قومار بە موچەی خەڵکەوە مەکەن

سلێمان عەبدوڵا یونس - 11-05-2019 - 59901 جار خوێندراوەتەوە

نوێترین لێدوانی وەزیری نەوتی عێراق کە وتی: جگە لەشایستەی‌ 4 مانگ بەغدا هیچ پارەیەکی‌ دیکە بۆ هەرێم نانێرێت ھەتا نەوت ڕەوانە نەکات، ناکرێت ھەروا سەرپێی بەسەر بەرپرسانی ھەرێم بەتایبەت بەسەر مەسرور بارزانی کە چاوەڕێکراوە سەرۆکی کابینەی داھاتوی ھەرێم بێت تێپەڕ بکات.

ئەوانەی دەڵێن ھەرێم نەوت ڕادەستبکات یان نەکات بەغدا ھەر پارە دەنێرێت لە باشترین حاڵەتدا قسەکەیان ھەر بۆ بودجەی ئەمساڵ راستە، دەی باشە واخەریکە نیوەی ساڵی دارایی تێپەڕدەکەین ئەی دوای ئەم 6 مانگە بۆ ساڵی دارایی نوێ چی؟

بەپێی زانیاریەکان ڕۆژی چوارشەممە عادل عەبدولمەھدی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی ئەنقەرە دەکات و یەکێک لە خاڵە سەرەکیەکانی سەردانەکەش بابەتی گرێبەستە 50 ساڵی و قەرزەکەی ھەرێم و ئەنقەرەیە، کەڕێگرە لەوەی ھەولێر بتوانێت نەوتەکەی ڕادەستی بەغدا بکات، ئەوەش مانای ئەوەیە ئەوبابەتە تەنگی بە عێراق ھەڵچنیوە و سەرۆک وەزیران لەبەردەم دوڕیان و بڕیارێکی قورسدایە.

باشترە بەڕێوەبەرانی ھەرێم بزانن لەدوای قسەکانی وەزیری نەوت و ئەو سەردانەی عەبدولمەھدی بۆ ئەنقەرە پێشھاتی نوێ دێنە پێشەوە، کە گرنگە ھەرێم چاوی خۆی لەئاستیاندا بکاتەوە، چونکە ھەرکەسێک لای وابێت بەغدا بەخۆڕایی و بەبێ ڕادەستی نەوتەکەی کە ڕێکەوتنی لەسەر کراوە مانگانە بێ گرفت پارە بۆ ھەرێم دەنێرێت ئەوە یان گەمژەیە یان حەرامزادەیەکی سیاسیە و چاوی بڕیوەتە ڕوخانی ھەرێم و داتەپینی پێشوەختەی کابینەی نۆیەم و قومار بە باری دارایی ھەرێم و موچەی خەڵکەوە دەکات.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP