نە ھاشوھوشی دوێنێتان، نە فعلی ناپەسەندی ئەمرۆتان.

جەمال حسێن - 8-05-2019 - 1560 جار خوێندراوەتەوە


دوێنێ دنیاتان پڕکردبوو لەھەڕەشەو پلانی عەین و غەین، ئێستا دەرکەوت شەڕەکەتان بۆ (ھیچ) بوو.
دوێنێ لەچاوتاندا ئێمە و مانان خایین و ترسنۆک بوین، دەرکەوت ئێوە پاڵەوانی کاغەزیی بون. ئاخر ئەوکاتەی ئێوە لەسەرەدابوون تا لەشاشەی تیڤیەکانەوە قسەی گەورەبکەن، من سەیری سپۆنج بۆبم دەکرد، کاتێکیش لەکۆرو کۆبونەوەکان دەردەکەوتن، من خەوتبووم. 


ئەوەمن و ئەوەش ئێوە، ماوەیەکی تر شتێک دەکەن بەبیانوو، پاساوێکی تری درۆزنانە دەدۆزنەوە تاجارێکی تر گاڵتە بەخۆیان و بەھەندێکی تر بکەنەوە، کەدوێنێ بڕوای پێکردبوون. ئێ خۆھێشتا ئەقڵیەتی پۆپۆلیستی تێر نەبوە لەدروشمەکانی ( چاکەی گشتی) و ( بەرژەوەندی باڵا) و ( خزمەتکردنی گەلەکەمان) و ( بەدیموکراسی کردنی سیستەمی سیاسی) و دروشمی تری بەتاڵ. 

سەیر ئەوەیە بەپێچەوانەی ھەموو دنیا، پۆپۆلیستی بەڵایە بۆسەری ئەوانەی نوێنەرایەتی دەکەن، لەکاتێکدا لەشوێنانی تر مەترسییە بۆسەر دەسەڵاتداران. ئەوانەی قسەی گەورەو ھەرەشەی زبرو پەنجەیان رادەوەشاند، ئێستا لەھەموان زیاتر لەسەرەی ھەمان شاشەی تیڤی دوێنێ وەستاون، بۆ شیکردنەوەو تەفسیر.


کاتێکیش دەڵێم پۆپۆلێست، ھیچ کات مەبەستم ھێزێک یان گروپێکی دیاری کراونییە، بەڵکو ئەوئاراستە وێران کەرو ترسناکەیە کەلەھەموو ھێزەکاندا زۆرو کەم بونی ھەیە. ئاراستەیەک درۆزن، زۆر بەئاسانی یاری بەمیزاجی خەڵک دەکاو ھەر رۆژەی بەبیانویەک و بۆمەبەستێک خۆی دووبارەدەکاتەوە.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP