆ ڕێككردنى كایه‌ى ته‌ندروست و په‌روه‌رده‌ و خوێندنى باڵا، ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ى په‌یوه‌ندى به‌ ژیانى خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر ڕۆشنایی گیروگرفته‌كانى ڕۆژ قسه‌ بكه‌ن و به‌ دواى جوگرافیا له‌بیركراوه‌كانى ژیان دا بگه‌ڕێن، نه‌ك نه‌زانن چۆن ده‌ستپێده‌كه‌ن و چۆن كۆتای پێدێنن، به‌ مه‌رجێ ئه‌زمونێكى شكست خواردو له‌م باره‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ دژایه‌تى ناڕه‌واى ناوخۆمان كرد، له‌ بیریشتان نه‌چێ ئه‌وانه‌ى پێشتر گوایه‌ بڕوانامه‌یان هه‌بوو سه‌ركردایه‌تى هێز گه‌لى سیاسى یان ده‌كرد، بۆ چاك سازى دیمانن بۆ به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان گه‌یشتنه‌ كوێ و چیان كرد و چۆن شێواندیان و بۆ به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان، به‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵكدا په‌ڕینه‌وه‌.
بڕوانامه‌ گرنگه‌، به‌ڵام بڕوا گرنگتره‌ و سه‌ركرده‌كان پیاوى كردارن نه‌ك بیر، نوخبه‌ بیرى بۆ ده‌كه‌نه‌وه‌ و پێشنیارى ده‌خه‌نه‌ به‌رچاو، ژیانیش وه‌ستایى یه‌ بۆلاى وه‌ستا، هه‌مو لایه‌كیش جێ ده‌ست و په‌نجه‌ى (نێچیره‌وان) ده‌بینن لە سه‌ر روداوه‌كانه‌وه‌ بۆ چاكه‌ى گشتى

ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێم بڕوانامه‌ گرنگه‌، به‌ڵام بڕوا گرنگتره‌ و سه‌ركرده‌كان پیاوى كردارن نه‌ك بیر، نوخبه‌ بیرى بۆ ده‌كه‌نه‌وه‌ و پێشنیارى ده‌خه‌نه‌ به‌رچاو، ژیانیش وه‌ستایى یه‌ بۆلاى وه‌ستا، هه‌موو لایه‌كیش جێ ده‌ست و په‌نجه‌ى (نێچیره‌وان) ده‌بینن له‌سه‌ر ڕووداوه‌كانه‌وه‌ بۆ چاكه‌ى گشتى، بۆیه‌ ئه‌وانه‌ى خه‌ریكى ئه‌م جۆره‌ بازاڕگه‌رمیه‌ن غیابى لۆژیك لاى ئه‌مانه‌ ئه‌سڵى به‌ڵاكه‌یه‌، بۆ داهاتو ئه‌گه‌ر به‌م جۆره‌ سیاسه‌ن بكه‌ن ئیتر خه‌ڵك ڕێگایان لێده‌گرێ و پێیان ده‌ڵێ ئه‌مه‌ كایه‌ى ئێوه‌ نیه‌ ئه‌وه‌ش ئه‌هلى كایه‌ یه‌ك نه‌بێ نابێ ده‌ستكارى بكات و بۆیه‌ وا باشه‌ ئه‌م به‌یته‌ى نالى بخوێننه‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێ:
(كه‌ خاكى خاكى دامه‌ن به‌، 
وه‌گـه‌رنـــا تــۆزێ به‌ربــادى  
كه‌ ئــاوى ئـاوى گه‌وهه‌ر به‌ 
وه‌گه‌ر نا بڵقى ســـه‌رئاوى) 

ڕاسته‌ هه‌موو ڕه‌خنه‌گرتنێك بۆ ڕاستكردنه‌وه‌ بێت ده‌بێ هه‌موو لایه‌ك ڕێزى بگرن و جیاوازییه‌كانمان به‌ خستنه‌ ڕووى ئه‌رگۆمێنت به‌ڕێوه‌به‌رین وه‌ك وڵاتانى پێشكه‌وتوو، ئه‌مه‌ش به‌وه‌ ده‌بێ خۆمان له‌ ڕق و كینه‌ داماڵین ئه‌گینا بۆ نا، ئێمه‌ش وه‌ك میلله‌تان به‌ لۆژیك بیربكه‌ینه‌وه‌ و موماره‌سه‌ى ڕه‌خنه‌ و ڕه‌خنه‌سازى له‌ چوارچێوه‌ى دیموكراسى دا به‌ڕێوه‌ به‌رین، ئه‌مه‌ جائیزترین كرداره‌ ئه‌نجامى بده‌ین نه‌ك به‌ ڕق و كینه‌ ئیداره‌ى بده‌ین، وه‌ك حه‌مدى ده‌ڵێ:
(هه‌ڵپه‌ڕكێ جایزه‌ بۆ كوردان 
بــێ قـــه‌زابـێ ڕه‌حـمـــه‌خــان 
نـــــایــه‌ڵــێ هـــــه‌ڵـپه‌ڕیــــن) 

بۆیه‌ باشتر وایه‌ بواربده‌ین سیاسه‌ت به‌ دۆخى سروشتى خۆیدا تێپه‌ڕێ و به‌ گه‌مه‌ى بچوكه‌وه‌ میلله‌ت سه‌رقاڵ مه‌كه‌ن، دواجار هه‌موشمان ده‌زانین له‌ واقیعدا بۆ ده‌وڵه‌ت مه‌دارى بڕواو ئه‌خلاق پێش بڕوانامه‌یه‌.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP